سەرۆک کۆماری عیراق داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی ئەنجومەنەکەوە و پەسەندکردنی یاساکەش بە دەستکەوتێکی نیشتمانی گەورە ناودەبات.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە باسی لەوەکردووە، ھەڵەبجە یەکێکە لە رەمزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاریی رژێمی پێشوو، بۆیە وەک رێزێک لە قوربانییەکانی و پابەندبوون بە ڕێکارە یاساییەکان، وەزارەتی پلاندانان نەخشەی گۆڕینی ھەڵەبجەی لە قەزاوە بۆ پارێزگا پەسەندکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستاشدا بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و لە چوارچێوەی راگەیاندنی بەپارێزگابوونی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەکراوە، بۆیە ئومێدەوارە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بخەنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
سەرۆک کۆمار دەشڵێت، مێژووی وڵات و پارێزگای ھەڵەبجە یادی ھەموو ئەو کەسانە بەرز رادەگرێت کە ھاوکاربوون لە سەرکەوتنی ئەو پرۆژە نیشتمانییە گەورەیەدا.