مامۆستا هێرش بەكر گۆمەشینی
خەڵكی گوندی (گۆمەشین)، وەك زۆربەی گوندەكانی تری كوردستان بەشداریی كاریگەریان كردووە لە شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كوردستاندا.
كاتێك لەشكری ئینگلیز لە جەنگی یەكەمی جیهاندا پەلاماری دەوڵەتی عوسمانیی دا لە خوارووی بەسرە، رۆڵەكانی ئەم گوندە بەشدارییان كرد و چواركەسیشیان لە (سەفەربەلك) بێسەروشوێن كران.
لە شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمریشدا شەرەفی بەشداریكردنیان پێبڕاوە و لە كۆماری كوردستان (مهاباد) دوو رۆڵەی ئەم گوندە بەشدارییان كرد و دواجار ئاوارەی روسیا بوون، تا لە ساڵی 1958دا گەڕانەوە بۆ وڵات.
كاتێكیش (شەمسەدین موفتی) سیاسەتمەدار و كەسایەتیی ناوداری شاری هەولێر لە رێگەی هەڤاڵی كۆچكردوو عەبدولڕەحمان گۆمەشینییەوە لە نەورۆزی ساڵی 1957دا یەكەم شانەی حزبیی لە گۆمەشین دروستكرد، 17 هەڤاڵی تێكۆشەری ئەو گوندە بوون بە ئەندام لەو شانەیە، كە یەكێك لەوانە (شەهید بەكر عوسمان گۆمەشینی) بوو.
ئیدی خەباتی خەڵكی ئەو گوندە بەگشتی و خانەوادەكەی شەهید بەكر بەتایبەتی، درێژەی كێشا و قوربانی زۆریشیان دا، كە بەتەنیا بنەماڵەی شەهید بەكر سێ رۆڵەی بەكوردستان بەخشی، ئەمەی خوارەوەش كورتەی ژیاننامەی ئەو سێ شەهیدە قارەمانەیە:
شەهید بەكر گۆمەشینی
شەهیدی نەمر، بەكر عوسمان جەرجیس ناسراو بە بەكر گۆمەشینی، لە دایكبووی ساڵی 1937ی گوندی گۆمەشینە، ساڵی 1957 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ساڵی 1961 و لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلولەوە بووە بە پێشمەرگە، جگە لە خۆی، چوار برای دیكەشی بە ناوەكانی (سابیر، تاهیر، باپیر، فەقێ) بوون بە پێشمەرگە و چەكی شەرەفیان كردە شان.
شەهید بەكر لەبەر لێهاتوویی و لێوەشاوەیی خۆی چەند پلەیەكی لە پێشمەرگایەتی و رێكخستندا بڕیووە و دواجار كراوەتە لێپرسراوی ناوچەی كۆیە، جگە لەوە، لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە خاوەن كەسایەتییەكی هەڵكەوتوو و رێزلێگیراوی ناوچەكە و دەوربەری بووە، لە جیابوونەوەكەی باڵەكانی پارتیشداو لایەنگری باڵی مەكتەبی سیاسی بوو.
بەداخەوە، دوای 13ساڵ خەبات و تێكۆشان، لە مانگی ئاداری 1970 شەهید كرا و تائێستاش تەرمەكەی بێ سەروشوێنە.
شەهید فەقێ گۆمەشینی
شەهیدی نەمر، فەقێ عوسمان جەرجیس ناسراو بە فەقێ گۆمەشینی، لە دایكبووی ساڵی 1956ی گوندی (گۆمەشین)ی شاری كۆیەیە، ساڵی 1968 بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی كردووە.
ساڵی 1976 ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری لقی هەولێری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان بووە لەگەڵ شەهید رەئوف ئاكرەیی و هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ، هەر لەو ساڵەشدا پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، رۆژی 17/5/1977 كە خوێندكاری پێنجەمی ئامادەیی رزگاریی كوڕان بوو لە هەولێر، لەلایەن ئەمنی ئەو شارەوە دەستگیركرا و تا شەش مانگ بێسەروشوێن بوو.
لە زیندان ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر درا، بەڵام خۆڕاگرانە نهێنییەكانی رێكخستنی نەدركاند و بەزامەكانی جەستەی، گیانی هەڤاڵەكانی خۆی پاراست. دوای تاقیكردنەوەی هەموو ئەشكەنجەیەكی سەخت لە گەڵیدا، بە پێنج ساڵ و یەك مانگ حوكمدار و خرایە زیندانی (ئەبوغریب)ەوە.
رۆژی 16/8/1979 بەر لێبوردنی گشتی كەوت و ئازادكرا، هەر دوای ئەوەش، پەیوەندیی كردەوە بە رێكخستنەوە.
رۆژی 28/9/1981، لەگەڵ شەهید خاڵە یوسف قەشقەیی هاوڕێیدا بوونە پێشمەرگە لە هەرێمی8ی هەولێر، بەشداریی زۆربەی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كردووە و لە شەڕەكانی هێزی پشتیوانی خۆرهەڵاتی كوردستانیشدا بەشداریی كردووە، بەگشتی لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا سێ جار بریندار بووە و چەند جارێكیش ماڵەكەی سوتێنراوە.
لەبەر لێهاتوویی و لێوەشاوەیی خۆی، پلەكانی پێشمەرگایەتی سەركەوتووانە بڕیوە تا كراوەتە جێگری فەرماندەی تیپی 93ی كۆیە.
بەداخەوە، رۆژی 4/7/1986 لە گوندی (كانی بی)ی دەشتی كۆیە، لە شەڕێكدا دژی رژێمی بەعس، شەهیدكرا.
شەهید باپیر گۆمەشینی
شەهید باپیر عوسمان جەرجیس ناسراو بە باپیر گۆمەشینی، لە دایكبووی ساڵی 1951ی گوندی گۆمەشینی شاری كۆیەیە، ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی كردووە، دوای شۆڕشیش وەك مرۆڤێكی پاك و خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی ماوەتەوە و بەدرێژایی شۆڕشی نوێ، هاوكاریی زۆری پێشمەرگەی كردووە.
ساڵی 1991 بۆتە پێشمەرگە و بەشداریی كاریگەرانەی كردووە لە راپەڕیندا، هاوكات كراوەتە فەرماندەی تیپی شەهید فەقێ گۆمەشینی لە هێزی 10ی دەشتی هەولێر، پاش ماوەیەك وەك ئەفسەر گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر.
بەهۆی دڵسۆزی و متمانەی زۆرییەوە، كە خاتوو (دانیال میتران)ی دۆستی گەلی كورد هاتە كوردستان لە ساڵی 1992دا، ئەركی پاراستنەكەی بە شەهید باپیر سپێردرا.
رۆژی 6/7/1992 لەسەر رێگەی عەربەت - سلێمانی، بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێل كە هەوڵێك بوو بۆ تیرۆركردنی ئەو دۆستەی گەلی كورد، باپیر گۆمەشینی و سامی فەیلی و وەستا عەبدوڵڵا كانەبی شەهیدكران و بەگیانی خۆیان نەیانهێشت دووژمن ئامانجەكەی بپێكێت و خاتوو دانیال-یان پاراست.