هۆشیار عابد: کاک سەڵاح له‌ هه‌ڵۆی سووردا زۆر ئازابوو، له‌ زیندانیشدا خۆڕ‌اگربوو

11:24 - 2023-08-07
دووتوێ
367 جار خوێندراوەتەوە

ناسین و دیدەنیمان له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1981 بوو، ئەوکات ئێمه‌ له‌ ئێزگه‌ بووین، ئه‌و سەردەمە‌ به‌شه‌كانی راگه‌یاندن به‌ جیا به‌ڕێوه ‌ده‌چوون، چه‌ند براده‌رێكی كوردی فه‌یلی هاتن بۆ ئەو ناوچەیە و یه‌كێكیان كاك سەڵاح بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌ره‌بییه‌كی زۆر باشی ده‌زانی، هه‌ر زوو ناردیان بۆ راگه‌یاندن بۆ بێژه‌ری عه‌ره‌بی كه‌ پێویستمان بوو، كاك سەڵاح و كاك ره‌عد و كاك كوردۆ قاسم و چه‌ند براده‌رێكی تریش هاتن و كاك كوردۆیان نارده‌ به‌شێكی تر. 
له‌و كاته‌دا كاك سەڵاح ده‌ستبه‌جێ كه ‌هاته‌ ده‌ره‌وه ‌و هاته‌ ناومان، بووه‌ بێژه‌ری به‌شی عه‌ره‌بی و هه‌واڵه‌كانی به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنده‌وه‌، ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌لای ئێمه‌ مایه‌وه ‌و دواتر چه‌ند ئیشێكی تری له‌لایه‌ن جه‌نابی مام جه‌لاله‌وه‌ پێ سپێردرا و پێویستی ده‌كرد بچێته‌ ئێران و تاران و هاتووچۆ بكات.
كاتی پێشمه‌رگایه‌تییه‌كه‌ی له‌ راگه‌یاندن وه‌كو ماڵی ئه‌و وابوو له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌مایه‌وه‌، دوای مفاوه‌زاتیش ئه‌و به‌ یه‌كجاری گه‌ڕ‌ایه‌وه‌ و تا كۆتاییش كه‌ له‌گه‌ڵ براده‌ران به‌یه‌كه‌وه‌ چوونه‌ ئێران و سه‌قز و دوای راپه‌ڕینیش له‌گه‌ڵیان گه‌ڕ‌ایه‌وه‌، كاك سەڵاح ئه‌و ماوه‌یه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه‌ زۆربه‌ی زۆربەی كاته‌كه‌ی له‌ راگه‌یاندن بووه‌ یان په‌یوه‌ندیی لەڕووی رێکخستنەوە له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بووه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌و بێژه‌ره‌ باشانه‌ی كه‌ عه‌ره‌بییه‌كی زۆر باشی ده‌زانی و وریابوو، وتاری ده‌خوێنده‌وه‌، من یه‌كێك له‌وانه‌ بووم كه‌ ئه‌وكاته‌ ریكۆردم ده‌كرد، كه‌ پێشتر من بادینی و عه‌ره‌بیم ده‌خوێنده‌وه‌، به‌ڵام كه‌ عه‌ره‌بیزانی باش په‌یدا بوو، من بادینیم ده‌خوێنده‌وه‌ و عه‌ره‌بییه‌كه‌م ریكۆرد ده‌كرد.
كاك سه‌لاح عه‌ره‌بییه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ باش بوو، وتاره‌كانی چاك ده‌كرده‌وه‌ كه ‌هه‌ڵه‌ی تیابوایه‌ و له‌ هه‌موومان به‌هێزتر بوو، بەڕاستی عه‌ره‌بیه‌كه‌ی له ‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ زۆر به‌ جوانی كۆنترۆڵ ده‌كرد، به‌تایبه‌ت كه‌سره‌ و زه‌مه‌ و ئیشاره‌ته‌كانی دیكه‌ كه‌ زۆر گرنگ بوون بۆ خوێندنه‌وه‌.
مرۆڤێكی تا بڵێی رۆح سوك بوو، له‌گه‌ڵ هه‌موو پێشمه‌رگه‌كان په‌یوه‌ندیی زۆر خۆش و هاوڕ‌ێیانه‌ و برایانه‌ی هه‌بوو، هه‌میشه‌ ده‌م به‌پێكه‌نین و به‌ نوكته‌ بوو، ئه‌و مه‌جلیسه‌ی كاك سەڵاحی تیابوو ئه‌و پێكه‌نینه‌ جوانه‌ی له‌ قووڵایی دڵییه‌وه‌ ده‌هاته‌ ده‌ره‌وە،‌ ئێستاش له‌ گوێمدا ده‌زرنگێته‌وه‌.
تا زیاتر كاك سەڵاحمان ناسی، خه‌باته‌كه‌شیمان باشتر ناسی، چ له‌ زیندان كه‌ كوڕ‌ێكی زۆر خۆڕ‌اگر و سه‌ربه‌رز بوو، له‌ ماوه‌ی هه‌ڵۆی سووریشدا گه‌نجێکی زۆر ئازا و رێكوپێك بوو، له‌ خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌غدابوو، بەڵام له ‌هه‌ڕ‌ه‌تی لاویدا، كه‌ گه‌نجانی تر سه‌رقاڵی شتی تر بوون، له‌كاتێكدا دۆخی كوردستان ناخۆش و پڕ‌ سته‌م بوو، خه‌ڵكی وه‌ك كاك سەڵاح ته‌حه‌مولی نه‌ده‌كرد و به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانی كارێكی جدی بكات، ئه‌وه‌ی كردیان زۆر ئازایانه‌ بوو، كه‌سی به‌جه‌رگی ده‌ویست، ئه‌وه‌ی له‌به‌غدا كردیان. له ‌ر‌استیدا كه‌سانی تر هه‌ن كه‌ زۆر و زیاتر ئاگاداری كاك سەڵاحن و زیاتر باسی ده‌كه‌ن و زانیارییه‌كانی من ده‌بن به‌ ده‌ستی دوو، به‌ڵام هیچ له‌و رێز و ئیحترامه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ بۆ كاك سەڵاحمان هه‌بوو.
بە کورتی كاك سەڵاح مرۆڤێكی هه‌تا بڵێی جوان و له‌سه‌رخۆ و به‌ته‌حه‌مول بوو، دوای راپه‌ڕین و پێشمه‌رگایه‌تی رۆڵی ئه‌و هه‌ر به‌رده‌وام بوو، كه ‌ر‌ه‌نگه‌ كاك ئازاد باسی كردبێت، له ‌به‌غدا و له‌ سلێمانی و له‌ راگه‌یاندنیش كاری كردووه‌، هه‌میشه‌ زۆر به‌جوانی كاری خۆی كردووه‌ و ناوی خۆی به‌ جوانی پاراستووه‌، پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌وه‌نده‌ به‌لایه‌وه‌ پیرۆز بوو، كه‌ پێی وابوو نابێت بازرگانی پێوه‌ بكرێت و خۆی و خێزانه‌كه‌ی جێگای رێز و ته‌قدیرن له‌ناو پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان.

ھۆشیار عابد
لە ساڵی 1958 لە بەغدا، لە خانەوادەیەکی خەڵکی زاخۆ، لەدایک بووە
لە ساڵی 1977دا پەیوەندیی بە ریزەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینیی کوردستانەوە کردووە.
لە کۆتایی ساڵی 1978 چۆتە ناو ریزی پیشمەرگەی کوردستان و زۆربەی کاتی پێشمەرگایەتییەکەی لە دەزگای راگەیاندن کاری کردووە.
لە سەرەتای ساڵی 1985 چۆتە دەرەوەی وڵات و لە رێکخستنەکانی  یەکێتی لە بەریتانیا کاری کردووە.
لە بێربیک کۆلیژی لەندەن،  زانستی سیاسیی خوێندووە و لە بواری کۆمپیوتەردا کاری کردووە.
لە ساڵی 2008، لەگەڵ سێ هاوڕێ و پێشمەرگەی دێرینی سەکۆی رەوتی گۆڕینی دیموکراسی (رەگ)یان راگەیاندووە.



#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان