سێ هەزار شوێنی گەشتیاریی لە هەرێم

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم: لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێم، بۆ ئەمساڵیش دەمانەوێت رێژەكە بەرزتربكەینەوە

10:22 - 2024-05-08
دیدار
171 جار خوێندراوەتەوە

دیداری/ تەها عەبدوڵڵا

لە دیدارێکدا ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ کوردستانی نوێ تیشک دەخاتە سەر پلان و بەرنامەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی هاتنی گەشتیاران لە وەرزی داهاتوو و بۆنە رەسمییەکاندا، بەجۆرێک رێژەی هاتنی گەشتیاران لەمساڵدا بۆ هەشت ملیۆن کەس بەرزببێتەوە، هەروەها باس لە ژمارەی شوێنە گەشتیارییەکان و پلانیان بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنی رێگەوبانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکات.

* لە هەرێمی کوردستان چەند شوێنی گەشتیاریی هەیە؟
- ژمارەی شوێنەگەشتیارییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەگاتە زیاتر لە سێ هەزار و 100 شوێن كە هۆتێل‌، مۆتێل، رێستۆرانت، گوندە گەشتیارییەكان، شاری یارییەكان، شوێنی  ئاهەنگ گێڕان و شوێنە سروشتییەكان دەگرێتەوە.
* ئامادەكارییەكانی دەستەی گەشتوگوزار بۆ هاتنی گەشتیاران لە بۆنەكانی ئەمساڵدا چییە؟
- دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەر بۆنەیەكدا دەست بە ئامادەكارییەكان دەکات، بۆ ئەوەی بتوانین کەشێكی ئارام و لەبار بڕەخسێنین بۆ ئەو گەشتیارانەی بە مەبەستی بەسەربردنی پشووەكانیان، سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان دەكەن، بۆ ئەو مەبەستە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لە سنووری پارێزگاكان، ئیدارە سەربەخۆكان‌، قەزا و ناحیەكان كۆبوونەوە دەکەین و راسپاردەكانی خۆمان دەخەینەڕوو، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە كردنەوەی رێستۆرانت و چێشتخانەكانەوە هەیە، هەروەها جگە لە رێكارە ئیدارییەكانی  ناوخۆ، لەگەڵ لایەنەكی تری كەرتی تایبەت و حكومەتی هەرێم هەماهەنگیمان دەبێت، لەوانەش هێزەكانی ناوخۆ، تەندروستی ‌و بەرگری شارستانی، لە هەمووی گرنگتر لەگەڵ بازگەكان كە ئێستا ئاسانكاری زۆریان بۆ دەكرێت، بۆئەوەی گەشتیار بە كەمترین كات بێنە ناو هەرێمی كوردستان.
*پلانتان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی هاتنی گەشتیار چییە؟
- پلانی هەشت ساڵەمان هەیە بەگوێرەی ئەو پلانە ئامانجمانە ساڵانە بە رێژەیەك ئاستی هاتنی گەشتیاران بەرزبكەینەوە، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە لە ساڵانی رابردوودا تاڕادەیەكی باش توانیومانە ئەو ئامانجە بپێكین، بەجۆرێك لە ساڵی 2021 رێژەی گەشتیاران چوار ملیۆن بوو،  لە ساڵی 2022 ئەو رێژەیە بەرزبۆتەوە بۆ شەش ملیۆن و 35 هەزار گەشتیار، ئەمە لەكاتێكدا لە ساڵی 2023 ئەو رێژەیە گەیشتۆتە زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار، بۆ ئەمساڵیش دەمانەوێت رێژەكە زیاتر بەرزبكەینەوە بەڕادەیەک بگاتە هەشت ملیۆن گەشتیار. ئاماژەكانیش  دڵخۆشكەرن، چونكە تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە مانگەكانی داهاتووشدا كە وەرزی زێڕینی گەشتیارییە بەدڵنیاییەوە رێژەكە زۆر بەرزتر دەبێتەوە.

 


چاودێریی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەین، بۆ ئەوەی نرخ بەرز نەكەنەوە

 

 

* لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی رێگەوبانی شوێنە گەشتیارییەکانەوە  پلانتان چییە؟
-ئەو بابەتە یەكێكە لە بڕگەكانی پلانی هەشت ساڵەی گەشتوگوزار لە كوردستان، راستە بەشێك لە ناوچە گەشتیارییەكان رێگەكانیان وەك پێویست نییە و گەشتیار تووشی ئاستەنگی زۆر دەبن، بۆیە هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كردووە ‌و لیژنەی هاوبەش پێكهێنراوە بۆ ئەوەی ئەو رێگایانە چاک بکەن کە تێکچووە، هاوكات رێگەی تازەش بۆ ئەو شوێنانە دروستبكەن كە تائێستا بۆی نەكراوە.
جگە لە رێگەوبان بەشێك لە شوێنە گەشتیارییەكان پێویستیان بە رێكخستنەوە و تازەکردنەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستە ساڵی رابردوو زیاتر لە یەك ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی شوێنە گەشتیارییەكان و ئاستی خزمەتگوزاری تەرخانكراوە، ئەگەر بودجەی ساڵانەمان هەبێت دەتوانین بە خێرایی ناوچە گەشتیارییەكانمان پێشبخەین، كە بەدڵنیاییەوە ئەو هەنگاوانەش هۆكارێك دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی گەشتیاران.
*چی کراوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئەو کارمەندانەی لە شوێنە گەشتیارییەکاندا کاردەکەن؟
-هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیەن ئەو كارمەندانەی لە شوێنە گەشتیارییەكاندا كاردەكەن یان پێشوازی لە میوانان دەكەن، پێویستە دەرچووی بەشەكانی گەشتوگوزار لە زانکۆ و پەیمانگەکان بن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئەكادیمی و سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ گەشتیاراندا بكەن، هەر لەو چوارچێوەیەدا و بەگوێرەی رێنماییەكان پێویستە ئەو كارمەندانە لە 75%ی خەڵكی ناوخۆبن، بۆ ئەمەش شوێنە گەشتیارییەكان بەو رێژەیەوە پابەند كراون.
هەروەها بۆ ئەوەی شوێنەگەشتیارییەكان ببنە شوێنی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچوانی بەشە گەشتیارییەكان، هەوڵمانداوە خولی جۆراوجۆریان بۆ رێکبخەین، تاکو لەبواری جیاوازدا كاربكەن، ئینجا لە شوێنە گەشتیارییەكاندا بێت یان وەك رێبەر لە كۆمپانیا گەشتیارییەكاندا دابمەزرێن، ئەمە جگە لەوەی هەوڵدراوە پۆلیسی گەشتیاریی لە رێگەی  وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمەوە دابمەزرێنرێن، ئەمانەش بۆ دەرچوانی گەشتوگوزارە‌ و ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە، هاوكات بە هەماهەنگی  لەگەڵ un خولی تایبەت بۆ ئەو دەرچوانە دەكەینەوە كە خوازیارن فێری پیشەیەکی كاری دەستیو بن، كە دواتر دەتوانن لە شوێنەگەشتیارییەكاندا هەلی كار بۆخۆیان دەستەبەر بكەن.
* دەستەی گەشتوگوزار چۆن چاودێری نرخی خواردن و مانەوە لە شوێنە گەشتیارییەکاندا دەکات؟
- لە رێگەی لیژنە تایبەتەكانەوە چاودێریی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەین، بۆ ئەوەی نرخ لە ئاستی دیاریکراو بەرزتر نەكەنەوە، راستە نرخی شوێنە گەشتیارییەكان بەراورد  بەشوێنێكی ئاسایی گرانترە، بەڵام نابێت بگاتە ئاستی قۆرخكاری و بۆ ئەو مەبەستە لێپرسینەوە لەگەڵ خاوەنەکانیان كراوە تا ئاستی داخستنی شوێنەکان.
*هەماهەنگی دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان چۆنە؟
-بەشێكی زۆر لە گەشتیارانی كوردستان هاووڵاتیانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراقن، ئەوانیش لە رێگەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانەوە بەشێوەی گروپ دێنە هەرێمی کوردستان كە ژمارەیان دەگاتە 700 كۆمپانیا، هاوکات بەشێكیان گەشتیار لە دەرەوەی وڵات دەهێنن، ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین هەر لە بازگەكانەوە تا دەگەنە ناوچە گەشتیارییەكان‌ و دابینكردنی رێبەری گەشتیاریی بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگەنە شوێنە گەشتیارییەكان.

بەشێكی زۆر لە گەشتیاران لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە دێنە هەرێم


بابەتە پەیوەندیدارەکان