یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی بۆندی ئیرلینگ هالاندی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی بروسیا دۆرتمۆند راگه‌یاند و دوپاتی كرده‌وه ئه‌و یاریزانه وه‌رزی داهاتوو به درێسی سیتیزن یاری ده‌كات.
دوای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كان ئاشكرایانكرد مان سیتی هه‌موو رێكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی هێرشبه‌ره نه‌رویژیه‌كه‌ی كۆتایی پێهێناوه دواجار یانه‌كه له پێگه‌ی ره‌سمی خۆی هه‌واڵی گواستنه‌وه‌ی یاریزانه‌كه‌ی راگه‌یاند.
مان سیتی له پێگه‌ی خۆی نووسیویه‌تی: ده‌توانین رایبگه‌یه‌نین مان سیتی گه‌یشتۆته رێككه‌وتنی كۆتایی له‌گه‌ڵ یانه‌ی بروسیا دۆرتمۆند بۆ ئه‌وه‌ی ئیرلینگ هالاندی هێرشبه‌ری ئه‌و یانه‌یه بگوازێته‌وه ریزه‌كانی.
یانه‌كه هیچ ورده‌كاریه‌كی بۆنده‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردوه‌و ته‌نها رایگه‌یاند ئیمزاكردنی بۆنده‌كه له‌سه‌ر ورده‌كاریه‌كانی بۆنده‌كه ماوه له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كه.
به‌مه‌ش مان سیتی دوای ركابه‌ری به‌هێز له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا توانی ئه‌و یاریزانه به‌هره‌مه‌نده بگوازێته‌وه ریزه‌كانی كه له 88 یاری له‌گه‌ڵ دۆرتمۆند 85 گۆڵ كردوه.
هالاند هه‌مان رێچه‌كه‌ی ئالف ئینگه‌ی باوگی گرته به‌ر كه پێشتر بۆ ماوه‌ی سێ وه‌رز له ریزی یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی یاریكردوه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجیشه بۆندی ئه‌و یاریزانه به‌رامبه‌ر به ته‌نها 60 ملیۆن یۆرۆ بووه كه ئه‌مه پاره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی بووه، به‌ڵام مان سیتی نزیكه‌ی 80 ملیۆنیشی وه‌كو شیرینی بۆند داوه به باوكی یاریزانه‌كه‌و كۆمپانیای سپۆنسه‌ری هالاند و مووچه‌ی ساڵانه‌شی 30 ملیۆن یۆرۆ ده‌بێت.
ئه‌دیمی بووه جێگره‌وه‌ی هالاند
بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی هالاندیش یانه‌ی بروسیا دۆرتمۆند رایگه‌یاند گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتنی كۆتایی له‌گه‌ڵ یانه‌ی رێدبۆڵ سالزبۆرگی نه‌مسایی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ریم ئه‌دیمی هێرشبه‌ری ئه‌و یانه‌یه بگوازنه‌وه ریزه‌كانیان.
دوای ماوه‌یه‌كی كورت له راگه‌یاندنی بۆندی رۆیشتنی هالاند یانه‌ی بروسیا دۆرتمۆند هه‌واڵی گواستنه‌وه‌ی جێگره‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ی راگه‌یاند كه هێرشبه‌رێكی لاوی ئه‌ڵمانیه.
ئه‌دیمی ئه‌م وه‌رزه به ئاستی زۆر به‌رز له ریزی یانه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت و به‌هۆیه‌وه چه‌ندین یانه له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه بارسێلۆنا گرنگیان پێده‌دا، به‌ڵام دواجار دۆرتمۆند توانی په‌لكێشی ریزه‌كانی بكات.
دۆرتمۆند رایگه‌یاند بنۆدێكی بۆ ماوه‌ی 5 وه‌رز له‌گه‌ڵ ئه‌و یاریزانه 20 ساڵه ئیمزا كردوه‌و ئه‌و یاریزانه‌ش پشكنینه پزیشیكه‌كانی تێپه‌ڕاندوه و به‌پێی سه‌رچاوه‌كانیش بڕی پاره‌ی بۆنده‌كه‌ی 30 ملیۆن یۆرۆیه.
ئه‌دیمی له‌گه‌ڵ لاوانی ئه‌ڵمانیا بووه‌ته پاڵه‌وانی یۆرۆی خوار 21 سال و ئه‌م وه‌رزه‌ش له خولی نه‌مسا 21 گۆڵی كردوه‌و به‌شێوه‌ی گشتیش له 35 یاری ئه‌م وه‌رزه 22 گۆڵی كردوه‌و 6 گۆڵیشی دروستكردوه.
به‌هۆی ئاسته به‌رزه‌شی ئه‌و یاریزانه بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا كرا‌و مانگی سێپته‌مبه‌ری ساڵی رابردوو به درێسی مانشافته‌وه له پاڵاوتنی مۆندیال یاری كرد و گۆڵیشی به‌رامبره به ئه‌رمینیا كرد.