کە لاپەڕەکانی مێژووی پڕ کۆشش و خەبات و خۆنەویستیی کەسانی وەک هەڤاڵی کۆچکردوومان سەڵاح جان موراد هەڵدەدەینەوە، رەنگە زۆربەمان تووشی سەرسوڕمان ببین، بەتایبەتی ئەوانەمان کە تەنها ئەو لاپەڕەیەی مێژووەکەی شارەزاین کە هەڤاڵ و هاوکارمان بووە لە مەکتەبی راگەیاندن، خۆ ئەگەر بەراوردئ بکەین بە هەندێک لە هاوڕێ و هاوخەباتەکانی، هێندەی تر سەرمان دەسوڕمێ لە ئاکار و رەوشت و تەوازوعی سەڵاح جان و هەندێک لە هاوڕێ و هاوخەباتەکانی ئەو کە رەنگە هەندێکیان نەتوانن خۆیان لە قەرەی نیوەی سەروەییەکانی ئەو بدەن، بەڵام بە قافڵەی ئۆتۆمبێل و نووسینەگە و پاسەوان، خۆیان لە هاوڕێکانی منداڵی و خەبات و تەنانەت خزم و خوێش دابڕیوە.
سەڵاح جانی نەمر کە ئەمڕۆ لە چلەکەیدا چلچرای رێگا و رێبازەکەی رۆشن دەکەینەوە، لەو خەباتگێڕ و تێکۆشەرە هەڵکەوتوو و دەگمەنانەیە کە نە خەباتی سەخت و نە زیندان و نە دانەبڕان لە تێکۆشان، ئاکارە شۆڕشگێڕییەکەی و سادەیی و تەوازوعەکەیان لێ دانەماڵی.
لەم دۆسێیەدا کە تایبەتە بە چلەی ماڵئاوایی و کۆچی ناوادەی سەڵاح جان موراد، هاوڕێکانی خەبات و زیندان و پێشمەرگایەتی بە جیاوازیی ئینتیمای سیاسیی ئێستا و ناوچەییەوە هەموان گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن کە لە کاری رێکخستندا چ لاوێکی چالاک و لە خەبات لەناو تێکۆشەرانی هەڵۆی سووردا چ جەربەزە و لە زینداندا چ خۆڕاگرێک و لە کاری میدیاییدا چ زمانزان و کادرێکی چالاک و لە کاری دیپلۆماسی و رێکخراوەیی دەرەوەدا چەند متمانە بەخۆ و لە خزمەتی کەسوکاری شەهیداندا چەند خزمەتگوزار بووە.
هەموان شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن کە لە هاوڕێیەتیدا سەرڕاست و لە وەرگرتنی فەرمانی سەروو خۆیدا چەند بە دیقەت بووە و هیچ ئەرکێکی بێ موناقەشە و لێکدانەوەی لایەنە باش و خراپەکانی لەخۆوە جێبەجێنەکردووە، بەڵام کە قەناعەتی کردووە، بەوپەڕی لێبڕاوییەوە جێبەجێی کردووە، ئەم خەسڵەتانەش بۆ سەردەمی ئێستامان تەنها لە کەسایەتییە دەگمەنەکاندا بەدیی دەکرێت، بۆیە رەنگە ئەم دۆسێیە وەفایەکی بچووک بێت بۆ سەڵاحی جانی جانان.
دۆسێ - جەمال دەروێش