دوای ئەوەی دوێنێ دووشەمە 14 ئابی 2023 پڕۆسەی قیرتاوکردنی شەقامی 100 مەتری دەستی پێکرد، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی پڕۆژەکەی کرد و لە نزیکەوە لە چۆنێتی بەرەوپێشچوونی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کۆڵییەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شارەوانی سلێمانی کرد بۆ کارئاسانیکردن و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار و هەروەها دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار و ئەندازیاران و کرێکارانی پڕۆژەکەش کرد کە لە ماوەی رابردوودا سەرباری کێشە و کەموکوڕییەکان بەردەوام بوون لە کارەکانیان.
دوای ئەوەی لە کێشە و گرفتەکانی کۆڵییەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و هەموو هەوڵێک دەدەن کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن و داواشی لە شارەوانی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار کرد هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا پڕۆژەکە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو بکرێت.
شەقامی 100 مەتری سلێمانی 34 کیلۆمەترە و تا ئێستا 95٪ کارەکانی پڕۆسەی بڕین و پڕکردنەوەی تەواو بوو و بە گشتیش 55٪ کۆی پڕۆژەکە تەواو بووە. لە رۆژی رابردووشەوە پڕۆسەی قیرتاوکردن دەستیپێکردوە و بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا 10 کیلۆمەتر قیرتاو بکرێت و دوای تەواوبوونی بڕین و پڕکردنەوەش، قۆناغی دووەمی قیرتاوکردنەکەش دەست پێدەکات.