گوڵ بووەتە بژاردەیەکی سەرەکی بۆ دیاری

09:38 - 2025-07-06
ڕاپۆرت
47 جار خوێندراوەتەوە
گوڵ باشترین دیارییە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

بینین و بۆنکردنی چەپكە گوڵ هەستی‌ بەختەوەری‌ لەلای‌ مرۆڤ چالاك دەكات، ئەوەش کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر دەروون، لەبەرئەوەی بردنی گوڵ بۆ دیاری یەکێکە لە باشترین بژاردەکان

بە درێژایی ژیان مرۆڤ هەردەم لە بیركردنەوە و گۆڕانكاریدا بووە، ئەوەش وایکردووە بەشێك لە دابونەریتەکان بەپێی تێپەڕینی کات گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، کە بەشێکیان لەگەڵ خواستی گشتییدا گونجاو بووە.
بردنی دیاری لە بۆنە تایبەتەکاندا یەکێکە لە دابونەریتە کۆنەکان، بەپێی کات و سەردەم جۆری دیارییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئێستا گوڵ یەکێکە لە دیارییە تایبەت و جوانەکانی بۆ زۆربەی بۆنە تایبەتەکان دەبرێت.
لارین کەریم، بەشێک لەو گوڵانەی کەسە نزیکەکانی بۆ ئاهەنگی دەرچوونی لە زانکۆ بە دیاریی بۆیان بردووە هەڵی گرتوون و پاراستوونی، بۆ کوردستانی نوێ وتی: زۆرم حەز لە گوڵی سروشتییە و ئەندامانی خێزانەکەم ئەوە دەزانن، لەبەرئەوە ساڵی رابردوو لە ئاهەنگی دەرچوونمدا زۆرترین دیاریی کە بۆم هات گوڵ بوو، بە خۆشحاڵییەوە نەمفەوتاندوون و هەڵم گرتوون.
وتیشی: زۆر دڵم پێیان دەکرێتەوە و گوڵ جوانترین دیارییە لەلام، خۆشم هەرکات بمەوێت دیارییەکی نایاب پێشکەشی کەسێک بکەم گوڵی بۆ دەبەم بە تایبەت گوڵی لاڤندەر، بەپێی بۆنەکان هەندێکجار بە چەپک پێشکەشی دەکەم و هەندێکجاریش بە ئینجانەوە.

داواکاریی زۆری لەسەرە
زیادبوونی خواست لەسەر گوڵ وایکردووە، ژمارەی گوڵ فرۆشانیش زۆر ببن، ژمارەیەکیان دوکانیان بۆ فرۆشتنی داناوە و ژمارەیەک کەسیش لە ترافیک لایت و ناوەندی شەقامەکاندا چەپکە گوڵیان بە دەستەوەیە بۆ فرۆشتن.
هونەر ئارۆس، چەند ساڵێک لەمەوبەر بە دووڵی لە کەرکوک دوکانی فرۆشتنی گوڵی داناوە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: یەكەم كەس بووم لە كەركوك دوكانی گوڵ فرۆشتنم دانا، سەرەتا زۆر قەلەق بووم لەوەی سەركەوتووبم لە کارەکەم، لەبەرئەوەی بیركردنەوە و ئاوەزی خەڵك لە رابردوودا بە تایبەت لە پێش پرۆسەی ئازادی عیراق بە دابونەریتی بردنی گوڵ بۆ دیاری تاڕادەیەک نامۆ بوو، بەڵام بە تێپەڕینی کات گۆڕانی بەسەردا هات و ئێستا بەشێوەیەكی بەرچاو لە بۆنەكانی شایی، لە دایكبوون و دەرچوونی خوێندكاراندا بە شێوەیەكی بەرچاو خواست لەسەر بردنی گوڵە بە دیاری.
وتیشی: مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پیشەیەدا زۆر هەستیارە و دەبێت زۆر بە وریاییەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ جۆرەكانی گوڵدا بكرێت، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆریان كە بەكاری دەهێنین سروشتین و لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەكرێت.

هێنانی گوڵ
ئەو گوڵە سروشتییانەی لە بازاڕدایە، بەشێکی زۆریان لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێن، بە تایبەت لە كینیا و هۆڵەنداوە دەهێنرێنە هەولێر و لەوێشەوە بۆ سەرجەم پارێزگاكانی دیکەی عیراق دەنێردێت، بەم كارەش پارەیەكی زۆر لە وڵات دەچێتە دەرەوە، لەبەرئەوە دەکرێت لە ناوخۆدا گوڵ بەرهەم بهێنرێت.
هونەر ئارۆس دەڵێت: چەند ساڵێك پێش ئێستا ئەو كۆمپانیایانەی كاری هێنانی گوڵی سروشتییان دەكرد زۆر كەم بوون، بەڵام ئێستا ژمارەی كۆمپانیاكان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە، ئەمەش رۆڵی بینیوە لە دابەزینی نرخ و زیادبوونی خواستی هاووڵاتیان لەسەر كڕینی.
وتیشی: نرخی گوڵ، بەپێی جۆر و تایبەتمەندی وەرزەكانی ساڵ و بۆنەكان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بەڵام بە گشتیی نرخەكەی لە توانای هەموو كەسێكدایە، بۆ نموونە نرخی چەپكێك گوڵ لە نێوان 10 ـ 15 هەزار دیناردایە، چڵە گوڵێكی گەورەش نرخەكەی لە نێوان سێ بۆ پێنج هەزار دیناردایە و بەتایبەت لە بۆنەكانی سەری ساڵ، ڤالانتاین، رۆژی ژنان و ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاراندا زۆرترین خواستی لەسەرە.

کاریگەری لەسەر دەروون
لە رابردوودا زۆرینەی هاووڵاتیان کاتێک دیارییان دەبرد بۆلای نەخۆش یاخود بۆنەیەکی تایبەت شیرینییان هەڵدەبژارد، بەڵام ئێستا گوڵ خواستێکی زۆری لەسەرە بۆ دیاری.
بڵند زەندی توێژەر لە بواری دەروونناسیدا بە کوردستانی نوێی راگەیاند: گوڵ لەنێوان مرۆڤەكاندا شوێنێكی تایبەتی خۆی هەیە، بینین و بۆنکردنی چەپكە گوڵ هەستی‌ بەختەوەری‌ لەلای‌ مرۆڤ چالاك دەكات و ئەوەش کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر دەروون، لەبەرئەوەی بردنی گوڵ بۆ دیاری یەکێکە لە باشترین بژاردەکان.
هاوڕێ مستەفا سەرقاڵی رازاندنەوەی چەپکێک گوڵ بوو بۆ دیاری، بۆ كوردستانی نوێ وتی، بە بۆچوونی من، باشترین دیاری بۆ بۆنە و پیرۆزباییەكان، خۆشی و ناخۆشییەكان، بەتایبەت سەردانی نەخۆش گوڵە، جوانترین دیارییە و ئارامیی بە دەروون دەبەخشێت و نرخیشی گونجاوە، لەبەرئەوە هەركات سەردانییەكی تایبەتم هەبێت، لەبری شیرینی چەپكێك گوڵ لەگەڵ خۆم دەبەم بە دیاری.
توێژینەکان دەریانخستووە یەكێك لە چارەسەرە دەروونییە باوەكان بۆ زۆر تووڕەبوون و تەنگژە دەروونییەكان، بریتییە لە بینینی‌ گوڵە رەنگاوڕەنگ و بۆندارەکان یاخود بەخێوكردنیان، لەبەرئەوەی هەر بە بینین و بۆنكردنی‌ گوڵەكان دەرون ئارام دەبێتەوە، سەرەڕای‌ دووركەوتنەوە لە كێشە و جەنجاڵییەكانی‌ رۆژانە لە كاتی‌ بەخێوكردن و سەرقاڵبوون پێیانەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان