رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
(18)
هه‌موو جارێك كه له فڕۆكه‌خانه‌ی زیوریخ (Zurich) پیاسه ده‌كه‌م، هه‌ست به هه‌ندێك گۆڕانكاری بچووك ده‌كه‌م كه تیایدا روویداوه. بۆ نموونه مێز و كورسییه‌كانی كافیتریاكه گۆڕاوه، یان تابلۆیه‌كی ریكلامی گه‌وره‌یان تازه داناوه، یان مێزی به‌رپرسی قبووڵكردن گۆڕاوه. جاریوایه به‌رپرسانی فڕۆكه‌خانه پاركی ئوتومبیله‌كان نوێده‌كه‌نه‌وه و گهیتهكانی پشكنین ده‌گۆڕن. ته‌قریبه‌ن نزیكه‌ی سی ساڵه مانگی یه‌كجار ده‌چمه ئه‌وێ و هه‌موو جارێك گۆڕانكاری و حاڵه‌تی تازه ده‌بینم. هه‌میشه دایكم و ئه‌و كاته‌م دێته‌وه یاد كه بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ ئه‌ودا سه‌ردانی فڕۆكه‌خانه‌ی زوریخم كرد. ئه‌و زه‌مانه منداڵێكی بچووك بووم ده‌ستم به ده‌ستی دایكمه‌وه بوو، چاوهڕیبووم باوكم له سه‌فه‌رێكی ئیش بگه‌ڕێته‌وه. بیرمه باوكم له پله‌كانی فڕۆكه‌كه هاته‌خواره‌وه و ده‌ستی بۆ ئێمه راوه‌شاند.
ئێستا كه دۆخی ئه‌و كاته‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه له‌گه‌ڵ حاڵی حازردا به‌راورد ده‌كه‌م، تێده‌گه‌م هه‌موو شتێك گۆڕاوه و هیچ شتێك له شوێنی پێشووی نییه. ئه‌و زه‌مانه فڕۆكه‌خانه‌ی زوریخ كلۆتین (Zurich-Kloten)، ته‌نیا یه‌ك هۆڵی بچووكی هه‌بوو، له رێی بڵندگۆوه فڕین و ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خه‌ریك بوو له فڕین بهجێبمێنن به زمانی ئه‌ڵمانی، ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی ده‌خوێنرایه‌وه، به‌ڵام ئێستا فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی زوریخ خاوه‌نی فرۆشگایه‌كی گه‌وره‌یه كه سێ باندی گه‌وره‌ی هه‌یه. من دڵنیام تۆش ده‌توانیت ناوی چه‌ند جێگایه‌ك بهێنیت كه به درێژایی ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه. چه‌ندان گۆڕانكاری كه له‌وانه‌یه له‌به‌ر چاوت نه‌بووبێت و هێنده سه‌رنجی رانهكێشابیت.
پرسیاره گرنگه‌كان
تۆ سه‌باره‌ت به خۆت چۆن بیرده‌كه‌یته‌وه؟ به ده‌ربڕینێكی دیكه به‌درێژایی ژیانت تا چه‌ند گۆڕانكاریت به‌سه‌ردا هاتووه؟ هه‌وڵبده 20 ساڵی رابردوو بهێنیته‌وه یادت و بیربكه‌ره‌وه له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رقاڵی چ ئیشێك بوویت و ئامانجه‌كانت چی بوون؟ كاره‌كته‌ر و خولق و خووت چۆن بووه، ئه‌و شتانه چی بوون لات به‌هایان هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی بێبه‌هابوون. پاشان خۆت له‌گه‌ڵ ئێستات به‌راورد بكه، له سفره‌وه هه‌تا 10 خاڵ بده به خۆت (به‌بێ گۆڕانكاری) و (گۆڕانكاریی ته‌واو).
من ئه‌م پرسیاره‌م ئاراسته‌ی ژماره‌یه‌ك له هاوڕێكانم كرد، زۆربه‌یان گوتیان له ماوه‌ی ئه‌و 20 ساڵه‌دا گۆڕانكاریی زۆریان دیوه له بواری باوه‌ڕ، بۆچوون، دڵخۆشی و رقلێبوونه‌وه، ئاسایی نمره‌ی (2-4) یان دابوو به‌م پرسیاره. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م كه‌سانه گۆڕانكاری زۆریان به‌سه‌ردا هاتبوو، به‌ڵام به رای خۆیان زۆر پره‌نسیپ و تایبه‌تمه‌ندییان وه‌كو 20 ساڵ پێشتر بوو، گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتبوو.
پرسیاری دواتر ئه‌مه‌یه: پێت وایه له 20 ساڵی داهاتوودا چه‌نده گۆڕانكاریت به‌سه‌ردا دێت؟
زۆربه‌ی هاوڕێكانم نمره‌ی (0-1)یان داوه، به ده‌ربڕینێكی دیكه ئه‌وان باوه‌ڕیان وانه‌بوو وره و خوڵق و خوویان له ئاینده‌دا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نایه‌ت، یان ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریشی به‌سه‌ردا بێت به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه بێبایه‌خه و ده‌كرێت چاوپۆشی لێبكرێت. ئایا مایه‌ی سه‌رنج نییه كه وه‌كو فڕۆكه‌خانه‌كان و وێستگه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆمان به‌سه‌ردا نایه‌ت؟ ئایا ده‌شێت ئه‌مڕۆ دوا رۆژ بێت كاره‌كته‌ری تۆ كامڵتر بێت و دوای ئه‌وه هیچ گۆڕانكارییه‌ك نابینین؟ هه‌ڵبه‌ته وا نابێت و یه‌كێك له ده‌روونناسه‌كانی زانكۆی هارڤارد (Harvard) به ناوی دانێل گیلبه‌رت (Daniel Gilbert) ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ی ناوناوه هه‌ڵه‌ی كۆتایی. به‌و مانایه‌ی ئێمه واده‌زانین هه‌موو شتێك به بێ گۆڕانكاری و به‌جێگیری ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام له راستیدا ئێمه له ئاینده‌دا به‌و راده‌یه گۆڕانكاریمان به‌سه‌ردا دێت كه له رابردووه‌وه هه‌تا ئێستا به‌سه‌رماندا هاتووه. دیاره زۆرجار ئه‌وه روون نییه ئێمه به چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌گۆڕێین، به‌ڵام بێگومان ئه‌و مرۆڤه‌ی ئێستا نابین و كاره‌كته‌ر و به‌هاكانمان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت.
كامیانت خۆشتر ده‌وێ؟
ئێستا داوات لێده‌كه‌م ته‌ركیزی خۆت له‌سه‌ر كاره‌كته‌ر و بههاكانت لابه‌ره و بایه‌خ به‌و بابه‌ت و شتانه بده كه 20 ساڵ پێش ئێستا حه‌زت لێیان بووه. ئه‌و فیلمه‌ی حه‌زت لێبووه چی بووه؟ ئایا ئێستاش حه‌زت له‌و فیلمه‌یه؟ خۆشه‌ویستترین هاوڕێكانت له 20 ساڵی رابردوودا كێ بوون؟ ئایا هێشتا په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵیان هه‌یه؟ چ كه‌سانێك ئهفسانهت بوون و شێتانه ده‌تپه‌رستن؟ ئایا هێشتا باوه‌ڕت پێیان هه‌یه و بایه‌خیان پێده‌ده‌یت؟ سه‌ره‌تا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ره‌وه و ئینجا باقی ئه‌م وتاره بخوێنه‌ره‌وه.
گیلبه‌رت سه‌باره‌ت به شێوازی حسابكردنی راده‌ی ئه‌م گۆڕانكارییانه له‌لای كه‌سه‌كان، میتۆدێكی هه‌بوو كه هێنده‌ش شاره‌زایانه نییه. دوو پرسیاری له‌و كه‌سانه كرد كه به‌شداری ئه‌زموونه‌كه‌یان كرد:
1- ئه‌و گروپی مۆسیقایه‌ی 10 ساڵ پێش ئێستا به‌لاته‌وه خۆشه‌ویست بووه كامه‌یه و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بته‌وێت بچیته كۆنسێرتیان ئاماده‌ی چه‌ند بده‌یت به بلیتهكهیان؟
2- ئه‌و گروپی مۆسیقایه‌ی ئێستا لات خۆشه‌ویسته كامه‌یه و پێت وایه ئه‌گه‌ر 10 ساڵی داهاتوو كۆنسێرت بكات ئاماده‌ی چه‌ند پاره بده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی بچیته كۆنسێرته‌كه‌یان؟
ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شداری ئه‌م راپرسییه‌یان كردووه وه‌ڵامی سه‌رنجڕاكێشیان داوه‌ته‌وه. زۆربه‌ی كه‌سه‌كان پێیان وابووه له ئاینده‌دا ئاماده‌ن پاره‌ی زۆر بده‌ن بۆ ئاماده‌بوون له كۆنسێرتی ئه‌و گروپی مۆسیقایه‌ی ئێستا خۆشیان ده‌وێت، به‌ڵام حه‌زیان له‌وه نه‌بووه پاره بده‌ن به كۆنسێرتی ئه‌و گروپی مۆسیقایه‌ی پێشان خۆشیان ویستووه. ئه‌م راپرسییه ئه‌وه‌ی سه‌لماند هه‌ڵه‌ی كۆتایی له مێشكی زۆربه‌ی كه‌سه‌كاندا هه‌یه و بڕیار و بۆچوونه‌كانمان ئاسانتر له‌وه‌ی كه بیری لێده‌كه‌ینه‌وه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت.
بابه‌ته‌كه دوولایه‌نه‌یه
ئه‌م بابه‌ته دوو لایه‌نی باش و خراپی هه‌یه. لایه‌نی باشی ئه‌وه‌یه كه ده‌توانیت تاڕاده‌یه‌ك گۆڕانكاری له كاره‌كته‌ری خۆتدا بكه‌یت. هه‌ڵبه‌ته جینهتیك و فاكته‌ری ده‌وروبه‌ر تاڕاده‌یه‌ك ده‌ستت ده‌به‌ستن، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ خراپ نییه ئه‌گه‌ر به‌ختی خۆت تاقیبكه‌یته‌وه. هه‌وڵبده ئه‌و كه‌سانه بكه‌یت به نموونه‌ی خۆت كه په‌سه‌ندیان ده‌كه‌یت، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی نموونهكهتدا هه‌تا ده‌توانیت وردبه.
لایه‌نی خراپ ئه‌وه‌یه نا‌توانیت كه‌سانی تر بگۆڕیت، ته‌نانه‌ت نا‌توانیت هاوسه‌ره‌كه‌ت یان مناڵه‌كانیشت بگۆڕیت، چونكه ئه‌و پاڵنه‌ر و هه‌سته‌ی پێویسته بۆ گۆڕانكاری ده‌بێت له ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه هه‌ڵ بقوڵێت نه‌ك له ده‌ره‌وه. ته‌نانه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ی لۆجیكی له‌م باره‌یه‌وه بێئه‌نجامه و كه‌سه‌كان زیاتر له دژت ده‌وه‌ستنه‌وه.
هه‌ربۆیه من پێشنیازت بۆ ده‌كه‌م له‌و دۆخه دوور بكه‌وه‌ره‌وه كه ناچاریت كه‌سێك بگۆڕیت، چونكه له حاڵه‌تی ره‌چاوكردنی ئه‌م بنه‌مایه‌دا تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌و به‌دبه‌ختیانه به‌دوور ده‌بیت كه له‌وانه‌یه تووشت ببن و تاڕاده‌یه‌كی زۆریش كات و خه‌رجی مادی و مه‌عنه‌ویت به‌فیڕۆ ناده‌یت.
به‌ڕێوه‌بردنی كۆمپانیا
ئه‌گه‌ر بمه‌وێت خۆم بكه‌م به نموونه ده‌بێت بڵێم من هه‌رگیز ئیش به كه‌سێك ناكه‌م كه ناچار بم كاره‌كته‌ر و راده‌ی توانای بگۆڕم، چونكه ده‌زانم ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و ئیشه نایه‌م. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا كه خولق و خوویان له‌گه‌ڵ مندا ناگونجێت شهریكایهتی ناكه‌م، هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه هاوبه‌شی له‌گه‌ڵیاندا سوودێكی زۆرم پێبگه‌یه‌نێت. هه‌روه‌ها پێشنیازی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمپانیایه‌ك قبووڵ ناكه‌م كه پێویسته گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له ستافی كاره‌كه‌یدا بكه‌م.
كه‌سانی هۆشیار و سه‌ركه‌وتوو له ئابووری و ئیشیاندا هه‌میشه ئه‌م بابه‌ته له‌به‌رچاو ده‌گرن. بیرمه سه‌روه‌ختێ یه‌كێ له فڕۆكه‌خانه‌كان كه له باشووری خۆرئاوای سویسرا بوو دروشمێكی به‌م ناوه‌ڕۆكه هه‌بوو «وه‌رگرتن له‌به‌رخاتری ئامانج و باوه‌ڕ و راهێنان بۆ فێربوونی شاره‌زایی.» به رای من ته‌واو راست و به‌جێ بوو، چونكه ئێمه ناتوانین كه‌سێك كه له ناخه‌وه فێڵباز و ساخته‌چییه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بگۆڕین، ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سه بێته ناو ژیانی تایبه‌تی یان ئیشكردنمانهوه، بێگومان كێشه‌مان بۆ دروست ده‌كات، به‌ڵام ده‌توانین كه‌سانی باش فێر بكه‌ین و شاره‌زایان بكه‌ین و دڵنیا بین به باشترین شێوه ئیش ده‌كه‌ن.
چۆن رزگارت ده‌بێت؟
به‌لای منه‌وه زۆر مایه‌ی سه‌رنجه چۆن هه‌ندێك كه‌س له حسابكردن بۆ ئه‌م بابه‌ته غافڵ ده‌بن. یه‌كێك له هاوڕێكانم كه‌سێكی زۆر كۆمه‌ڵایه‌تییه و مامه‌ڵه‌ی خۆشه، له‌گه‌ڵ ژنێكی جوان و ده‌روون نه‌خۆشدا زه‌ماوه‌ندی كرد، پێی وابوو ده‌توانێت له كه‌سێكی گۆشه‌گیر و بێده‌نگه‌وه بیكات به كه‌سێك كه عاشقی چوونه میوانی و قسه‌كردن بێت له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك هه‌وڵ و كێشمه‌كێش نه‌گه‌یشته هیچ ئه‌نجامێك و له كۆتاییدا له‌یه‌ك جیابوونه‌وه. ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه له رووی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه زۆر له‌سه‌ر هاوڕێكه‌م كه‌وت.
بنه‌مایه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه: «هه‌میشه له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا ئیش بكه كه كارهكتهریانت قبووڵه و ده‌توانیت متمانه‌یان پێبكه‌یت» هه‌روه‌كو چارلی مه‌نگه‌ر ده‌ڵێت: «زۆر گرنگه له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌یت كه متمانه‌ت پێیانه و ئه‌و كه‌سانه‌ی كاره‌كته‌ریان له‌گه‌ڵ تۆدا ناگونجێت بخه‌یته‌لاوه.»
تۆ چۆن له شه‌ڕی ئه‌و كه‌سانه خۆت رزگار ده‌كه‌یت كه وه‌كو ژه‌هر ئیش ده‌كه‌ن و هه‌موو وزه و توانات وێران ده‌كه‌ن؟ من و ژنه‌كه‌م له دوا رۆژی هه‌ر ساڵێكدا پارچه كاغه‌زێك هه‌ڵده‌گرین و ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر ده‌نووسین كه وه‌كو ژه‌هراوی دێنه به‌رچاومان و ئیتر ته‌حه‌مولیان ناكه‌ین، پاشان ئه‌و پارچه كاغه‌زه ده‌سووتێنین، ئه‌م بابه‌ته له خێزانه‌كه‌ی ئێمه‌دا وه‌كو نه‌ریتێكی لێهاتووه.
سه‌رچاوه: هنر خوب زیستن، ص105-109
به‌شێك له فڕۆكه‌خانه‌ی زیوریخ