ژنە شۆڕشگێڕە گومناوەکان

12:01 - 2022-05-14
ڕاپۆرت
792 جار خوێندراوەتەوە

 ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، ئەم گۆشەیە باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندوونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکات کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە یان خۆیان هەڤاڵی یەکێتی بوون و لە خەباتی ژێر زەمینیدا بەشدار بوون.
فاتمە شێخ مەجید
یەکێکی دیکە لەو ژنانە فاتمە شێخ مەجید مەعروفە‌ لە ساڵی 1940 لە سلێمانی لەدایك بووە، ئەو ژنە تێکۆشەرە دایكی هەڤاڵ بێستون سابوراوایی-ە و هاوسەری عەبدولڕەحمان كاكە حەمەی شێخ مەلا ئەحمەدی گەڵنێری-یە دانیشتووی ناحیەی پیرەمەگرونە لە گوندی سابوراوا. 
فاتمە باس لە خەباتی خۆی دەکات و دەڵێت: لە ساڵی 1977 پەیوەندیم كرد بە ریزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، هاوسەرەكەشم تێكۆشەرێكی دێرینە پێشمەرگەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی بوو، لە ساڵانی شەستەكاندا لە بەكرەجۆ، لە رێگەی شەهید غەریب هەڵەدنییەوە بەردەوام بووم لە تێكۆشان ‌و كاری رێكخراوەیی هەر لە رێگەی شەهید غەریب و مەلا عەلی كۆكەیی، بڵاوكراوەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان‌ و یەكێتیم لە سنووری سوورداشەوە دەگواستەوە بۆ رێكخستنەكانی ناو شار.
گواستنەوەی تەقەمەنی 
ئەو ئەو هەڤاڵەی یەکێتی باس لەوەش دەکات سەرباری ئەوەی دەوری تەتەری بینیوە لە نێوان رێخكستنی شاخ‌ و رێكخستنی شاردا، بەتایبەت بۆ سلێمانی ‌و بەكرەجۆ، چەندینجار ئەركی گواستنەوەی چەك ‌و تەقەمەنی پێسپێردراوە لە دۆڵی سوورداشەوە بۆ ناوشار.
فاتمە شێخ مەجید دەڵێت: بەردەوام هاتووچۆم دەكرد لە نێوان  شارو گوندەكانی كوردستان وەك: دۆڵی جافایەتی و هەڵەدن‌ و سەرگەڵو بەرگەڵو بۆ راپەڕاندنی كاروباری پێشمەرگە، لەگەڵ هاوسەرەکەم نەهامەتی زۆرمان بینیوە و لەلایەن رژێمی بەعسەوە گرتن ‌و بەندكردن‌ و ئەشكەنجەدراوین، لە ساڵی 1986 لە سەرگەڵو نیشتەجێبووین و ماڵەكەمان لە بەكرەجۆ لەلایەن رژێمی بەعسەوە داگیر كراو درابوو بە ماڵە جاشێك تا راپەڕینی ساڵی 1991 دەربەدەری زۆرمان بینی بەهۆی  هاوسەر ‌و بێستونی كوڕمەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەستی نەتەوایەتی زاڵبوو بەسەر تەواوی خێزانەكەمدا، لە دژی رژێمی بەعسی لەناوچوو خەباتمانكرد بۆ ئەمڕۆ تا ئەم رۆژە ببینین.

#خەباتی ژن

بابەتە پەیوەندیدارەکان