به‌بۆنه‌ی كۆچی هاوڕ‌ێی تێكۆشه‌ر و دێرینم كاك سەڵاح جان موراد به‌ره‌حمه‌ت بێت، ده‌مه‌وێت هه‌ندێك باس له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی خۆم و ئه‌و بكه‌م، په‌یوه‌ندیی من له‌گه‌ڵ كاك سەڵاح ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه بۆ ساڵی 1971، ئه‌و كاته ئێمه خوێندكاری ناوه‌ندی بووین، له ناوه‌ندیی نه‌هزه له به‌غدا، ئه‌ودەم كاك سەڵاح كوڕ‌ێكی زۆر چالاك بوو، له بواری ئیشوكاری رێکخراوەیی ناو یەکێتیی قوتابیان و به‌رپرسی ئه‌و ناوه‌ندییه بوو، منی له رێگه‌ی دوو براده‌ره‌وه ناسی، كه دۆستی ئه‌و بوون، پێی خۆش بوو من له‌گه‌ڵیاندا ئیش بكه‌م و كه په‌یوه‌ندیی پێوه كردم، زانی من ئاماده‌م بۆ كاركردن، زۆری پێ خۆش بوو، ئیتر له‌و كاته‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا په‌یوه‌ندیمان به‌رده‌وام بوو، ئه‌ویش بوو به به‌رپرسی شانه‌كه‌مان، خۆی سه‌رپه‌رشتی رێکخستنی ئه‌و ناوه‌ندییه‌ی ده‌كرد.
به‌رده‌وام بووین تا ساڵی 1974، ئه‌وكاته ئیتر له‌سه‌ر ئاستی رێكخراوەیی دانیشتنمان نەما، بەڵام وه‌ك براده‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بووین.
له قۆناغێكی تر له كۆتایی 1976، به‌ره‌حمه‌ت بێت شه‌هید شیرۆ عه‌بدولقادر په‌یوه‌ندیی به منه‌وه كرد، قسەی لەگەڵدا کردم و وتی، ئێستا خه‌ریكی دامه‌زراندنی رێكخراوێكین به‌ناوی خوێنی شه‌هیدان و ئه‌گه‌ر پێت خۆشه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت و كارمان له‌گه‌ڵ بكه‌یت و منیش قبووڵم كرد، داوای لێكردم په‌یوه‌ندی به براده‌رانی ترەوە بكه‌ین كه جێگای متمانه بن و پێكه‌وه ئیش بكه‌ین له‌و رێكخراوه، منیش په‌یوه‌ندیم به كاك سەڵاحەوە كرد و كاك سەڵاحیش ئاماده‌یی ده‌ربڕ‌ی و وتی من هه‌ركاتێك بتانه‌وێت و بۆ هه‌ر ئیشێك بێت ئاماده‌م، من ئه‌و كاته به كاك شێرۆم وت و كاك شێرۆ خۆی په‌یوه‌ندیی به كاك سەڵاحەوە كرد و منیش ئیشی خۆم ده‌كرد.
خوێنی شه‌هیدان بوو به رێكخراوی هه‌ڵۆی سوور، دوای ماوه‌یه‌ك به‌داخه‌وه ئێمه ئاشكرابووین و زۆربه‌ی هاوڕ‌ێیانی رێكخراوەکەمان دەستگیرکران، من توانیم تا ماوه‌یه‌ك رابكه‌م و ئه‌وكاته ده‌گه‌ڕ‌امه‌وه به‌دوای هه‌واڵی براده‌رەکانی خۆماندا، له كۆتاییدا زانیم كه كاك سەڵاحیش دەستگیرکراوە، ئیتر نه‌مبینییه‌وه تا له ئه‌منی عامه بووین، من له‌گه‌ڵ شه‌هیدان ملازم جوامێر و جه‌مال سه‌عید و سه‌لمان داود، رۆژێك كاك سەڵاحیان هێنا بۆ سه‌رتاشین و له‌وێ چاومان به یه‌كتری كه‌وت و سڵاومان له یه‌كتر كرد، له‌و كاته‌دا به روویه‌كی زۆر خۆش و به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه سه‌لامی لێكردم و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و دواتر حه‌ره‌سه‌كان نه‌یانهێشت به‌رده‌وام بین.
دواتر له‌كاتی دادگاییه‌كه‌مان، له 15/12/1977 ئێمه‌یان برد بۆ دادگای سه‌وره له‌وێ یه‌كمان بینییەوە و ده‌توانم بڵێم من له نزیكه‌وه كاك سەڵاحم بینی به وره‌یه‌كی زۆر به‌رز، كابرایه‌كی به‌جه‌رگ بوو، كه حوكم دراین ئه‌و حوكمه‌كه‌ی به سنگێكی فراوان و به ئازایه‌تییەوە وه‌رگرت.
دوای ئه‌و قۆناغه‌ش ئێمه‌یان برد بۆ ئه‌بوغرێب، له‌وێش له دۆخێكی زۆر ته‌نگانه‌دا یه‌كمان ده‌بینی، ئه‌وكاته گوشارێکی زۆرمان له‌سه‌ربوو له‌لایه‌ن ئه‌منی ئه‌بوغرێب، به ر‌استیش كاك سەڵاح یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو كه زۆر ئازا بوو له‌ناو زیندان، ئێمه هه‌موومان له‌یه‌ك شوێن بووین هه‌تا ئه‌وكاته‌ی ئازادكراین به لێبوردنی گشتی له ساڵی 1979، ئه‌وكاته له ساڵی 1980 من چوومه ده‌ره‌وه.
له‌كۆتایی ساڵی 1980 من له راگه‌یاندن چووم بۆ ئیزگه‌ی ده‌نگی شۆڕ‌شی عیراق و له‌وێ كارم ده‌كرد، ئه‌وكاته كاك وشیار عابد و كاك شوكری لەوێ بوون، منیش له به‌شی عه‌ره‌بی بووم، دوای ماوه‌ی چه‌ند مانگێك بینیم كاك سەڵاحیش هات بۆ ئه‌وێ له توژه‌ڵه، له‌و سه‌رده‌مه له به‌شی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ مندا ئیشی ده‌كرد، تاماوه‌یەك له‌وێ مایه‌وه و دواتر به كاروباری مه‌كته‌بی سیاسی ناردیان بۆ ئێران بۆئه‌وه‌ی له‌ناو كورده فه‌یلییه‌كانی ئێران‌دا ئیش بكات.
ئه‌وه دواقۆناغ بوو كه‌له‌یه‌ك جیابووینه‌وه، ئه‌وكاته‌ی له شاخ بووین، دواتر منیش چووم بۆ ئێران و له ئێران له كۆتایی 1980 بینیم و ماوه‌یه‌ك له‌وێ ماینه‌وه و دواتر من به‌ره‌و هه‌نده‌ران كۆچم كرد و ئه‌و هه‌ر له‌وێ مایه‌وه، ئیتر نه‌مبینییه‌وه تا ساڵی 2007، له‌وكاته‌وه ئیتر هه‌ر په‌یوه‌ندییمان به‌یه‌كه‌وه ده‌كرد.
به راستی كۆچكردنی ئه‌و هاوڕێ تێكۆشه‌ره بۆ من بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له ژیانم دروستكرد، هه‌رگیز پڕ‌نابێته‌وه، یه‌كێك بوو له هه‌ره دۆسته نزیكه‌كانی من، منیش تا ماوم شانازی ده‌كه‌م كه مرۆڤێكی وه‌ك ئه‌و شۆڕ‌شگێڕ‌ه گه‌وره‌یه هاوڕ‌ێم بوو، ئه‌و هاوڕ‌ێی خه‌باتم بوو، چ له ژیانی رێكخراوەیی و چ له زیندان و چ له شاخ. به‌م بۆنه خه‌مناكه‌وه ئه‌مه‌وێ سه‌ره‌خۆشی له‌كه‌سوكاری هاوڕ‌ێی تێكۆشه‌رم كاك سەڵاح جان بكه‌مه‌وه.
رعد بەشیر ئەسکەندەر
پێشمەرگە و کادیری پێشکەوتوو
سالی 1956 لە شاری بەغدا لە دایک بووە
سالی 1975 لە رێگەی شێرۆ عەبدولقاد رەوە پەیوەندی بە رێکخراوی نهێنی خوێنی شەھیدانەوە کرد
سالی 1982 لەسەر پێشنیاری سەرۆک مام جەلال کرایە کادر لە ئۆفیسی پەیوەندییەکان لە تاران.