- 6 و کۆتایی -
ئارێز حسێن
تراژیدیاكەی هەكاری، هەر لەوێدا كۆتایی نایەت، كە قیادە موەقەتە كەوتۆتە دروێنەی گیانی تێكۆشەران، بەڵكو دیمەنە تراژیدیاكانی ئەو كارەساتە، چەندین لق و پۆیان لێدەبێتەوە، كە هەریەكەیان تراژیدیایەكن بۆ خۆیان و لاپەڕەیەكی رەشن لە مێژووی ئەو گروپەدا.
تان و پۆی دیمەنەكانی تراژیدیاكە پێمان دەڵێن كە دیارە كەمال و هاوڕێكانی زۆر عاشقی ئەشكەوت بوون، چونكە هەر ئەسڵەن بیركردنەوە و رەفتاریان لەگەڵ دەوروبەرەكانیان بە یاسای ئەشكەوت و دارستان بەڕێوەبردووە، جا هەر لەو ئەشكەوتەوە بگرە، كە شەهید برایم عەزۆ و هاوڕێكانیانی تێدا شەهید كرد، كە تەنها یەكێكیان بە برینداری رزگاری بوو و دەستگیریان كردەوە و ئەویشیان شەهید كرد، تا دەگاتە ئەشكەوتەكەی ناوچەی هەكاری.
تێناگەین چ لۆجیكێك ئەشكەوت و دادگا پێكەوە كۆدەكاتەوە؟ ئاخر ئەشكەوت و دادگا كوجا مەرحەبا؟ ئەشكەوتێك كە تەنها (بزن) دەتوانێت بیگاتێ، ئیتر حاكمی چی و چەكوشی دادگای چی؟ ئەمە شوێنی دادگایە، یان دڕندە و یاسای دارستان؟.
تەنانەت لە فیلمە كۆنەكانیشدا كە باس لە كەلتوری رۆمانییەكان دەكەن و باس لە سەدەكانی ناوەڕاست دەكەن، لەكاتی لەسێدارەدانی نەیارەكانیاندا، خەڵكیان كۆكردۆتەوە و بەبەرچاوی خەڵكەوە دادگاییكراون و لەسێدارەدراون، نەك لە ئەشكەوتدا بە حوكمی قەرەقووش.
هاوڕێ جەبار پێشمەرگە و تێكۆشەری دێرینی یەكێتی و یەكێك لە رزگاربووان و دیلەكانی مەسیرەی هەكاری، دیمەنەكان بۆ دەنگی گەلی كوردستان دەگێڕێتەوە و باسی بوێری و تەحەددای جوامێرانەی شەهیدانی سەركردە دەكات لەكاتی دەستگیركردنیاندا لەبەردەم كەمال و هاوڕێكانیدا، كە كاتێك شەهید عەلی عەسكەریی بە كەمال دەڵێت: ئێمە لەبەردەستانداین، چیتان پێ دەكرێت بیكەن، ئێمە هاتووین خەبات بۆ میللەتێك دەكەین، نەهاتووین بۆ شەڕی ئێوە، بەڵام بەداخەوە ئێوە راستگۆنەبوون، چونكە پێشتر ئاگادارمان كردبوون.
هەروەك باسی ئەو تاڵانی و بڕۆیە دەكات كە بە ئیعازی قیادە موەقەتە لەلایەن عەشایر و قروچەكانەوە لە هێزەكەی یەكێتی كراوە و دەڵێت: سەعاتەكەی دەستی شەهید عەلی عەسكەری، لە دەستی ئەو كەمالەدا بوو.
هاوڕێ جەبار، ئەوەش دەگێڕێتەوە كە «بە دیلی بەناو گوندەكانی ناوچەكەدا دەیانبردین، ئەوەندەیان بوختانی كافری و بێدینی بە دەممانەوە هەڵبەستبوو، خەڵكەكە بە لێدان و تف و پێلەقە لێیان دەداین».
هاوڕێ جەبار، لە درێژەی قسەكانیدا بۆ دەنگی گەلی كوردستان، باسی ئەوەش دەكات كە هەندێك لە چەكدارەكانی قیادە موەقەتە لە شەرماندا نەیاندەزانی چی بڵێن، هەندێكیان دەگریان، هەندێكیان جامانەی سووریان گۆڕیبوو بە جامانەی رەش.
ئەو پێشمەرگە دێرینە دەڵێت: «ئەگەر ئەوەی دەڵێن دادگا بوو، دەبوو بۆ مێژوو دەنگەكانیان تۆمار بكردایە. دەشڵێت: راستە ئێمە شێوازی شەهیدكردنی شەهیدە سەركردەكانمان نەبینی، بەڵام هەر دوای شەهیدبوونیان زانیارییەكەمان بۆ هات كە بە دەست و پێ بەستراوی، بە ئاڕ بی جی شەهیدیان كردبوون. چونكە رۆژانە دەمانبینین لەوبەر ئەشكەوتەكەوە لە ژوورێكدا بوون بەسەر گردێكەوە، ئیتر دوای شەهیدكردنی ئەوان ئێمەیان خستە بەردەم سێ بژاردە یان كوشتن، یان بوون بە چەكداری قیادە. یاخود تەسلیم بوونەوە، هەر خۆشیان تا سەر ئاوەكەی سنوور هێنایانین و پشتیان لێگرتین و جوابیان نارد بۆ جاشەكانی مێرگەسۆر، كە بە ئاوەكەدا پەڕینەوە ئەوبەر، جاشەكان هاتن و دەستبەجێ تەسلیمی بارەگایەكی سەربازییان كردین».
هەر خۆی پەیوەندی كردن بە جاشەكان و ناچاركردن و پشتگرتن لەو پێشمەرگانە و نەهێشتنەوەی بژاردەی تر جگە لە تەسلیمبوونەوە و تەنسیق لەگەڵ جاشەكانی مێرگەسۆر، درۆكانی كەمال كەركوكی دەردەخات، كە دەڵێت: یەكێتی بە پشتیوانیی عیراق هاتبوو بۆ لەناوبردنی قیادە موەقەتە.
لە ژمارەکانی داهاتوودا کوردستانی نوێ بە زنجیرە دەقی نامیلکەی (قیادە موەقەتە لە چ بەرەیەکدا وەستاوە؟) بڵاودەکاتەوە.
ئەو ئەشکەوتەی هەرسێ شەهیدی سەرکردە عەلی عەسکەری، دکتۆر خالید و حسێن بابەشێخی تێدا شەهیدکرا.
با خوێنەر و بینەری بەڕێز خۆی حوکم بدات، ئەمە شوێنی دادگا و حاکمە یان شوێنی دیلکوشتن بە حوکمی قەرەقوش؟
لە ئەرشیفی دیاری مام حەسەن-ەوە