ناوی ته‌واوی سەڵاح جان موراد، ساڵی 1958ی لە شاری به‌غدا لەدایکبووە.
قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی و دواناوه‌ندیی له به‌غداد ته‌واوكردووه، هه‌رچه‌نده له پایتەختی عیراق ژیاوه، به‌ڵام هیچ كات له بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی دانه‌بڕاوه.
هۆشیاریی سیاسیی بە زوویی گەشەی كردووه.
له ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا له كاتێكدا كه خوێندكاری دواناوه‌ندیی یه‌رموكی گه‌ڕه‌كی كیفاحی شاری به‌غدا بووه، له ده‌روازه‌ی رێكخراوی قوتابیانەوە چۆتە ناو جیهانی سیاسه‌ت و بووه بە لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی لقی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان لەو دواناوه‌ندییه.
ساڵی 1975دا دوابه‌دوای هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی كوردستان له‌گه‌ڵ چه‌ند لاوێكی شۆڕشگێڕ‌دا كه زۆر له ژێر كاریگه‌ریی بیروباوه‌ڕی بیرمه‌ندی ناسراوی فه‌ره‌نسا (ریژی دۆبرێ) دا بوون، په‌یوه‌ندیی به رێكخراوی چه‌پی نهێنییه‌وه كرد، كه ناوی له خۆی نابوو رێكخراوی (خوێنی شه‌هیدان).
ساڵی دواتر رێكخراوه‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه و ئه‌ندامه‌كانی چوونه ریزی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه.
ساڵی 1977 له‌گه‌ڵ پێكهێنانی رێكخراوی (هه‌ڵۆی سوور) له به‌غدا په‌یوه‌ندیی پێوه‌كرد و كاری له ریزه‌كانیدا كرد، رێكخراوه‌كه به فه‌رمانی كۆمه‌ڵه دامه‌زرابوو، ئه‌ركه‌كه‌ی گواستنه‌وه‌ی چالاکی بوو بۆ ناو به‌غدای پایته‌خت و و جێبەجێکردنی چالاكی شۆڕشگێڕانه له دژی كاربه‌ده‌ستان و هاوكارانی رژێمی به‌عس.
هه‌مان ساڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان توانیان رێكخراوه‌كه له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و ئه‌ندامه‌كانی ده‌ستگیربكه‌ن، له دادگاییكردنی ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌دا، دادگا سزای به‌ندكردنی هه‌میشه‌یی بۆ سه‌لاح جان ده‌ركرد، ساڵی 1979 خۆی و هاوڕێ زیندانییەکانی دیكه‌ی به لێبوردنی گشتی ئازادكران.
ساڵی دواتر له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له كوردۆ قاسم و تارق ئه‌حمه‌د كه هاوڕێی بوون له رێكخراوی (خوێنی شه‌هیدان) په‌یوه‌ندیی به هێزی پێشمه‌رگه‌وه كرد و له ناوچه‌ی باره‌گاكانی سه‌ركردیه‌تی له ناوزه‌نگ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیی ده‌ستپێكرد.
ساڵی دواتر گواسترایه‌وه بۆ گوندی توژه‌ڵه، بۆ كاركردن له ئێزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستان، كه ئه‌وسا به‌ناوی (ده‌نگی شۆڕشی عیراق)ەوە په‌خشی ده‌كرد. له‌وێ وه‌ك نووسه‌ر و بێژه‌ر له به‌شی عه‌ره‌بی كاری كرد و ماوه‌یه‌ك خۆی و ره‌عد به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ر ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی به‌شه‌كه‌یان گرته ئه‌ستۆ.
ساڵی 1981 به‌شداریی له كۆنفرانسی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا كرد. ساڵی 1982 دوابه‌دوای تێكچوونی په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئێران و داخستنی ئۆفیسی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی له تاران، لەگەڵ هه‌ریه‌ك له كوردۆ قاسم، ره‌عد به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ر، سه‌لام عه‌باس و تارق ئه‌حمه‌د، ئه‌و ئه‌ركه‌یان پێ سپێردرا كه سه‌رپه‌رشتیی رێكخستنه نهێنییه‌كانی كورده عیراقییه ئاواره‌كانی ئێران بكه‌ن.
هه‌روه‌ها خۆی و كوردۆ قاسم و ره‌عد به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ر راسپێردران ئه‌ركی په‌یوه‌ندیی دپلۆماسی له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌كانی سوریا و لیبیا له تاران بگرنه ئه‌ستۆ و له‌م كاره‌یاندا به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به خودی سەرۆك مام جەلال-ەوە به‌سترابوونه‌وه.
ساڵی 1983 له ئێران جێگیر بوو، هه‌ر ئه‌و ساڵه پاش پێداچوونه‌وه‌ی شێوه‌ی كاری رێكخراوه‌یی، لێپرسراوێتی كه‌رتی رێكخستنی كورده عیراقییه ئاواره‌كانی ئێرانی گرته ئه‌ستۆ.
ساڵی 1984 به‌شداریی له كۆنفرانسی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌راندا كرد له مێرگه‌پان، تا ساڵی 1991 به‌رده‌وام بوو له سه‌ر ئه‌ركه رێكخراوه‌ییه‌كانی له‌ناو ئێران و پاش راپه‌ڕین گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان.
ساڵی 1992 به‌شداری له كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كرد، ساڵی 1997 كرایه ئه‌ندامی مەكتەب لە ده‌زگای شه‌هیدان، ساڵی 2000 دوابه‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌زگای شه‌هیدان به پله‌ی ئه‌ندامی مه‌كته‌ب گوێزرایه‌وه بۆ مه‌كته‌بی راگه‌یاندن.
ساڵی 2001 به‌شداری له كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كرد، ساڵی 2003 پاش رووخانی رژێمی بەعس و له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی به‌شداریكردن له پڕۆسه‌ی سیاسی و بنیاتنانی سیستمێكی دیموكرات له عیراقدا، لێپرسراوێتی لقی به‌غدای مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی پێ سپێردرا، تا ساڵی 2008 ئه‌ركه‌كانی له به‌غدا له بارودۆخێكی دژوار‌دا به رێكوپێكی هه‌ڵسوڕاند.
ساڵی 2008 پاش پێنج ساڵ كاركردن له به‌غدا گه‌ڕایه‌وه بۆ سلێمانی بۆ كاركردن له‌ناو باره‌گای سه‌ره‌كی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن، دوا پله‌ی ئه‌ندامی ئەنجومەنی راوێژكاری مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.