د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی بارودۆخی گشتیی وڵات و گرنگی بەڕێوەچوونی كارەكانی هەموو دامەزراوەكان كرا بۆ پشتگیریكردنی هەنگاوەكانی حكومەت لە جێبەجێكردنی پلانەكانی كارنامەكەیدا، بەتایبەتی كارە لەپێشینەكانی لە باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی، بەشێوەیەك كە پاڵنەرێك بێت بۆ پەرەپێدانێكی بەرفراوان لە هەموو كەرتە گرنگەكاندا.
لەمیانی پێشوازیشی لە عەون زیاب وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، باس لە بارودۆخی ئاو و چارەسەركردنی كاریگەرییەكانی كەمیی ئاو لە وڵاتدا كرا.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار، گرنگی هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ وڵاتانی خاوەن سەرچاوەی ئاو روونكردەوە بۆ زیادكردنی رێژەی بەردانەوەی ئاو و بەردەوامبوون لە هەوڵەكان لەسەر ئاستی هەرێمی بۆ پاراستنی پشكی دادپەروەرانەی ئاو بۆ عیراق.
جەختیشیكردەوە لەسەر بەدواداچوونی بەردەوام بۆ دروستكردنی بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو و چارەسەركردنی گرفتەكانی وشكەساڵی، بەبیابانبوون، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و سەرپێچیكردن لەسەر پشكی ئاو، تەئكیدیشیكردەوە لە پێویستیی باشتركردنی بەڕێوەبردنی ئاو و رێگریكردن لە بەفیڕۆدان و بەكارهێنانی بۆ هەردوو مەبەستی كشتوكاڵ یان بەكارهێنانی راستەوخۆ، هەروەها دەستپێكردنی هەڵمەتی هۆشیاری میدیایی لەو رووەوە. لای خۆیەوە، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، بەردەوامی هەوڵە بێوچانەكانی وەزارەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی پەیوەندیدار بە دۆسێی ئاو دووپاتكردەوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی دادپەروەرانە لە سیاسەتی ئاودا، كە دەستەبەری مافەكان بكات و پاراستنی ژیان و ژینگە و بەرژەوەندیی هاوبەش بۆ هەموان رەچاوبكرێت.