مادام برینەكان كولێنرانەوە!

وەڵامی چەواشەكارییەكانی كەمال بە تەنیا ئەركی كاك ملازم عومەر نییە _ بەشی چوارەم

09:52 - 2023-08-13
کوردستان
848 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز حسێن

- 4 -

دەشێت باشترین بەڵگە كە دەیسەلمێنێت سەرلەبەری قسەكانی كەمال كەركوكی یان (عەواد بەندەرەكەی قیادە موەقەتە) درۆی شاخدار و چەواشەكردنی مێژوون، ئەوە بێت كە زۆربەی شایەتە سەرەكییەكانی كارەساتی هەكاری لەناو پارتی و یەكێتیدا نەماون، یان شەهید بوون، یاخود كۆچی دواییان كردووە.
رەنگە كەمال هۆكاری بێدەنگییەكەی لە 45 ساڵی رابردوودا بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی یەكێتی و پارتی لە قۆناغی بەرەی كوردستانی و قۆناغی هاوبەشیی سیاسی و حكومەتی هاوبەشدا بوون، بۆیە قسەی نەكردووە، بەڵام ئەوەش چەواشەكاری و پاساوهێنانەوەیەكی درۆیە، چونكە جگە لە كارەساتی هەكاری، یەكێتی و پارتی بە قۆناغی چەندینجار (شەڕ، ناكۆكی، ئاشتی، هاوپەیمانی و دووبارە شەڕ)دا تێپەڕیوون، هەر لە شەڕی ناوخۆی 1981 و 1982 كە بە سوودوەرگرتن لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە (كون فەیەكونێكدا) قیادە موەقەتە لە هاوپەیمانی حەمە رەزا شاوە بوو بە هاوپەیمانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین جار هێزەكانی ئێرانیان هێنایە سەر بارەگاكانی سەركردایەتیی یەكێتی.
ئەوە جگە لە دروستكردنی بەرەی جود لە دژی یەكێتی و ئیبتیزازكردنیان كە ئەگەر لە شەڕی یەكێتیدا هاوكاریان نەبن، ئەوا رێگەی چالاكی و كردنەوەی بارەگایان لە بادیناندا پێ نادرێت، جگەلەوەش شەڕی ناوخۆی 1983 و دوای راپەڕینیش شەڕی ناوخۆی 1994 - 1998، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی لەو هەموو ناكۆكییانەدا كەمال بوێریی ئەوەی نەبوو قسە لەسەر ئەو كەیسە بكات كە بە پلەی یەكەم خۆی تێیدا رووڕەشی ئەو مێژووەیە؟، بەڵام دوای نزیكەی نیوسەدە دێت و كۆمەڵێك درۆی شاخدار بەدەم ئەو شەهیدانەوە هەڵدەبەستێت؟.
جێی خۆیەتی گلەیی لەو كەسانەش بكەین كە هێشتا ماون جوامێرانە وەك كاك ملازم عومەر نایەنە دەنگ و چەواشەكارییەكان بەدرۆ بخەنەوە؟.
بێدەنگی لە تاوان و خوێنی بەناحەق رژاوی هاوسەنگەرەكانی خۆتان و لەلایەكی دیكەشەوە دەچێتە خزمەت كەمال و هاوشێوەكانییەوە، وەك چۆن ئێستا نەك هەر سووكایەتی بە شەهیدانی كارەساتەكە دەكات، بەڵكو سووكایەتی بە زیندووەكان و شایەتحاڵەكانیش دەكات، یان وەك چۆن ئێستا كۆمەڵێك لە ریزەكانی پارتیدا هاتوونەتە پێشەوە كە لە سۆنگەی بەرژەوەندییە شەخسییەكانی خۆیانەوە 31ی ئاب بە وەرچەرخان و پاراستنی هەرێمی كوردستان لە تاكڕەویی و دەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی وەسف دەكەن.

وێنەی ئەو ئەشكەوتەی كە سەرجەم سەركردە و فەرماندە و كادیر و پێشمەرگەكانی هەكاری تێدا دیل كرابوو، كە كەوتۆتە ناو خاكی توركیا سەرسنووری توركیا-عیراق.

فۆتۆ: لە ئەرشیفی دیاری مام حەسەن-ەوە



#کارەساتی هەکاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان