عەلی كەریم
خولی تۆپی پێی یانە موحتەریفەكانی ئەمریكا (MLS) ساڵی 1993 دامەزراوە، ساڵی 1996 گۆڕدرا بۆ ئەم شێوارزەی ئێستای كە ساڵی پار (27) یانە تیایدا بەشداربوون، لەوانە (24) یانە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و (3) یانەش لە كەنەدا، 27 یانەكە (14) یان لە ناوچەی خۆرهەڵات و (13) یانەکەی تریش لە ناوچەی خۆرئاوا بوون، ئەم خولەش ساڵانە مانگی شوبات دەستپێدەكات و تا مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك بەردەوام دەبێت.
خولی پیشەگەران
ئەم خولە (MLS) هەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە چەندین یاریزانی ناسراو و ئەفسانەی بۆ لای خۆی راكێشاوە، سەرەتا یاریزانی ناودار و پاشای تۆپی پێ پیلیە بوو كە (1975تا1977) لەگەڵ یانەی كۆزمۆس یارییكردووە، دواتر قەیسەری ئەڵمانی فرانز پیكنپاوەر و كارلۆس ئەلبیرتۆی بەرازیلی لە هەمان یانە و یۆهان كرۆیف لە یانەی لۆس ئەنجلس و واشنگتن دیبلومات یاری كردووە ، دواتر جۆرج بێست لە مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە چووە هەمان خول و قەناسی ئەڵمانی گێرد مۆلەریش چووە یانەی (فۆرد دەیل لاودەر) لە میامی.
مێسیی ئەفسانە
لەم رۆژانەی دواییدا ئەفسانەیەكی تری تۆپی پێ لەگەڵ یانەی مەیامی بینرا، سەرەتا وەك یاریزای یەدەك و پاشان لە تایمی دووەمدا بەشداریی یارییەكەبوو، ئەویش لیۆنێل مێسی - بوو.ئەم یاریزانە لە دەقیقەی (92) ی یارییەكەدا توانی گۆڵی سەركەوتنی مەیامی بەرامبەر كروز ئازولی مەکسیکی 2-1 لە پاڵەوانێتی جامی خولەكاندا بە لێدانی راستەوخۆ بكات كە خۆی بەم جۆرە لێدانانە ناسراوە.
گومان لەوەدا نییە كە چوون و هەڵبژاردنی میسی بۆیانەی ئینتەر میامی ئەمریكا زۆر گرنگە، ئەو پێویستی بە پیاهەڵدان نییە ، چونكە بردنەوە و جوانی تۆپی پێ و چێژی یاریی واتا مێسی.
ئەو توانیویەتی لە ژیانی وەرزشی خۆیدا 7 جار باڵۆن دۆر بباتەوە، ئەمەش ریكۆردێكە بە ناوی خۆیەوە، لە ژیانی ئیحتیرافی خۆیدا 800 گۆڵی زیاتر تۆماركردووە ، ئەمە جگە لە بردنەوەی 34 نازناو لەگەڵ یانەی بارسیلۆنای ئیسپانی، لەنێویاندا 10جامی خولی ئیسپانیا و 7 جامی شا و چوار جامی چامپیونس لیگ لە نێوان ساڵانی 2004 تا 2021 دا.
پێش ئەوەی بچێتە ئەم یانە ئەمریكییە، چووە یانەی پاریس سان جیرمانی فەرنسایی، لە دووساڵدا لەم یانەیە، دوو جار جامی پاڵەوانی خولی فەرەنسای بەرز كردۆتەوە، لەگەڵ وڵاتەكەشی توانیوتی 175 یاری نێودەوڵەتی بكات، 103 گۆڵی بۆ بكات كە ئەمەش ژمارەی پێوانەییە.
لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجنتین ساڵی 2004 بوون بە پاڵەوانی مۆندیالی لاوان، ساڵی 2021 جامی كوپا ئەمریكا و دواتر ساڵی رابردوو بینیمان بە سەركەوتویی و بە پشتیوانی ئەو ئەرجەنتین دوای 30 ساڵ چاوەڕوانی، بووەوە بە پاڵەوانی مۆندیالی 2022 لە قەتەر .
خولی ئەمریكی
گومان لەوەدا نییە خولی تۆپی پێی یانە موحتەریفەكانی ئەمریكا (MLS)بە بەشداریكردنی میسی گۆرانكاری میژوویی بە خۆیەوە دەبینێ و ئاستی خولەكە دەگۆڕڕیت.
ئەم یاریزانە ئەفسانەیە بڕە پارەیەكی خەیاڵی كە 400 ملیۆن دۆلاری ساڵانەی یانەی هیلالی سعودی بوو رەتكردەوە، وەك خۆی ووتی ئامانجم لە رەتكردنەوەی ئەو بڕە پارەیە و هاتنم بۆ ئەمریكا دەرباز بوونە لە گوشارەكانی سەرم و دەمەوێت ئەم چەند ساڵەش دوور لە یاریگاكانی ئەوروپا و گوشارەكانی خولەكانی ئەو وڵاتانە بژیم و خۆم بۆ خێزانەكەم تەرخان بكەم چونكە ئەوان لێرە ئاسودە ترن لە شارەكانی تری ئەوروپا.
خولی خانەنیشنەكانە
خولی ئەمریكا لەم ساڵانەی دواییدا پێشكەوتنی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، بە سپۆنسەركردن و راكێشانی یاریزان و ئەستێرە ناودارەكانی جیهان بەناوبانگتر بووە، دیارترین ئەستێرە ناودارەكان دوا وێستگەی خانەنشینی ژیانی وەرزشیی خۆیانی تیادا بەسەر دەبەن، پێشتر ئەستێرە ناودارەكانی وەك دێڤید بیكهامی ئینگلیزی كە ساڵی 2004 بووبە خاوەنی یانەی ئینتەرمیامی، هەروەها واین رۆنی و فرانك لامپارد و ستیڤن جیرارد و زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و تێری هێنری و كاكای بەرازیلی و داڤید ڤیای ئیسپانی و ئەندریا پیرلۆی ئیتاڵی و باستیان شڤاینتشتایگەر و دروگبا و هیگواین و گاریس بێڵ و بەم دواییەش پاش مێسی هەردوو یاریزانی بارسیلۆنا بۆسكێتس و جۆردی ئەلباش چوونە پاڵ مێسی لە یانەی ئینتەر میامی.
دەستكەوتە ئابوورییەكان
لە رووی ئابوورییەوە مێسی پشكی دەبێ لە سپۆنسەركردنی کۆمپانیاکانی (ئەپڵ) و (ئەدیداس) و وەك یاریزانە پیشەگەرەكانی پێشوو پشكی باشی دەبێت، هەروها پەیوەست دەبێت بە ریكلام كردن بۆ مۆندیالی ساڵی 2026 كە ئەمریكا بە هاوبەشی لەگەڵ كەندا و مەكسیك رێكیدەخەن.