مەلا بەختیار، لە ڤیدیۆیەكدا بەبەڵگە وەڵامی تۆمەتە ناڕەواكانی كەمال كەركوكی دەداتەوە و دەڵێت: «تۆ كە باسی مەحكەمە دەكەیت كامە مەحكەمە؟ كوا حاكم، كوا دادوەر؟ ئەگەر ئەو حاكمە هەیە بەس ناوەكەی بهێنە. بۆیە هەق وایە یەكێتی لە دادگای لاهای سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماربكات».
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: «كەمال كەركوكی كاتێكی خراپی هەڵبژارد پەلاماری یەكێتی دا، من هەرگیز دیفاعم لەكەموكوڕییەكانی شۆڕش نەكردووە و هەر تاوانێك كرابێت نووسیومە، بەڵام ئەم وەڵامەم بەرگرییە لەكەرامەتی سیاسیمان، بەرگرییە لە 15 ساڵ خەبات و تێكۆشانی هەزاران پێشمەرگە بەرامبەر بە فاشییەكانی عیراق، كاك كەمال دەستیبرد بۆ شادەماری هەستیاری هەموو تێكۆشەرێكی یەكێتی، ئەویش بە وتنی هەندێك تۆمەتی ناڕاست كە جێگەی داخە».
دەمەوێت سەرنجی كەمال كەركوكی و ئەوانەشی وەك ئەو كڵۆڵن و نازانن مێژوو لێكبدەنەوە رابكێشم
مەلا بەختیار، دەڵێت: «ئێمە هیچ پێویستمان نییە بەرامبەر بە تۆ یان خەڵكی وەك تۆ روونكردنەوە بدەین، ناسنامەی شۆڕشگێڕی و قوربانیدان لەكەس وەرناگرین، بۆیە دەمەوێت سەرنجی كەمال كەركوكی و ئەوانەشی وەك ئەو كڵۆڵن و نازانن مێژوو لێكبدەنەوە رابكێشم بۆ ئەوەی، عیراق بە هەلی زانی دوای كارەساتی هەكاری هەموومان لەناوببات، باشترین فەرماندەكانی یەكێتی دوای شەهیدبوونی فەرماندەكان لە هەكاری و دوای كارەساتەكە دروستبوون، كاك كەمال نایانناسێت، ناوچەكانی نەدیوە، شەڕەكانی نەبیستووە، بۆیە ئەو قسانە دەكات، بۆ ئەوەی زانیاریت هەبێت بڕۆ مێژووی یەكێتی و دەفتەری سەروەریی هەواڵنامە و گۆڤاری كۆمەڵە بخوێنەرەوە، بڕۆ سەیری داستانەكان بكە، كە یەكێتی تۆماری كردوون».
لەماوەی مانگێكدا چەندین پێشمەرگە و سەركردەی قارەمان شەهیدكران
لە گرتە ڤیدیۆكەدا، مەلا بەختیار، پرسیار لە كەمال كەركوكی دەكات و دەڵێت: «تۆ كە باسی مەحكەمە دەكەیت كامە مەحكەمە ؟ كوا حاكم، كوا دادوەر لەماوەی مانگێكدا چەندین پێشمەرگە و سەركردەی قارەمان شەهیدكران كە بەدەستی هۆزە دۆستەكانتان دەستگیركرابوون، ئەگەر ئەو حاكمە هەیە بەس ناوەكەی بهێنە، هەق وایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دادگای لاهای سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماربكات».
ناكرێت كەسێك وتارێك بنوسێت و دۆخەكە تێكبدات
باس لەوەش دەكات كە پێشمەرگە و فەرماندەكانی یەكێتی لە سەرجەم كوچە و كۆڵانەكانی كوردستان بەرگرییان كردووە، بە سەدان مەفرەزە و بە دەیان كەرت و تیپمان هەبوو. لەوبارەیەوە مەلا بەختیار لە كەمال كەركوكی دەپرسێت «پارێزگاری سلێمانی تۆ لێتدا؟. عوسمان محەمەد فایەق لە بەغدا تۆ كوشتت؟. عومەر گورچیلە كە دەیویست ببێت بە مەفرەزە خاسە تۆ كوشتت؟. باقی خۆفرۆشەكان كە بەسزای گەل و شۆڕش گەیەندران تۆ بوویت؟. ناكرێت نكۆڵی لەم هەموو قارەمانێتییە بكەیت، لەپای ئەم هەموو مێژووە جوانە و رێكەوتنی سەرۆك مام جەلال و كاك مەسعود لە واشنتۆن، كە بڕیاریاندا شەڕی ناوخۆ روونەداتەوە، ناكرێت كەسێك لەهەر لایەنێكەوە وتارێك بنوسێت و دۆخەكە تێكبدات».
یەكێتی، كەمال كەركوكی راونا
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشكردووە: «كەمال، تۆ بەرگەی دوو مانگت نەگرت، یەكێتی لە دۆڵی جافایەتی راوینایت، ئەو رۆشتنەی رۆیشتیت تا راپەڕین كوردستان و سۆرانت بەچاو نەبینییەوە، لەدوای رووخانی شا چوویتە ئێران و خەریكی خوێندن بوویت، كە خۆت باش دەزانیت باجی شەڕی ناوخۆیە داوتە».
كاك مەسعود داوای لێبوردنی لە بنەماڵەی شەهید عەلی عەسكەری كرد
مەلا بەختیار دەڵێت: «من دەمەوێت ئەو پرسیارە لە ویژدانی كەمال كەركوكی بكەم، ئەگەر شەهیدكردنی عەلی عەسكەری و هاوڕێكانی رەوا بوو، بۆچی كاك مەسعود چووە ماڵی كاك عەلی عەسكەری و داوای لێبوردنی لە خێزان و منداڵەكانی كرد و پێیوتن قەت نەدەبوو ئەمە رووبدات».
لە كۆتاییشدا مەلا بەختیار، ئەو راستییە وەبیر كەمال كەركوكی دەهێنێتەوە كە «لەدوای رێكەوتنی جەزائیر چی رەشبینییەك بەسەر كوردستاندا زاڵ بوو، باشتریش دەزانیت لەناو وڵاتدا هێزەكانی یەكێتی بوون ئومێدیان گەڕاندەوە، بۆیە پێموایە خاڵە هاوبەشەكانی ئەو مێژووە گەشبكەینەوە باشترە نەك سلبییەكان، نازانم چۆن شانازیی بەو تۆمەتباركردنەوە دەكەیت؟!».
PUKMEDIA