ئه‌وه‌ی راستی بێت سه‌ره‌تای ناسینم، یان هاوڕێیه‌تیم له‌گه‌ڵ كاك سەڵاح، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاری به‌غدا، ئێمه هه‌موو خه‌ڵكی یه‌ك گه‌ڕه‌ك بووین، به‌ڵام وه‌ك ناسین و قسه‌كردن به‌یه‌كه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1971ـ 1972، ئه‌و ده‌مه كاك سەڵاح خوێندكاری دوو یان سێی ناوه‌ندی بوو، له بیرمه خوێندنگاكه‌ی ناوی ناوه‌ندیی (ئیبن سینا) بوو، كاك سەڵاح كوڕێكی گه‌نجی خوێن گه‌رم و حه‌ماسی و كوردپه‌روه‌رێكی عه‌جیب بوو.
ئه‌و وه‌خته یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له ناوه‌ندییه‌كانی به‌غدا هه‌بوو، كه كارمان رێكخستنی خوێندكاره كورده‌كان بوو بۆ كاری رێكخراوه‌یی لە یه‌كێتی قوتابیانی كوردستاندا، به‌غدا هه‌مووی یه‌ك كۆمیته‌ی هه‌بوو، ئه‌ویش كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌كان بوو، له‌هه‌ر كۆمیته‌یه‌ك كهرتێكمان هه‌بوو، كه‌رته‌كه‌ی كاك سەڵاح كه‌رتی شه‌هید عه‌زیز بوو، یه‌كه‌م ئیشمان كه به‌هۆیه‌وه ناسیم و باسی ئه‌وه‌مان كرد كه ئیشێك هه‌یه له ساڵی 1972 بوو، كه كاری ته‌سفیری كورده فه‌یلییه‌كان ده‌ستپێكرد، به‌یاننامه‌یه‌كمان هه‌بوو بۆ هه‌ر خوێندنگەیەک 50 بۆ 60 دانه‌مان پێدان، به‌ڵام كاك سەڵاح به‌ره‌حمه‌ت بێت، ئه‌و وه‌خته نزیكه‌ی 200 بۆ 300 دانه‌ی وه‌رگرت، دابه‌شیكرد به‌سه‌ر هه‌موو خوێندنگەکانی تر و شوێنه‌كانی تری به‌غدادا.
پیاوێكی زۆر ورد و چالاك و بزێو بوو، هه‌تا پێموایه له‌ناو كۆمه‌ڵه‌شدا، له ئەڵقە رۆشنبیرییەکانی ناو كۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ براده‌رێكدا بوو ناوی كاك خالید بوو، چوو بۆ ئه‌وروپا، كه كوردی فه‌یلی بوو، له نێوان ساڵانی 1972 بۆ 1973 هه‌تا 1975، له‌ناو یه‌كێتی قوتابیانی كوردستاندا پێکەوە ئیشمان كرد، كه من له 1975 ده‌ستگیرکرام و ئیتر له كاك سەڵاح دابڕام، تا 1977 كاك سەڵاح له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی كاك كورده و شه‌هید جوامێر و هه‌ڵۆی سوور، رێكخراوی خوێنی شه‌هیدانیان دروستكرد، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوو چه‌ند چالاكییه‌ك بنوێنن له شاری به‌غدا، ئه‌وه‌بوو له بەڕێوەبەرێتی رۆشنبیریی كوردی كابرایه‌كیان له‌به‌غدا کەسێکیان بە سزای گەل گەیاند، نه‌خشه‌شیان دانابوو كه تاریق عه‌زیز بەسزای گەل بگەیەنن، ئیتر ده‌ركه‌وت كه خۆفرۆشێك خۆی خزاندبووه ناویانەوە و ناوی هه‌موویانی ئاشکراکردبوو، دواتر دەستگیرکران.
من دووه‌م جار كه كاك سەڵاحم بینی له ساڵی 1977 بوو له زیندان حوكمی هه‌تاهه‌تایی درابوو، له زیندانیش پیاوێكی ئێسك سوك و هه‌میشه ده‌م به‌پێكه‌نین و وره به‌رز بوو، ده‌توت هاتووه بۆ سه‌فره نەک له زیندان بێت، هه‌میشه خه‌ریكی به‌زم بوو، پیاوێكی زۆر وره‌به‌رز و كوردپه‌روه‌ر بوو.
ئێمه هه‌موومان پێكه‌وه له ساڵی 1979 بۆ 1980 ئازادبووین و دابڕاین له‌یه‌كتری، ئه‌و نێردرا بۆ ئێران و من له 1981 بۆ 1982 بووم به پێشمه‌رگه و جارێكی‌تر له‌وێ بینیمه‌وه، كه رێكخراوی كۆمیته‌ی رێكخستنی فهیلییهكانمان دروستكرد له ئێران، ئه‌و ئه‌ندامی ئه‌و كۆمیته‌یه بوو، منیش لێپرسراو و ئه‌ندامی كۆمیته‌كه بووم، چالاكی و كاری زۆر چاكی ده‌كرد، رێكخستنی له ناوچه دووره‌كانی ئێران وه‌كو شیمالی ئێران هه‌بوو، له‌هه‌ر شوێنێك كوردێك هه‌بوایه ده‌چوو رێكده‌كه‌وت له‌گه‌ڵی.
كاك سەڵاح له‌كاتی ئه‌نفال و كۆڕهوهكەدا رۆڵێكی زۆر به‌رجه‌سته‌ی بینی له داڵده‌دانی ئاواره‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و ناردنی بۆ ئاواره‌كان، كاك سەڵاح به حوكمی كۆمیته‌ی رێكخستنی فه‌یلییه‌كان، له‌گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێكی تری كورده فه‌یلییه‌كانی ئێران‌دا رۆڵێكی زۆر به‌رجه‌سته و باڵایان بینی له ناردنی خواردن و جل و به‌رگ بۆ ئاواره‌كان و بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌وانه‌ی چوون به دیوی ئێران‌دا، ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئێمه له‌وێ بووین، پاشانیش كه راپه‌ڕین بوو ده‌هاتینه‌وه بۆ كوردستان، من بووم به به‌رپرسی مه‌كته‌بی شه‌هیدان، كاك سەڵاح بوو به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی شه‌هیدان، له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاوێكی ورد و دنیادیده بوو، له دیوی ئێران كاری بازرگانی زۆری ده‌كرد، بۆیه كردمانه به‌رپرسی به‌شی بازرگانی و پاره‌یه‌كی چاكی په‌یدا ده‌كرد بۆ مه‌كته‌بی شه‌هیدان.
وه‌ك وتم هه‌میشه پیاوێكی دڵسۆز و خوێن گه‌رم و به‌مشور بوو، پاشان كاك سەڵاح له مه‌كته‌بی شه‌هیدان نه‌ما، چووه مه‌كته‌بی راگه‌یاندن، هه‌روه‌ها كاری لۆجستیكی زۆر به‌رجه‌سته و گه‌وره‌ی كرد، به‌تایبه‌تی پاش رووخاندنی رژێمی سه‌دام له ساڵی 2003، كه چوون بۆ به‌غدا كاری لۆجستیكی ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ و رۆژنامه‌ی ده‌كرد، پیاوێكی دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ر، یه‌ك سیفه‌تی تیا بوو كه هه‌ر فه‌رمانێكی بۆ ده‌هات یه‌كسه‌ر جێبه‌جێكار نه‌بوو، هه‌میشه گفتوگۆی ده‌كرد، ده‌یویست له‌وه تێبگات چی ده‌كات و بۆچی ده‌یكات، پیاوێك نه‌بوو به ئاسانی بڕوای پێ بهێنرێت، ده‌بوو تێی بگه‌یه‌نیت و تێبگات بۆچی ئه‌و كاره‌ی پێ ده‌سپێردرێت، ئه‌مانه هه‌مووی سیفاتی به‌رجه‌سته‌ی كاك سەڵاح بوون.
كاك سەڵاح یه‌كێك بوو له هاوڕێ نزیكه‌كانی من، كه به‌داخه‌وه دوای نه‌مانی، واده‌زانم لایهكم لێبۆته‌وه، هه‌میشه برایه‌ك و هاوڕێیه‌كی دڵسۆز بوو، ئامۆژگاریی زۆر باشی هاوڕێكانی ده‌كرد و مشووری ده‌خواردن. باسكردن له ژیان و گوزه‌رانی كاك سەڵاح و ئه‌وه‌ی چ رۆڵێكی هه‌بووه كارێكی ئه‌وه‌نده ئاسان نییه، هه‌موو كات بۆ ئینسان نایه‌ت بتوانێت بیخاته بیر و باسیان بكات.
سەعدون فەیلی
ساڵی 1952 لە بەغدا لە دایک بووە.
ساڵی 1972 پەیوەندیی بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە کردووە.
ساڵی 1975 لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی عیراق دەستگیر کراوە.
ساڵی 1976لەگەڵ پۆلێک ئەندامی کۆمەڵە درایە دادگا و بە شەش ساڵ زیندانی حکوم درا.
ساڵی 2005بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵبژێردرا .
ساڵی 2013 کرایە لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکان لە بەغدا.