شوان كابان: هه‌ر به‌ رۆحی سه‌رده‌می شاخ و هه‌ڵۆی سوورەوە‌ كاری ده‌كرد

11:15 - 2023-08-07
دووتوێ
390 جار خوێندراوەتەوە

من كاك سەڵاحی ره‌حمه‌تیم له‌ ساڵی 1981 له‌ شاخ ناسی، یه‌كه‌مجار له‌ توژه‌ڵه‌ له‌ راگه‌یاندن بینیم، له‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بووم ئه‌و دوای ئه‌وه‌ی كه‌ لە زیندان ئازاد ببوو، په‌یوه‌ندیی به‌ شۆڕشه‌وه‌ كرد، هاتبووه‌ ئێزگه‌ و له ‌به‌شی عه‌ره‌بی كاری ده‌كرد، له‌ دوای ئه‌و ساڵه‌وه‌ شۆڕ‌ش ئه‌ركێكی دیكه‌ی پێ سپارد و له‌ راگه‌یاندن نه‌ما، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم چووه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان، له‌وێوه‌ من و كاك سەڵاح له‌یه‌كتری دابڕ‌این و نه‌مبینیەوه‌ له‌ ناو شۆڕ‌ش تا دوای راپه‌ڕ‌ین. 
له‌ دوای راپه‌ڕ‌ین جارێكی تر یه‌كترمان بینییه‌وه‌، هاوڕ‌ێیه‌تییه‌كه‌مان نوێ كرده‌وه‌، ئه‌و له‌ ده‌زگای شه‌هیدان بوو من له‌ راگه‌یاندن كارم ده‌كرد، تا ئه‌وكاته‌ی ده‌زگای شه‌هیدان   هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و ئه‌ركه‌كانی سپێردرا به‌ مه‌كته‌بێكی تری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاك سەڵاح هاته‌ راگه‌یاندن و له‌وكاته‌وه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان نزیكتر و زۆرتر بوو، هه‌ردووكیشمان له‌یه‌ك ده‌زگا بووین، كاك سەڵاح له‌و ماوەیەی كه‌ له‌ راگه‌یاندن بوو، كرا به‌ به‌رپرسی به‌شی ته‌كنیكی هه‌موو راگه‌یاندن، چونكه‌ هه‌م له‌ رادیۆ و هه‌م له ‌ته‌له‌فزیۆن به‌شی ته‌كنیكیمان هه‌بوو، ئه‌و بووه‌ به‌رپرس و ئه‌ندام مه‌كته‌بیش بوو.
له‌ 2003 كه‌ پڕۆسه‌ی ئازادیی عیراق ده‌ستیپێكرد، یه‌كه‌م میدیا و یه‌كه‌م راگه‌یاندن كه ‌له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق ده‌ستی به‌كاركردن كرد، راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، كاك سەڵاح یه‌كێك بوو له‌و هه‌ڤاڵانه‌ی كه‌ له‌وێ رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له‌و سه‌رده‌مه‌، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی خۆی منداڵیی و گه‌نجی له‌ به‌غدا به‌سه‌ربردبوو، شاره‌زاییه‌كی باشی لە به‌غدا هەبوو، عه‌ره‌بییه‌كی باشیشی ده‌زانی و خێزانێكی ناسراوی به‌غدا بوون و دۆست و هاوڕ‌ێی زۆریان هه‌بوو، بۆیه‌ ئه‌وه‌ هۆكاربوو له‌ به‌غدا رۆڵێكی باشی هه‌بێ و راگه‌یاندنیش سوودی باشی لێ ببینێت. 
كاك سەڵاح له‌وێ و ئێمه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌مان پێ سپێردرابوو، له‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ئەلحوڕییه‌ ده‌ستبه‌كاربووین، هه‌ردووكیان له‌ به‌غدا چه‌سپا و مایه‌وه‌، راگه‌یاندن له‌وێ پێویستی به‌وه‌بوو و وایشی به‌باشزانی نووسینگه‌یه‌ك بكاته‌وه‌ له ‌به‌غدا، كه‌سێك له‌وێ بكاته‌ سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و لقه‌ی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن له‌ به‌غدا، به‌كۆی ده‌نگ و له‌سه‌ر بڕ‌یاری به‌رپرسی راگه‌یاندن پێمان باش بوو كه‌ كاك سەڵاح ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ، چونكه‌ وه‌ك وتم ئه‌و هه‌م شاره‌زای به‌غدا بوو، هه‌م دۆستایه‌تییه‌كی باشی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك و په‌یوه‌ندیی نوێشی دروستكردبوو له‌ بواری راگه‌یاندن و له‌ سیاسه‌تدا، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ سپێردرا به‌ كاك سەڵاح و به‌ڕ‌ای من له‌و قۆناغه‌ی ئه‌و به‌رپرس بوو، ئه‌ركه‌كه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ به‌جێ گه‌یاند.
ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ من ناسیبێتم و پێكه‌وه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئیشمان كردبێت، كاك سەڵاح  پیاوێكی دڵسۆز و سه‌رڕ‌است بوو، كه‌سێك بوو هه‌ر به‌ رۆحی سه‌رده‌می شاخ و سه‌رده‌می رێكخستنی كۆن و سه‌رده‌می هه‌ڵۆی سوور و به‌و سه‌ختییانه‌ كاری ده‌كرد، به‌ درێژایی ئه‌و ماوەیەی ئێمه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ كارمان كردووه‌ هیچ کاتێک له‌ ئیشكردندا گله‌یی و گازنده‌ی نه‌بووه‌ کە بڵێت ئه‌م ئیشه‌ به‌ من ناكرێت، به‌ڵام هه‌میشه‌ش گله‌یی له‌ خوار و خێچی هه‌بووه‌ و ئه‌و شتانه‌ی هه‌موومان پێمان وابووه‌ نابێ ببێت، بیری هه‌ڤاڵانی ده‌خسته‌وه‌، هه‌ركاتێكیش خوار و خێچی له‌ كه‌سێك بینیبێت، ئاگاداری كردۆ‌ته‌وه‌، مرۆڤی وه‌ك كاك سەڵاح كه‌مه‌ له‌م سه‌رده‌مەدا‌ و زه‌حمه‌ته‌ دروست ببێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ بۆ كۆچی دوایی.

 

شوان کەریم کابان 
پێشمەرگەی دێرین وهونەرمەند .
ساڵی 1957 لە سلێمانی لەدایک بووە.
ساڵی 1974 بەخێزانەوە پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە.
ساڵی 1981 پەیوەندی بەڕێکخستەنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووە.
ساڵی 1995کرایە ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی ی.ن.ک.
ساڵی 1997 بووە بەڕێوبەری تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان .
ساڵی 2009 بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا .


#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان