مەكتەبی سەرۆكی حكومەت مقاتەعەی میدیاکانی سلێمانی كردووە

07:47 - 2022-05-12
کوردستان
423 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دوێنێ لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی پارتی و چەند دەزگایەكی عەرەبی سازكرد. نووسینگەی سەرۆكی حكومەت ئەمجارە و بۆ ئەم كۆنگرە رۆژنامەوانییە دەزگاكانی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەو دەزگایانەی لە سلێمانین بانگهێشت نەكرد، ئەمەش تۆخكردنەوەی فشارەكانی پارتییە بۆ سەر سلێمانی و تەنانەت دەزگا راگەیاندنەكانی سلێمانیش.

كەناڵەكانی سنووری سلێمانی و بەتایبەتی یەكێتی، بەشداری كۆنگرەكە نەبوون.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ كۆنگرەكەی تەنها بۆ كەناڵەكانی خۆی و سێبەرەكانی حزبەكەی و سنووری زۆنی زەرد و چەند كەناڵێكی دیاریكراو بوو. رێگەی نەدا كەناڵەكانی یەكێتی و سنووری سلێمانی بانگهێشتی كۆنگرەكە بكرێن.
لەبارەی كۆنگرەكەوە، كە تیایدا سەرۆكی حكومەت، باسی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق، كرد. لێپرسراوی نووسینگەی هەولێری گەلی كوردستان و كەناڵی كەركوك و كوردسات و دەزگاكانی دیكەی یەكێتی لە هەولێر، بە PUKmediaیان راگەیاندووە: بۆ كۆنگرەكەی سەرۆكی حكومەت بانگهێشتنامەیان بۆ نەبراوە و ئاگادارنەكراونەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە كە بۆ كۆنگرەكانی پێشووی سەرۆكی حكومەت بانگهێشتكراون و ئامادەییان هەبووە.

رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان: نیگەرانین لەو جۆرە پێشێلكارییانە و بە دەرچوون لە یاسا بەركارەكانی دەزانین
هەر سەبارەت بە بایكۆتكردنی كەناڵەكانی سنووری سلێمانی و بەتایبەتیش كەناڵەكانی یەكێتی، رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، لە راگەیەنراوێكدا تەئكیدی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە «وەك رێكخراوی پەیامنێران  بۆ ماف و گەشەپێدان، ئەم كارەی سەرۆكی حكومەت بە پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان دەزانین و پێشمانوایە نەدەبوو ئەم پێشێلكارییە بەسەر سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕێت».
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: مەسرور بارزانی، بۆ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی رۆژی 11/5/2022 جگە لە دەزگا راگەیاندنەكانی نزیك لە خۆیان و هەندێ كەناڵی عەرەبی، هیچ دەزگایەكی تری بانگ نەكردبوو. بۆ ئەو كارەش داواكارین لە سەرۆكی حكومەت بەدواداچوونی جدی بكات لەسەر ئەو جیاكارییەی بەرامبەر بە دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان كراوە. «ئێمە لە رێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان نیگەرانین لەو جۆرە پێشێلكارییانە و بە دەرچوون لە یاسا بەركارەكانی كاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستانی دەزانین».

جێگری نەقیبـی رۆژنامەنووسان: بایكۆتكردنی ژمارەیەك كەناڵی راگەیاندن شكاندنی یاسایە
هەر سەبارەت بەو كارەی بەرامبەر ژمارەیەك كەناڵی راگەیاندن كراوە، بژار حەكیم جێگری نەقیبـی رۆژنامەنووسانی كوردستان، دەڵێت: بەداخەوە لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی سەرۆكی حكومەت، ژمارەیەك دەزگای دیاری راگەیاندن بانگهێشت نەكراون. ئەوەش شكاندنی پرەنسیپی كاری رۆژنامەوانی و پێشێلكردنی یاسای كاری رۆژنامەوانییە. «دەزگاكانی راگەیاندن مافی خۆیانە زانیاری وەربگرن و رووماڵی كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكان بكەن».
جێگری نەقیبـی رۆژنامەنووسانی كوردستان، تەئكیددەكاتەوە كە ئەم رووداوە جێی نیگەرانیمانە و جیاكارییەكی زەقە لەنێوان دەزگاكانی راگەیاندندا، داواش لە فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەت دەكات بەیەكسانی مامەڵە لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندندا بكات.

سەنتەری میترۆ: كۆنگرەی رۆژنامەنووسیی سەرۆكی حكومەت، كۆنگرەیەكی گشتییە و تایبەتە بە حكومەت، نەك پارتی
لە لێدوانێكیشدا، رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ، رایدەگەیەنێت كە ئەو جیاكارییەی بەرامبەر بە میدیاكانی یەكێتی دەكرێت لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە، شایەنی قبووڵكردن نییە.
رێكخەری سەنتەری میترۆ، لە لێدوانەكەیدا بۆ دەنگی گەلی كوردستان، دووپاتیدەكاتەوە كە «بانگهێشت نەكردنی كەناڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سنووری سلێمانی لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەی، بابەتێكی تەواو جیاكاریی میدیاییە و رێگریی دەكات لە گواستنەوەی زانیارییەكان بۆ هاووڵاتیان. وتیشی: كۆنگرەی رۆژنامەنووسیی سەرۆكی حكومەت، كۆنگرەیەكی گشتییە و تایبەتە بە حكومەت، نەك پارتی، بۆیە بە هەموو شێوەیەك دژی ئەو كردارەی سەرۆكی حكومەتین، چونكە بۆی نییە بە ئارەزووی خۆی كام كەناڵەی بووێت بانگهێشتی بكات، ئەوەشی نەیەوێت بانگهێشتی نەكات و رێگرییان لێبكات.

״ئەدی كوا یاسای پێدانی زانیاری؟״
هەر تایبەت بەو باسە، عەدنان حسێن حەسەن نووسەر و رۆژنامەنووس، لە پۆستێكدا نووسیویەتی: كۆنفرانسی رۆژنامەنووسی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، تەنها میدیاكانی پارتی و شەریكەكانی تێیدا بەشداربوون. لەوبارەیەشەوە دەپرسێت: مەبەست لەم رێگرییە چییە؟ ئەدی كوا یاسای پێدانی زانیاری؟ یان یاساكان تەنها لەسەر خەڵك جێبەجێ دەكرێت؟.

بابەتە پەیوەندیدارەکان