موراد بوزورگ ـ ستۆکهۆڵم
هاوڕێیەتی و یەکترناسینی سەڵاح جان و من دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1973-1974 لە شاری بەغدا، ئێمە زۆربەمان خوێندکاری ئامادەیی و لەنێو ریزەکانی (یەکێتیی قوتابیانی کوردستان) دا ئەندام بووین.
ئەو دەمانە ئێمە دەستە لاوێکی کوردی خوێنگەرمی شاری بەغدا، بەردەوام لە چالاکی و جموجۆڵدا بووین، لە زۆربەی ئەو خۆپیشاندان و کۆبوونەوە و چالاکییانەدا بەشداریمان دەکرد، کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو، جیا لەوانەش لەنێو خوێندنگاکانماندا بڵاوکراوەی سەر دیوارمان دەنووسی و هەڵدەواسی، بڵاوکراوە دیوارییەکانمان و بەیاننامە و نووسینەکانمان هەموویان بە زمانی عەرەبی بوون، لەو سەردەمەدا بەبۆنەی وتووێژی نێوان حکومەتی عیراق و سەرکردایەتی کوردەوە، لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عیراقدا نیمچە ئازادییەک هەبوو، دەتوانرا تا رادەیەک بە ئازادی بیروڕا دەرببڕێت و چالاکی کەلتوری و سیاسی بکرێت.
ئێمەش ناوبەناو کۆدەبووینەوە و یەکترمان دەبینی و باسی کار و چالاکییەکانی خۆمان بۆ یەکتر دەکرد، سەڵاح جان و منیش لەو کۆبونەوانەدا بەشدار دەبووین و یەکترمان دەبینی.
ناوەندی چالاکییەکانمان لە زۆری گەڕەکەکانی (کیفاح، حەی جەمیلە، شاریع فەلەستین) بوون، کە ژمارەی خێزانە کوردەکان تیایاندا لە گەڕەکەکانی تر زۆرتربوون.
پاش هەرەسی ساڵی 1975 ئێمە ئەو دەستە لاو و خوێندکارە، جار جار بە نهێنی یەکترمان دەبینی و کۆدەبووینەوە، پاشان کە زانیمان لە کوردستان جموجوڵ و چالاکی سیاسی دەستیپێکردۆتەوە، پەیوەندیمان پێوەکردن و داوای رێنوێنی و هاوکاریمان لێکردن، ئەوان لە وەڵامدا وتیان دەبێت پشت بە خۆتان ببەستن و زۆر بە نهێنی کار و چالاکی خۆتان بکەن.
سەرەتا لە رێکخراوێکدا کۆبووینەوە کە ناوی (رێکخراوی لەیلا قاسم) بوو، سەڵاح جان و منیش تێیدا ئەندام بووین، لە پڕێکدا هەندێک لە ئەندامەکان گیران، ئیتر شیرازەی رێکخراوەکە تێکچوو، پاشان (رێکخراوی خوێنی شەهیدان)مان دامەزراند، ناوبەناو تاک تاک و دوودوو یەکترمان دەبینی و هەواڵی نوێمان بەیەکتر دەگەیاند و بەیاننامەمان بڵاودەکردەوە، لە بەیاننامەکاندا باسی زیندوویی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد و پێداگریمان لەسەر مافە رەواکانی کورد دەکرد و تاوانەکانی رژێمی بەعس لە دژی خەڵکی کوردستانمان ریسوا دەکرد.
دواتر (رێکخراوی هەڵۆی سوور)مان دامەزراند، سەڵاح جان و من لەو رێکخراوەدا چالاکانەتر لە جاران کارمان کرد و بە وزە و هەستێکی گەورەوە ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکرد.
چەند مانگی سەرەتای دامەزراندنی (رێکخراوی هەڵۆی سوور) ئەرک و چالاکییەکانمان بەزۆریی بریتی بوو لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی بە یەکتر، نووسین و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە، جارجاریش کۆبونەوەی نهێنی و وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا، پاشان لەنێو (رێکخراوی هەڵۆی سوور)دا باڵێکی سەربازی پێکهێنرا، ئەویش بۆ دەستوەشاندن لە هەندێک کەسی دڕندەی بەعسی و هەندێک دامودەزگای رژێمی بەعس، پاش جێبەجێکردنی چەند چالاکییەک، رژێمی بەعس لە بەغدا و چەند شوێنێکی دیکە، شاڵاوی گرتنی دەستپێکرد، گەلێک کەس گیران، سەرەنجام سەڵاح جان و منیش گیراین و خراینە ژێر ئازار و ئەشکەنجەوە، هەندێک ئازادکران و ئەوانی دیکەمان رۆژی 15/12/1977 دادگایی کراین.
چەند کەس بە لەسێدارەدان، ئەوانی دیکەشمان بە هەتاهەتایی و 15 ساڵ یان کەمتر حوکمدراین.
من و سەڵاح جان بە هەتاهەتایی حوکمدراین و بردیانین بۆ زیندانی ئەبوغرێب.
سەرەتا لە بەشی حوکمدراوە قورسەکان بووین، پاشان گواستراینەوە بۆ بەشی حوکمدراوە تایبەتەکان (احکام خاصة).
من و سەڵاح جان و ئیبراهیم عەبد عەلی پێکەوە لە ژوورێکدا جێگیربووین، هەرچەندە ئێمە دادگایی کرابووین و حوکمدرابووین، بەڵام بەردەوام لەژێر هەڕەشە و لێدان و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی رژێمی بەعسدا بووین، ئەو کەسانەی کە باوەڕمان بەیەکتربوو، بە ئەسپایی و دوور لە چاوی پیاوەکانی رژێم، بەردەوام وتووێژمان دەکرد، ورەی یەکترمان بەرزدەکردەوە، کۆمەکی یەکترمان دەکرد و ئاڵوگۆڕی بیروڕامان دەکرد، لەو بارە دژوار و سەختەدا نزیکی ساڵ و نیوێکمان تێپەڕاند، لە 16/7/1979 دا رژێمی بەعس لێبوردنی گشتی راگەیاند و ئێمەش بەر ئەو لێبوردنە کەوتین و ئازادکراین.
پاش ماوەیەک سەڵاح جان و من گەڕاینەوە بۆ خوێندن، ناوبەناو یەکترمان دەبینی و وتوێژمان دەکرد و هەواڵەکانمان بەیەکتر دەگەیاند، دوایی من و خێزانەکەم، لەگەڵ سەدان خێزانی دیکەی کورد، بەرەو سنووری ئێران براین و لە عیراق دەرکراین و ماڵ و موڵکمان داگیرکرا، پاشان زانیم کە سەڵاح جان لەو کاتەدا بەرەو کوردستان چووبوو، لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بووە بە پێشمەرگە، دواتر چەند جارێک بە ئیشوکاری حزبی هات بۆ تاران، بەیەکتر شادبووینەوە، چەندین جار یەکترمان بینی و هەرچی بەمن کرا هاوکاریم کرد، دواتر منیش لەگەڵیان کەوتمە چالاکی و چووم بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان و لەگەڵ سەڵاح جان سەردانی چەند شوێنێکمان کرد.
ساڵانی دواتریش کە پەڕیمە بەرەو سوید، بەردەوام لەگەڵ سەڵاح جان و هاوڕێکانی دیکەمان کە زۆربەیان لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا تێدەکۆشان، لە پەیوەندیدابووین و هەرگیز لەیەک دانەبڕاین.
ساڵی 1992 لە سوید کۆمەڵەیەکمان بەناوی (کۆمەڵەی گەرمیان) دامەزراند، ئەرک و چالاکی ئەو کۆمەڵەیە بە زۆریی بریتیبوو لە کۆمەککردنی خەڵکی هەژار و نەداری کوردستان، بەتایبەتی ناوچەی گەرمیان، هەروەها یارمەتیدانی خوێندکارە هەژارەکان تا لە خوێندن بەردەوام بن، لەهەموو ئەو چالاکیانەدا سەڵاح جان بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردوییەوە هاوکارمان بوو.
لەم ساڵانەی دواییشدا، هەرچی جارێک سەردانی کوردستانم دەکرد، یەکێک لەو هاوڕێ ئازیزانەی کە دەمبینی سەڵاح جان بوو، لەگەڵ دەستە برادەرێک پێکەوە کۆدەبوینەوە و هاودەمی یەکتر بووین.
مەرگی لەناکاوی سەڵاح جان بۆ من زۆر ناخ هەژێن بوو، بە کۆچیدوایی ئەو هاوڕێیەکی خۆشەویست و ئازیزم لەدەستچوو.