جه‌بار یاوه‌ر: سەڵاح جان هەر وەک ئاکاری بەرزی پێشمەرگە کوردێکی سەر راست بوو

11:14 - 2023-08-07
دووتوێ
352 جار خوێندراوەتەوە

سەڵاح جان پیاوێكی تێكۆشه‌ر بوو، هه‌م رێكخستنێكی دێرین و هه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، به‌و پێیه‌ی له‌ ساڵه‌كانی 1970 ه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌ شاری به‌غدا و یه‌كێك له‌و كورده‌ فه‌یلییانه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌وكاته‌ په‌یوه‌ندیی به‌ رێكخراوی هه‌ڵۆی سووره‌وه‌ هه‌بووه‌، دیاره‌ رێكخراوی هه‌ڵۆی سووریش یه‌كێك له‌و رێكخراوانه‌ بوو كه‌ هه‌م كاری رێكخستنیان ده‌كرد، هه‌م هه‌ندێ چالاکیی پیشمه‌رگه‌ییان ده‌كرد له‌ناو شاردا، كه‌ له‌ مێژوودا كۆمه‌ڵێك كاری زۆر گەورەیان کردووە، وه‌كو چالاكی پێشمه‌رگه‌یی كه‌ تۆمار كراوه‌ له‌ مێژوودا، به‌داخه‌وه‌ دوای ئاشكرابوونی رێكخراوی هه‌ڵۆی سوور، به‌شێكیان زیندانی كران و له‌سێداره‌دران، به‌شێكیشیان دوای ئازادبوونیان هاتنه‌ شاخ، سه‌لاح جان یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه ‌له‌ ساڵی 1981 شاری به‌جێهێشت و له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو كاك كوردۆ قاسم و كۆمه‌ڵێك هه‌ڤاڵی تر روویان كرده‌ شاخ. 
یه‌كه‌مین هه‌نگاوی پیشمه‌رگایه‌تی سەڵاح جان له‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بوو، به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م فه‌یلی بوو، له‌گه‌ڵ كۆمه‌لێك كوردی فه‌یلی ده‌ركرابوون له‌ عیراقەوە بۆ ئێران، واته‌ به‌ خێزانه‌وه‌ ده‌ركرابوون، ئیتر هه‌ندێكیان له‌ به‌غدا نیشته‌جێ بوون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سەڵاح جانیش عه‌ره‌بی باش ده‌زانی، به‌و هۆكاره‌ نێردرا بۆ مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ تاران، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌و مه‌كته‌به‌ كاری كرد، پاشان و له‌دوای راپه‌ڕ‌ین كه‌ ئێمه‌ هاتینه‌وه‌ بۆ كوردستان و ئه‌وكاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا، سەڵاح جان له دەزگای شه‌هیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كاری ده‌كرد.
 له‌ دوای ساڵی 2003 پاش پڕۆسه‌ی رزگاربوونی عیراق، چووه‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌وكاته‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی ئەلحوڕییه‌ كاره‌كانی خۆی دەکرد له‌ به‌غدا. 
هەڵبەتە لەڕووی کەسێتیه‌وه سەڵاح‌ پیاوێكی هێمن و بێده‌نگ و به‌شه‌خسییه‌ت بوو، ئه‌گه‌ر نه‌تدواندایه‌، هەرگیز قسه‌ی نه‌ده‌كرد، كه‌سێكی رۆح سوك بوو بۆ په‌یوه‌ندی، سه‌ره‌ڕ‌ای ئه‌وه‌ش كه‌ زۆر هێمن بوو، كه‌سێكی قسه‌خۆش بوو، زۆرجار نوكته‌ی زۆر خۆشی بۆ براده‌ره‌كانی ده‌گێڕ‌ایه‌وه‌، كه‌ خۆشی زۆر به‌ قووڵی پێكه‌نینی ده‌هات، كه‌سێكی داوێن پاك بوو، له‌وكاته‌ی ئێمه‌ باسی خه‌سڵه‌تی پێشمه‌رگه‌مان ده‌كرد، كه‌ ئایا چ خه‌سڵه‌تێكی هه‌یه‌ داوێن پاكی بوو، كه‌سێكی ده‌ست پاك بوو له‌ ژیانی خۆیدا و له‌ناو رێكخستنیش و له‌ پێشمه‌رگایه‌تیش، كه‌سێكی رۆشنبیر بوو، زۆر حه‌زی له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب بوو، حه‌زی له‌وه‌ بوو له‌هه‌موو بواره‌ رۆشنبیرییه‌كان شاره‌زا بێت، زۆر خۆشه‌ویست بوو لای براده‌ره‌كانی، له‌هه‌ر كوێ ئیشی كردبێت، چ ئه‌و كاتانه‌ی له‌ ساڵی 1981 كه‌ ماوەیەکی  كه‌م له‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بوو كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ ناوزه‌نگ بوو له‌ شاخ، كه‌ من به‌رپرسی ناوه‌نده‌كه‌ بووم، هه‌موو ئه‌و براده‌رانه‌ی له‌وێ بوون خۆشیان ده‌ویست.
به‌داخه‌وه‌ ته‌مه‌نی كه‌م بوو، ئه‌و هاوته‌مه‌نی من بوو له‌دایكبووی ساڵی 1958 بوو، هه‌ردووكمان یه‌ك ته‌مه‌نمان هه‌بوو، كاتی ئه‌وه‌ نه‌بوو مه‌رگ زه‌فه‌ری پێبهێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ سوننه‌تی ژیانه‌ و به‌داخه‌وه‌ و رۆحی شاد بێت، بیره‌وه‌رییه‌كان له‌ بیری ئێمه‌دا ماوه‌ته‌وه‌، هه‌موو براده‌رانی كۆمه‌ڵه‌ و رێكخستنه‌كان و مه‌كته‌بی راگه‌یاندن یادی به‌خێر ده‌كه‌نه‌وه‌.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان