مادام برینەكان كولێنرانەوە!

راستیی كارەساتی هەكاری بەم جۆرە بوو- بەشی سێیەم

11:15 - 2023-08-10
کوردستان
1266 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز حسێن

- 3 -

لەم بەشەدا بەو پرسیارە دەستپێدەكەین كە یەكێتی و قیادە موەقەتە كامیان دەیویست ئەوی تر تەسفییە بكات؟
كاتێك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  دامەزرا. پارتی دیموكراتی كوردستان دوومانگ بوو ئاشبەتاڵیان كردبوو، هێشتا شۆكی رێكەوتننامەی جەزائیری نێوان محەمەد رەزا شا و سەدام حسێن بەرینەدابوون و ئەوان لە مشووری دۆزینەوەی نوایەكدا بوون لە كەرەج و قووڵایی ئێراندا، بەشێكیشیان سەرقاڵی خۆدەربازكردن بوون بۆ ئەوروپا و ئەمریكا، واتە كە بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتی لە 1/6/1975دا بڵاوكرایەوە، هەرخۆی شتێك نەمابوو بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەگەر ئەوەش نەمابێت، چۆن یەكێتی بە نیازی تەسفیەكردنی پارتی دروستبووە، ئاخۆ تەسفیەی تەسفیەكراو هیچ لۆجیكێك قبووڵی دەكات؟
وەك لە ئەڵقەی رابردووشدا ئاماژەمان پێدا هەرخۆی بەو دەستوبردەی دوای دامەزراندنی یەكێتی، دروستكردنی قیادە موەقەتە و پێنج رۆژ پێش هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ-ش دروستكردنی (شۆڕشی گوڵان!) لەناو هەمان ئێرانی شاهەنشایی، ئاماژەیەكی روونە كە كێ بۆ تەسفییەی كێ دروستبووە و هاتۆتە مەیدان، ئەگەرنا خێرە ئێران رێگە نادات درێژە بە شۆڕشی ئەیلول بدەن و لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوێت، بەڵام دوای دامەزراندنی یەكێتی، كارئاسانی دەكات بۆ دروستبوونی قیادە موەقەتە و دروستكردنەوەی بزووتنەوەیەكی چەكداری لە ئۆردوگاكانی كەرەج، كامیاران، جوانڕۆ، دیواندەرە، نەغەدە و راژان؟ 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرباری زامی شەهیدكردنی ئیبراهیم عەزۆ و 37 هاوڕێی و عیزەدین شەنگالی و هاوڕێكانی، حەسەن خۆشناو و هاوڕێكانی و دەیان تێكۆشەری دیكەی بادینان و سۆران، هێشتا هەر لەخەمی دووبارەنەبوونەوەی مەینەتییەكانی شەڕی ناوخۆدا بوو، بۆیە هەمیشە لە دەرەوە و لەناوەوەش بە دیدار و بە نامە لە هەوڵی ئاشتی یان لانیكەم بەریەك نەكەوتندا بووە. 
لەوبارەیەوە نەوشیروان مستەفا لە كتێبـی كارەساتی هەكاری-دا و لە چاپتەری شەشەمدا  لەژێر ناونیشانی (خاوكردنەوەی ناكۆكی لەگەڵ قیادە موەقەتە و نامە نووسین بۆ دەسەڵاتدارەكانیان)دا و لە لاپەڕە (37) دا دەڵێت: «بە نیازی خۆلادان لە شەڕی قیادە موەقەتە و خاوكردنەوەی گرژیی نێوان ی.ن.ك و ئەوان، چەند نامەیەك لەلایەن سەركردە و لێپرسراوەكانی ی.ن.ك-ەوە نووسرا بۆ هەندێك لە گەورەكانی بنەماڵەی بارزانی لەوانە مام جەلال و عەلی عەسكەری نامەیان نووسی بۆ شێخ محەمەد خالیدی بارزانی، خالید سەعید (دكتۆر خالید) نامەی نووسی بۆ حەمایل خان دایكی مەسعود بارزانی، شەهید تایەری عەلی والی بەگ نامەی نووسی بۆ رەشید سندی».
لەبارەی ناوەڕۆكی نامەكانیشەوە، نەوشیروان مستەفا ئەمین لە لاپەڕە (38)دا دەڵێت: «ناوەڕۆكی نامەكان بریتیبوو لەوەی كە كوردستان لە مەترسی راگوێزان و بەعەرەبكردندایە و لە مەترسیی لەناوچوون و تەفروتوناكردنیدایە، بۆیە ئەبێ كورد هەمووی یەك بگرێ بۆ بەگژاچوونەوەی دوژمنی سەرەكی كە حكومەتی عیراقە و ئەو هێزە بەرەو بادینان ئەكەوێتەڕێ بۆئەوەی هەرچی زووتر رێگەی چەك بكاتەوە و فریای دانیشتوانی ناوچە سنوورییەكان بكەوێ پێش 1/6/1978 كە كاتی دەستپێكردنی راگوێزانیانە و هێزەكە نیازی پەلاماردانی قیادە موەقەتەیان نییە، بەڵكو بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە دەچێ».
وەك كاك نەوشیروان ئاماژەی پێداوە، ئامانج لە ناردنی نامەكان بۆ ئەو كەسایەتییانە ئەوەبوو كاریگەریی و نفوزی خۆیان لەلای مەلا مستەفا و كوڕەكانی دروست بكەن بۆئەوەی قیادە موەقەتە نەبنە رێگر لەبەردەم ئەو هێزەی پێشمەرگە لە بادینان و سنوورەكان و شەڕیان پێ نەفرۆشن.

ئەحمەد عەبدوڵڵا ئاشقۆڵكەیی و ئەمیری خاڵە باقی ناسراو بەئەمیر ئاغا لە زیندانی تۆقان لە باكووری كوردستان - 1978
فۆتۆ: لە ئەرشیفی دیاری مام حەسەن-ەوە.

#کارەساتی هەکاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان