سەرجەم ئۆرگانەكان پابەندی راسپاردەکانی دیدار دەبن

12:48 - 2022-05-14
دووتوێ
302 جار خوێندراوەتەوە

کاروانی ئامادەکارییەکان بۆ دیداری یەکێتی لە دوا وێستگە نزیک دەبێتەوە. دوای کۆنفرانسی ئامادەکاری دیداری یەکێتی لە سلێمانی و بەردەوامی کاری لیژنەکان، کۆنفرانسی ئامادەکاری قەزای خانەقین بووە وێستگەیەکی تری ئامادەکارییەکان، دوای تەواوبوونی کاری لیژنەکانیش لە ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر سەرنج و تێبینی کادر و ئەندامان لەسەر رێکخستنەوە و نوێکردنەوەی یەکێتی، تا کۆتایی مانگ دیداری فراوانی یەکێتی بەڕێوەدەچێت.
لەو بارەیەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕى مەکتەبى سیاسی (ی.ن.ک) و سەرپەرشتیارى مەڵبەندی ١ى رێکخستنی سلێمانی، لیژنەکانى دیدارى یەکێتى بەسەرکردەوە دوای پۆڵێنکردنیان بەپێی سێکتەرە جیاوازەکان و لە دوایین قۆناغەکانى کارکردنیانى پرسیەوە و ستایشى هەوڵ و ماندوبوون و دڵسۆزى هەمووانى کرد کە بە پەرۆشییەوە کاردەکەن تا ئەم حزبە تێکۆشەرە بە لەبەرچاوگرتنی تێبینی و پێشنیازە گرنگەکان، بەدیدگایەكی نوێوە ئامادەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەركەكانی ئایندە و باشتر خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بکات.
هەر لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: دیداری یەكێتی تەواوكەری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەبێت، لە كۆنگرەدا گۆڕانكاری كرا، بەڵام ئەوەی لەوێ نەكراوە دەمانەوێت لەڕێگەی دیداری یەكێتییەوە كە گۆڕانكارییە لە سیاسەت و پێداچوونەوە بەسیاسەتی یەكێتی، هەڵسەنگاندن بكرێت كە سیاسەتی یەكێتی گونجاوە لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆدا، بۆیە گفتوگۆ دەكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: دیداری یەكێتی راسپاردەی دەبێت و راسپاردەكانیش دەبێتە سیاسەتی یەكێتی و دەچەسپێنرێن و دەبێت سەرجەم ئۆرگانەكان حزب و ئێمە لە ناو حكومەت و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگاكان پێوەی پابەندبین و بەو راسپاردانەوە بێنەوە مەیدان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان