کۆنفرانسی ئامادەکاریی دیدار لە سلێمانی

12:25 - 2022-05-14
دووتوێ
375 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی پێنجشەممە 28- 4- 2022 لە هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی دیداری یەكێتی بە بەشداری مەكتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەكانی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری سلێمانی و چەمچەماڵ دەستیپێکرد. 
بانگەوازێكی هەڤاڵانە
دیداری یەكێتیی بانگەوازێكی هەڤاڵانە و نیشتمانییە بۆ تاوتوێكردنی واقعی ئێستای یەكێتی و ناسنامەكەی، بۆ نوێكردنەوەی گوتاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانییەتی، بۆ ئەوەی‌ بەدیدگایەكی نوێوە ئامادەبێت ئەركەكانی سەرشانی جێبەجێ بكا و سەرەنجام باشتر خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك و خاكی كوردستان بكات، بۆ سبەینێیەكی باشتر كوردستانێكی ئاوەدان بۆ هەمووان، بێ جیاوازی، فەراهەم بكات.
لەم چواچێوەیەدا دیداری یەكێتی، دەیەوێت چەندین تەوەری جێی بایەخی ئێستاو ئایندەی حزب و پێداویستی و كێشە و پێشهاتەكانی كۆمەڵگەكەمان، ئەزموونی سیاسی گەلەكەمان تاوتوێ بكات، چونكە پێشهات و گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگا و سەردەم لە ئاستی كوردستان و دەرەوەشدا ئەم هەوڵ و كۆششە تازەیە دەخوازێت، پێویستمان بەوەیە لەهەموو سێكتەرەكاندا، دیدی نوێ و دەسپێشخەری یەكێتییانە بێنینە كایەوە.
مۆدێلێكی نوێی كاری حزبی
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردودا دیداری یەكێتی كە لەبادینانەوە دەستیپێكرد، لە كەركوك و هەولێرو هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین و بەغدا بەڕێوەچوو.
لەو بارەیەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەكێتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: دیداری یەكێتی مۆدێلێكی نوێی كاری حزبییە.
راشیگەیاند: دیداری یەكێتی هەوڵێكی گرنگ و جدییە بۆ داڕشتنەوەی دیدگای یەكێتی و یەكێتی نوێش دەبێت بەهێزبێت چونكە هەر ئەوە دەبێتە زامنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و لەم دیدارەدا سەرجەم چین و توێژەكان بەشدارن.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد راشیگەیاند: سەرخستنی رەوتی چاكسازی لە كوردستان و یەكێتی لەناو دیداری یەكێتیدا ویستێكی میللی دەوێت. سلێمانی گوشاری خراوەتەسەر تا نەتوانێت رۆڵی پێشەنگی خۆی بگێڕێت و دەبێت ئەم گەمارۆیە بە كردار و بونیادنان و دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانەی یەكێتیانە تێپەڕێنین.
وتیشی: دەمانەوێت دیداری یەكێتی درێژەپێدەری ئەڵقەی رۆشنبیری بێت بۆ پەروەردەكردنی فكری و حزبی كادرەكانمان.
گەڕانەوەی فكر 
هاوکات قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال رایگەیاند: دیداری یەكێتی، دیدارێكە بۆ گەڕانەوەی فكر بۆ ناو رۆحی حزبایەتی، ئەوانەشی هاتوون دابەشدەبن بەسەر ئەو لیژنانەی پێكهێنراون.
وتیشی: دیداری یەكێتی كە ئێستا لە سلێمانییە، پێشتر لە هەولێر و بادینان و كەركوك و بەغداو هەڵەبجە و گەرمیان كراوە، ئەمەش رۆحیەتێكی نوێ دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو حزباكەمان تا بەسیاسەتێكی دروست و گونجاوی یەكێتیانە و سەردەمیانە یەكێتیەكەمان بەهێزتر بكەینەوە، ئەو یەكێتیەی، یەكێتیەكەی مام جەلال بوو بەڕۆحێكی نوێ دروستبكەینەوە. 
 تەواوكەری كۆنگرەی چوارەم
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: دیداری یەكێتی تەواوكەری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەبێت، لەكۆنگرەدا گۆڕانكاری كرا، بەڵام ئەوەی لەوێ نەكراوە دەمانەوێت لەڕێی دیداری یەكێتییەوە كە گۆڕانكارییە لەسیاسەت و پێداچوونەوە بەسیاسەتی یەكێتی، هەڵسەنگاندن بكرێت كە سیاسەتی یەكێتی گونجاوە لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆ، بۆیە گفتوگۆ دەكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: دیداری یەكێتی راسپاردەی دەبێت و راسپاردەكانیش دەبێتە سیاسەتی یەكێتی و دەچەسپێنرێن و دەبێت سەرجەم ئۆرگانەكان حزب و ئێمە لەناو حكومەت و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی یەكێتی لەئەنجومەنی پارێزگاكان پێوەی پابەندبین و بەو راسپاردانەوە بێنەوە مەیدان.
لە چوارچێوەى هەنگاوە پراکتیکیەکاندا بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنەکانی تایبەت بەسێکتەرە جیاوازەکانی دیدارى یەکێتی لە سلێمانی، کارەکانی لیژنەکانی دیداری یەکێتی لە سلێمانی لەهۆڵى خاک و بارەگای مەڵبەند کۆبوونەوەى لیژنەکان بەردەوامن.
لەوبارەیەوە و بەمەبەستی ئاگاداربوون لەکاروبارەکانی دیداری یەکێتی لە سلێمانی، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕى مەکتەبى سیاسی (ی.ن.ک) و سەرپەرشتیارى مەڵبەندی ١ى رێکخستنی سلێمانی، لیژنەکانی بەسەرکردەوە و بەشداری کرد لەبەشێک لەو گفتوگۆیانەدا کەئامانج لێی گەڵاڵەکردن و داڕشتن و نوێكردنەوەی گوتاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی یەکێتییە، تا ئەم حزبە تێکۆشەرە بەلەبەرچاوگرتنی تێبینی و پێشنیازە گرنگەکان، بەدیدگایەكی نوێوە ئامادەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەركەكانی ئایندە و باشتر خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بکات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان