یەکێتی واحید
چاوپێکەوتنی/ هاوژین عەبدولواحید
شوێنەوار سامانێکی گەورەی نیشتمانییە لە هەموو وڵاتێکی جیهاندا بە بەشێکی گرنگی شارستانیەت هەژمار دەکرێت، هەمیشە وتراوە «هەر گەلێک رابردووی نەبێت داهاتووشی نابێت» هەربۆیە لە هەموو روویەکەوە پاراستن و گرنگیپێدان بەم کەرتە یەکێکە لە ئەرکە هەرە گرنگ و پیرۆزەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لە دیدارێکدا لێپرسراوی فەرماندەی شوێنەواری کۆیە «یەکێتی واحید» مان دواند و باسی لە گرنگی و پاراستنی شوێنەوار کرد.
شوێنەوار چییەو گرنگی لە چیدایە؟
شوێنەوار بریتییە له هەر پارچەیەکی گوازراوە و نەگوازراوە کە بەهایەکی مێژوویی گرنگی هەبێت یاخود بەپێی سەرچاوەی باش مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو سەدە پێی دەوترێت شوێنەوار، لە هەموو جیهانیشدا گرنگییەکی تایبەت بەخۆی هەیە و پێشتر بەداخەوە لە کوردستان وەک پێویست ئاوڕی لێنەدەدرایەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا خۆشبەختانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ دەرچوونی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2021 له بەرەوپێشچوندایە.
هاوکات کارکردن لەسەر شوێنەوار پێویستی بە کەسی شارەزاو پسپۆڕ هەیە لەم بوارەدا بۆ ئەمەش زیاتر پشت بەستراوە بە تیمە بیانییەکان، زۆرێک لە زانکۆ بیانییەکان پاڵپشتی پڕۆژەی هەڵکۆڵین و رووپێوکردن و دیکۆمێنتکردنی ئەو شوێنە شوێنەوارایانە و ئەو خاڵە کەلەپوریانە دەکەن، ئێمەش لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تا ئەمڕۆ سێ گرێبەستمان کردووە لەگەڵ زانكۆی ئۆلۆمۆوكی چیكی، زانكۆی بەرلین-ی ئەڵمانی، رێكخراوی وادی ئەڵمانی و بەردەوام لە هەوڵداین بۆ گرێبەستی تر لەگەڵ هەموو زانکۆ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تا بتوانین زۆرترین خزمەت بە شوێنەوارەکانی شاری کۆیە بکەین.
بۆ کەرتی گەشتیاریی تاچەند سوودی هەیە؟
سێکتەری شوێنەوار لەگەڵ سێکتەری گەشتوگوزار دوو دامەزراوەی تێکهەڵکێشن و پەیوەندیەکی پتەویان بەیەکەوە هەیە، ئێمە تا شوێنەوارەکان ببوژێنینەوە زیاتر دەتوانین بە گەشتیاریی بکەین، بەخۆشحاڵییەوە بە بەردەوامی پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری کۆیە هەر میوانان یان گروپە گەشتیارییەکان کە سەردانی شارەکەمان دەکەن زیاتر سەرنج دەخەنە سەر شوێنە شوێنەوارییەکان، له رۆژانی جەژن و پشوەکانیشدا بە بەردەوامی لە خزمەتیانداین و پێشوازیان لێدەکەین.
مەرجی سەرەکیش بۆ بە گەشتیارکردنی زیاتری هەر ناوچەیەک خستەڕووی مێژووی ئەو شارە و لایەنی ئەمنی و مەرجی سەلامەتییە.
کۆیە خاوەنی چەند شوێنەواری دێرینە؟
لەشاری کۆیە جگە لە سەنتەری قەزاکە 5 ناحیەی سنووری ئیدارەی ئێمەیە «دێگەڵە، سکتان، ئاشتی، تەق تەق، سێ گردکان» تا ئێستا زیاتر لە 200 پێگەی شوێنی شوێنەواری تۆمارکراوە بەشێک لە ناوچەکانیش بریتین لە «شیله، ساتوقهڵا، گردی چاكی بانی له باجهوان، قهڵاتۆك و شێخ رهش له كانی دهربهند، قهڵاتی خهرابه، قهڵاتی گۆمهشین، قهڵاتی سێگردكان، قهڵاتی سارتك، باسكی خهزێم و سهرقۆنگران و قهڵاتی بۆگد، قهڵاتی سماقوڵی گهرتكی، خهرابه سپی له سێنان، گردگۆران، كهرهكین سماقوڵی گهری، قهڵاتی كۆدهره، قهڵاتی گۆپتهپه، قهڵاتی گوندی قهسر خهرابه.....هتد»
هەرچەندە زانکۆی ئۆلۆمۆکی چیکی 38 پۆینتی تری تۆمار کردووە، بەڵام هێشتا نەخراوەتە سەر تۆمار ئێستا بەگشتی زیاتر لە 300 پۆینتمان هەیە، بەڵام ئەوەی بەفەرمی تۆمارکراوە لە فەرمانگەکەمان کۆی گشتی 200 شوێنە، لەسەنتەری شاریش 85 خاڵی کەلەپوریمان هەیه.
هەروەها بەپێویستی دەزانم جیاوازیێک بکەم لەنێوان شوێنەوار و کەلەپور، بەوەی هەر کەرەستەیەکی گوازراوە و نەگوازراوە تەمەنی کەمتربێت لە دوو سەدە پێی دەوترێ کەلەپور، بەڵام ئەگەر تەمەنی زیاتر لەدوو سەدەبێت ئەوا پێی دەوترێت شوێنەوار.
رۆڵی ئاسایش بۆ پاراستنی شوێنەوار لە چ ئاستێکدایە؟
بەخۆشحاڵیەوە لەگەڵ برایانی ئاسایش پەیوەندیمان بەهێزه بە بەردەوامی هاوکارمانن ئێمە وەک شوێنەوار راستەوخۆ سەر به ئاسایشین، چونکە شوێنەوار سامانێکی نیشتمانییە پەیوەندی بەسیادەی دەوڵەتەوە هەیە.
دەست درێژیکەرانی سەر شوێنەوار پێش دەرچوونی یاسای 2021 بەشێکی کەمیان حوکمی قوڕس دەدران و زۆربەیان بە موخالەفە و سزای سووک دەربازدەبوون، بەڵام ئێستا بەخۆشحاڵیەوە دادگای کۆیەو سەرجەم دادگاکانی تری هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە 5 پەیڕەودەکەن سزای قورسیان داناوە لە سێ مانگ زیندانی کەمتر نەبێت و دەڕوات بۆ پێنج تا دە ساڵ زیندانی، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەسی دەستدرێژیکار و جۆری ئەو پارچەیەی دەستی بۆ بردووە.
بۆچی رۆژئاوا پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوریان لەلا مەبەستە؟
راستە ئەوە یەکێکە لە گرفتەکانی ئێمە کە خەڵک کەمترین خۆشەویستیان بۆ شوێنەوار هەیه یان بگرە هەر نیانە ئەمانەش تاڕادەیەک دەتوانین بێگەڕێنینەوە بۆ نەبوونی هوشیاری و ناڕۆشنبیری
هەرچەندە خەڵکی شاری کۆیە تا ئەمڕۆش بەچاوێکی جیاواز و سەنگین تەماشای شوێنەوار دەکەن بەردەوام ئەو پارچەو کەرەستە کەلەپوریانەی بەکارهێنراون لەلایەن باب و باپیرانماوە دێن پێشکەش بە فەرمانگەکەمانی دەکەن لەپێناو زیاتر پاراستنی و ئاشناکردنەوەیانی بە نەوەکانی داهاتوو.
ئەو کارو پڕۆژانە چین کە لەماوەی دەست بەکاربوونت جێبەجێتان کردووە؟
بەشێک لەکارو چالاکیەکان بریتین لە: رێکخستنەوەی فەرمانبەرانی ناو فەرمانگەکەمان، پرۆژەی چاک کردنەوەی قەیسەری کۆیە کە دەکەوێتە سەر رێگەی کۆیە ـ سلێمانی چاکردنەوەی مەزاری «باپیر فەقێ ئەحمەد»
چاکردنی مۆزەخانەی قشلە، هەروەها پڕۆژەی دۆکیومێنتکردنی چوار گەڕەکە کەلەپورییەکەی کۆیە ئەوانیش گەڕەکی «بایراغا، بەفری قەندیل، قەڵات، هەواوان» که بناغەی ئەم شارەن و کۆیە لەسەر بنەمای ئەم چوار گەڕەکە دامەزراوە.
لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی قشڵەی کۆیە به بڕی 76 ملیۆن دینار بەهاوکاری بەڕێوەبەراتی گشتی شوێنەوار کە ئێستا لەقۆناغی کارکردندایە، قشڵە یەکێکە لە شوێنەوارە هەرە گرنگەکانی کۆیە واجیهەی شارەکەیەو میوانانی ناوخۆ و بیانی دێن سەردانی دەکەن.
ئەو قەڵایە لەساڵانی 1869 بۆ 1872 لەسەر رووبەری 7000م بە مەبەستی سەربازی دروستکراوە کە پێکهاتەکەی گەچ و بەردە و چەند جارێک رووخاوە و نۆژەن کراوەتەوە دواجار لەسەر ئەرکی بەڕێز مام جەلال لەساڵی 2004 بەتەواوی نۆژەنکرایەوە.