مادام برینەكان كولێنرانەوە!

تەفروتوناكردنی هێزەكەی یەكێتی - بەشی پێنجەم

10:06 - 2023-08-14
کوردستان
671 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز حسێن

- 5 -
یەكێكی تر لە درۆ و چەواشەكارییەكانی كەمال كەركوكی باسكردنێتی لە قەبارە و ژمارەی هێزەكە و ئەو قسە نابەجێیانەی كە بەدەم شەهیدانی سەركردە عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید و شێخ حسێن بابە شێخەوە هەڵیبەستووە كە ئەوەی دەیڵێت وا نییە، بەڵكو ئاواتی قیادە موەقەتە و كەمال دیلكوژ وابووە كە خۆزگەیان دەخواست ئەو شەهیدانە لە دیلێتیدا وایان بووتایە و لێیان بپاڕانایەتەوە و پاكانەیان بكردایە.
ئەوەی لە زاری رزگاربووانی كارەساتەكەوە بیستراوە و ئەوەشی لە نامەی شەهیدان عەلی عەسكەری و سەركردەكان و فەرماندەكانی هێزەكەوە بەر لە بەدیلگیران و شەهیدبوونیان بەردەستكەوتووە، نەك هەر پێچەوانەی درۆكانی كەمال كەركوكییە، كە گوایە «ئەو سەركردانە پاكانەیان كردووە و وتوویانە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا هەڵیانخەڵەتاندوون»، لەو رووەوە هەڤاڵ حامید حاجی غالی فەرماندە و یەكێك لە بەدیلگیراوەكانی كارەساتی هەكاری دەڵێت: «كاتێك بەشی دووەمی هێزەكە لەلایەن هێزی زەمینی و ئاسمانی و تۆپخانەكانی ئێرانەوە گورزی كوشندەیان بەركەوت و لەلایەن عیراقیشەوە گورزی گەورەیان لێدرا، هەڤاڵ مام جەلال و سەركردایەتی داوایان كرد پێداچوونەوە بە پلانەكەدا بكرێت و چوونی بەشی دووەم و سێیەمی هێزەكە دوابخرێت بۆ داڕشتنی پلانێكی نوێ كە دیارە پلانی یەكەم لەلایەن هێزەكانی عیراق و ئێران و توركیا و عەشیرەتەكانی باكووری كوردستان بە هاوكاریی قیادە موەقەتە ئاشكرابووە، بۆیە پێویستە بەشی دووەم بكشێنەوە بۆ دۆڵە كورگی».
بەڵام وەك لە كتێبـی (كارەساتی هەكاری) نەوشیروان مستەفاش-دا ئاماژەی پێكراوە، شەهید عەلی عەسكەری و سەركردە و فەرماندەكانی هێزەكە پێشنیازەكەی سەركردایەتییان رەتكردەوە تاڕادەی ئەوەی شەهیدی سەركردە عەلی عەسكەری بە تووڕەییەوە گۆچانەكەی دا بە بەردێكدا و گۆچانەكەی شكا و وتی: «ئێمە پێشمەرگەین، خۆ ناكرێت هەر گوللەتۆپێك بتەقێت، ئێمە پلانی خۆمان بگۆڕین».
هەر لەو دیدارەیدا هەڤاڵ حامید حاجی غالی دەڵێت: لەوكاتەی لە شەڕەكەدا لە ناوچەی بازی فیشەكمان پێ نەما و زۆر ماندووبووین و لەلایەن سەدان چەكداری عەشیرەتەكانەوە دەورە دراین، جەوهەر نامیق بە سواری وڵاخێكی سپییەوە هات بۆ بینینی هێزەكە، كە وەك دوایی زانرا قیادە موەقەتە سەرەڕای ئەوەی چەندین تۆمەتی بۆ یەكێتی هەڵبەستبوو بە چەكدارەكانی ئەو عەشیرەتانەی وتبوو سەریان بۆ ئێمە و چەك و ماڵیان بۆ ئێوە، كە ئەوەش رێك لە قانوونی عەشایەریی سەدەكانی رابردوو و رەفتار و ئەتواری حەرەس قەومییەكانی بەعس دەچێت بەرامبەر بە كورد و تێكۆشەرەكانی.
ئەو هێزەی ئەوان باسی دەكەن تەنها بەشی یەكەم و دووەمی رۆیشتن، كە تێكڕا نزیكەی 800 پێشمەرگە بوون، لەو ژمارەیە بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان زیاتر لە 300 كەسیان بێ چەك بوون و زیاتر لە 50-60 پێشمەرگەشیان یان لە رێگا بە بۆردومان و بۆسەی هێزەكانی عیراق و ئێران شەهید بوون، یان بەهۆی برسێتی و رەقبوونەوە لە بەفردا و نزیكەی 76 كەسیشیان بە ناچاری و لە ئەنجامی دابڕان و نەشارەزایی، تەسلیم بوونەوە بە رژێمی عیراق، ئەوانی تر یان لە شەڕەكاندا شەهید بوون، یان بە دیلی شەهیدكران.
تەنها بەشێك لەو هێزە بە شارەزایی خۆیان دەربازیان بوو، گەیشتنەوە سەركردایەتی و هەندێك لە پێشمەرگە و فەرماندە دیلەكانیش بە هاوكاریی سەعید بەگی برای كەریم خانی برادۆست لە زیندان دەربازیان بوو، كە ئەوكات سەعید بەگ پێشمەرگەی قیادە موەقەتە بووە و پاسەوانی زیندانەكەی قیادە موەقەتە بووە لە ناوچەی هەكاری.
لە بەشی داهاتوودا باسی دادگا قەرەقوشییەكە و شەهیدكردنی هەر سێ سەركردە عەلی عەسكەری، دكتۆر خالید و شێخ حسێن بابەشێخ دەكەین.


#کارەساتی هەکاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان