ئارێز حسێن
- 2 -
لە بەشی یەكەمدا بۆ بیرخستنەوەی كەمال كەركوكی و هاوئاوازەكانی دەبوو پەردە لەسەر تاوانەكە بە شێوەیەكی پانۆڕامایی خێرا هەڵماڵین و ئاماژە بە جوگرافیای رووداوەكە بدەین، بەڵام ئیتر لەم زنجیرە راستكردنەوەیەدا پێویستە پەردە لەڕووی رووداوەكانی پێشتر و دواتری كارەساتەكە تا دەگاتە ئەو شوێنەی كە كەمال كەركوكی پاش زیاتر لە 45 ساڵ لەو كارەساتە دەیەوێت بە درۆ و بوختان بەدەمی شەهیدەكانەوە راستییەكان ئاوەژوو بكاتەوە و مێژوو و نەوەكانی ئێستا و داهاتوو چەواشە بكات.
یەكێك لەو بەڵگەنامانەی كە دەیسەلمێنێت پارتی پابەند نەبووە بە هیچ رێكەوتن و گفت و بەڵێنێكەوە، ئەو بەڵگەنامەیەیە كە خودی (كەمال) بە نوێنەرایەتی قیادە موەقەتەی پارتی بەرلە نزیكەی ساڵێك و شەش مانگ لە كارەساتی هەكاری، لەگەڵ نوێنەرانی ی.ن.ك-دا لە گەڵاڵە ئیمزای كردووە بە ئامانجی هاوئاهەنگی و كاری پێكەوەیی لە سنوورەكانی نفوزی یەكتری و هاوكاریش لەپێناوی پووچەڵكردنەوەی پیلانەكانی رژێمی بەعس.
ئەگەر كەمال و قیادە موەقەتەكەی درۆ ناکەن، بۆچی:
*رژێمی شا و رژێمی بەعس هەمان رژێم بوون، ئەگەر رژێمی شا نەهێڵێت درێژە بە شۆڕشی ئەیلول بدرێت، ئاخۆ چۆن هەمان رژێم رێگە دەدات (شۆڕش!) بەناوی قیادەی موەقەتەوە لەلایەن هەمان رمووزەوە هەڵبگیرسێتەوە؟ یان مەسەلەكە ئەوەبوو دەیانزانی لە 1/6/1976 شۆڕشی نوێ هەڵدەگیرسێتەوە، ئەگەرنا بۆچی لە 26/5/1976 بەر لە پێنج رۆژ رژێمی شا رێگەی دا قیادە موەقەتە دابمەزرێت و «شۆڕشی گوڵان» هەڵبگیرسێنن؟
*هێشتا یەكێتی هێزی گەورەی نەبوو، لەسەر چ بنەمایەك لە گەڕانەوەی مەفرەزەكانی شەهیدان ئیبراهیم عەزۆ و عیزەدین شەنگالییەوە قیادە موەقەتە شەڕی لەدژیان بەرپاكرد و چەندین پێشمەرگەی لێ شەهیدكردن؟
* لە دیمەشق رێكەوتن لەگەڵ مەسعود بارزانی كرا تا هەموان لەو قۆناغەدا هاوكاری یەكتری بكەن بۆ لێدانی رژێم، بەڵام لەپەنا ئەوەشدا حەسەن خۆشناو و هاوڕێكانیان شەهیدكرد.
*ئەگەر ئەو قسانەی كەمال بە زمانی شەهیدان عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید و شێخ حسێن بابەشێخەوە هەڵیان دەبەستێت درۆ و چەواشەكاریی نین، ئەی بۆچی ئەو سیانەیان (بە چەكی مەزن) شەهید كرد؟ ئەی بۆچی دوای ئەو هەموو ساڵە شوێنی گۆڕەكانیان بە كەسوكاریان ناڵێن؟
*ئەگەر قیادە موەقەتەی پارتی هاوئاهەنگ نەبووە لەگەڵ ئێران و توركیا و عیراقیشدا، هێزەكانی ئێران بۆ تۆپبارانی هێزەكانی یەكێتییان كرد و چاویان لە قیادە موەقەتە پۆشی؟ بەعس بۆ ئینزال جەویی و بۆردومانی هێزەكانی یەكێتی كرد و چەكدارەكانی قیادەیان پشتگوێ خست؟ پێشمەرگەكانی مەسیرەی هەكاری چۆن خزێنرانە زیندانی توركیاوە و لە گوڵێ كاڵتریان بە قیادە موەقەتە نەوت؟
بەپێی رێكەوتنە (8) خاڵییەكەی گەڵاڵە كە لەنێوان نوێنەرانی یەكێتی و قیادە موەقەتەی پارتیدا ئیمزا كراوە، بڕیاردراوە نوێنەرانی یەكێتی و قیادە موەقەتە بچنە سوریا بۆ چارەسەركردنی گرفتە مەیدانییەكان و هەوڵدان بۆ ئامادەكردنی زەمینەیەكی لەبار بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی كوردستانیی یەكگرتوو. رێكخستنی كاروباری بەرگریی لە نێوان مەفرەزە و هێزەكاندا لە ناوچەكانی نزیك لە یەكتری، نەكوشتنی دیل و مامەڵەی ئاسایی و یاسایی لەگەڵ دیلدا، لیژنەیەك دروستبكرێت بۆ چاودێریی و هاوئاهەنگی لە نوێنەرانی یەكێتی و قیادە موەقەتە و هەردوولاش ئازادن لە گۆڕینی نوێنەرەكان هەركاتێك بیانەوێت.