قیادە موەقەتە لە چ بەرەیەکدا وەستاوە؟ بەشی یەکەم

10:51 - 2023-08-20
کوردستان
893 جار خوێندراوەتەوە

ئەم بابەتە کە لەبارەی رۆڵی قیادە موەقەتەوە نووسراوە و کاتی خۆی لە 7/8 تا 8/9 ی ساڵی 1980 بە زنجیرە وتارێک لە رادیۆی دەنگی (شۆڕشی عیراق) ئیزگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاخ بڵاوکراوەتەوە، دواتر لە دووتوێی نامیلکەیەکدا لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا چاپکراوە کە هەڵوێستی ئەوێ رۆژێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە سەبارەت بە رۆڵی قیادە موەقەتە لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئامانجی لە دژایەتیی یەکێتی و شۆڕشی نوێ، وەک کوردستانی نوێ پێمان باشبوو دووبارە بڵاوی بکەینەوە، بەتایبەتی دوای چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی کەمال کەرکوکی کە خۆی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی قیادە موەقەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان، تا چیتر مێژووی ئەو قۆناغە بە چەواشەکراوی دەرخواری نەوەکانی ئێستا و ئایندە نەدرێت.

(1)   

هەرچی بە زمانی کوردی قسەی کرد و جلوبەرگی کوردیی لەبەرکرد  شەرت نییە کوردێکی نیشتمانپەروەر، یا کوردێکی دڵسۆز و شۆڕشگێڕ یاخود هاونیشتمانییەکی ئاسایی بێ

ئەگەر بە ویست و ئارەزووی ئێمە بێت، بەبێ گومان ئێمە پێمان خۆش نییە هیچ کەس لەوانەی قومێ لە ئاوی ئەم نیشتمانەیان خواردبێتەوە، یان پاروویەکیان لە بەروبوومی ئەم خاکە خواردبێ، یاخود بە زمانی خەڵکی ئەم وڵاتە دەدوێن، خیانەت لەم گەل و نیشتمانە بکەن.
ئەگەر بە ویست و ئارەزووی ئێمە بێت، بەبێ گومان ئێمە حەز دەکەین هەموو کەس دڵسۆز بێت، دەستکەوتەکانی گەل و ئامانجەکانی نیشتمان بخاتە سەروو هەموو شتێکەوە.
ئەگەر بە ویست و ئارەزووی ئێمە بێت، بەبێ گومان ئێمە پێمان خۆشە هەموو کەس شۆڕشگێڕ بێت، فیداکار بێت، ئامادەیی ماڵ و گیانی خۆی لە پێناوی کۆمەڵانی خەڵکدا بەخت بکات.
ئەگەر بە ویست و ئارەزووی ئێمە بێت، بەبێ گومان ئێمە حەز ناکەین یەک جاسووس، یەک خائین، یەک خۆفرۆش، یەک جاش لەم وڵاتەدا بۆ نموونەش بێ لە جامخانەی مەتحەفدا یاخود لە قەفەسی حەدیقەی حەیواناتیشدا بێ، دەست بکەوێ.
بەڵام سەد مەخابن، لە هەلومەرجی ئاڵۆزی کوردستاندا، لە کۆمەڵی فرەچینی کوردستاندا، لە باری ئێستای وڵاتەکەماندا، سەدان خائین و خۆفرۆش سەدان جاش و جاسووس هەن کە بە نان و ئاوی ئەم گەل و نیشتمانە ئەژین و بەو زمانە قسە ئەکەن کە ئێمە پێی ئەدوێین، کەچی زەرەری زل لە کۆمەڵانی خەڵک ئەدەن و هەندێک لەمانە نەک لەژێر ناوی خائینی و خۆفرۆشیدا، نەک لەژێر ناوی جاش و جاسووسیدا، بەڵکو لەژێر ناوی گەورەی شۆڕش و شۆڕشگێڕێتیدا، لەژێر ناوی پیرۆزی کورد و کوردایەتیدا، لەژێر ناوی بەرزی پێشمەرگە و پێشمەرگایەتیدا خیانەت بە گەلی کورد و خاکی کوردستان ئەکەن.
بە داخەوە، هەرچی بە زمانی کوردی قسەی کرد و جلوبەرگی کوردیی لەبەرکرد و مێزەری کوردی لەسەر نا، شەرت نییە کوردێکی نیشتمانپەروەر، یا کوردێکی دڵسۆز و شۆڕشگێڕ یاخود هاونیشتمانییەکی ئاسایی بێ.
کەم نین ئەوانەی بە کوردی قسە ئەکەن و خیانەت لە کورد ئەکەن. کەم نین ئەوانەی خۆیان بە کورد لە قەڵەم ئەدەن و کورد ئەچەوسێننەوە و کورد ئەکوژن و راوە کورد ئەکەن و کورد سەرئەبڕن. بەشداری ئەکەن لە تەفروتووناکردنی کورد و وێرانکردنی کوردستاندا. بوون بە گۆپاڵی دەستی دوژمن و داگیرکەر دژی گەل و نیشتمانەکەمان.
مەگەر ئەوانەی ئێستا لە وەزارەتەکەی عێراقدا کورد نین؟
مەگەر ئەوانەی ئێستا لە ئەنجوومەنە نانیشتمانییەکانی صدام تکریتیدان کورد نین؟
مەگەر هەندێ لەوانەی ئەمن و ئیستخبارات و جاسووس و جاش و جاشی شەعبی کورد نین؟
مەگەر ئەوانەی لە حزبی فاشیستی دەسەڵاتداران، کورد نین؟
راستە ئەمانە بە کوردی قسە دەکەن، بەڵام ئەمانە کوردی خائین و خۆفرۆشن و زمانی کوردییش دژی گەلی کورد بەکار ئەهێنن.
راستە ئەمانە لە کوردستاندا ئەژین، بەڵام ئاو و هەوای کوردستانیان پێ حەرامە. گەلی کورد ئەمانە بە کورد نازانن.
ئەبێ ئێمە ئەوانەی کە بۆ رزگاریی خاکی کوردستان تێ ئەکۆشن و خەبات ئەکەن بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و زۆرلێکراویی چینایەتی، جیابکەینەوە لەوانەی هەوڵی دیلایەتیی کورد و داگیرکراویی کوردستان ئەدەن.
ئەبێ هەست بە جیاوازی بکەین لە بەینی ئەو کوردەدا کە خۆی بەخت ئەکات لەپێناوی رزگاریی نیشتمان و ئازادی و سەربەرزی و ئاسوودەیی گەلەکەیدا، لەگەڵ ئەو کوردەی کەوا بازرگانی بە کورد و تیجارەت بە خوێنی شەهیدەکانی و سەوا و مامەڵە بە فرمێسکی هەتیوی باوککوژراو و دایک و خوشکی سکسووتاوەوە دەکات.
ئەبێ ئێمە کوردی دڵسۆز لە کوردی خائین جیا بکەینەوە. ئەبێ ئێمە دۆست لە دوژمن جیا بکەینەوە، ئەبێ دوژمن بناسین، ئەبێ بە زمانی قسەکردن، بە جلوبەرگ، بە سەر و مێزەر هەڵنەخەڵەتێین، ئەگینا نەک هەر سەرکەوتن بە دەست ناهێنین. بەڵکو لەناویش ئەچین.

قیادەی موەقەتە لەباتی ئەوەی ببێتە تێکۆشەری رێگای رزگاریی گەل و نیشتمان، بووەتە جاشی (بین المللی) و سەودا و معامەلە بە مەسەلەی کوردەوە دەکات

هاونیشتمانانی بەڕێز:
لە کاتێکدا کە ئێمە لە شەڕێکی نابەرامبەری ناڕەوادا تووشی دوژمنێکی دڕندە و بەهێزی وەک حکومەتی عیراق بووین، بەبێ گومان حەزمان دەکرد کە هەموو هەوڵ و تەقەلا و خەبات و خۆبەختکردنی خۆمان تەرخان بکەین بۆ دوژمنە گەورەکەمان کە صدامی دیکتاتۆر و رژێمە فاشیستییەکەیەتی، بەڵام سەد مەخابن، کوردی خائین و خۆفرۆش لێ ناگەڕێن ئەم حەزەمان بێتە دی و لە چەند لاوە شەڕی لابەلای ناهەقی پێ فرۆشتووین، لە پشتەوە خەنجەری ژەهراویی لێ داوین، پیلانی بۆ لەناوبردنمان گێڕاوە، دەستی لەگەڵ دوژمنان تێکەڵاو کردووە، سەدان هاوڕێ و هاوسەنگەری ئێمە، سەدان رۆڵەی دڵسۆز و تێکۆشەری میللەتەکەمانیان بە ناهەق و ناڕەوا کوشتووە. هەر بۆ ئەوەی شۆڕشی رەوای گەلەکەمان بشکێنن، هەر بۆ ئەوەی دوژمن و داگیرکەر بەسەر گەل و نیشتمانەکەماندا زاڵ بێ، هەر بۆ ئەوەی مەبەستە پیس و گڵاوەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
هەندێ جار ئەو زەرەرانەی ئەم کوردە خائینانە لێیان داوین، ئێش و ئازاری زۆرتر بووە لەوەی دارودەستەی خوێنڕێژی صدام پێی گەیاندووین.
هەر بۆیە هێزەکانی شۆڕش ناچار بووە لەلایەکەوە بەرهەڵستیی هێرشی دڕندانەی حکومەت بکا، وە لەلایەکی تریشەوە بەرەنگاریی پەلاماری ناجوامێرانەی کوردە خائینەکان بکات.
جا یەکێ لەو تاقمە کوردە خائینانەی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زەرەری گەورەیان لە هێزەکانی شۆڕش داوە، وە بە هەموو هێز و توانایەوە بەگژ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە و سەدان پێشمەرگە و ئەندامیان کوشتووە و لە هەر جێگە و شوێنێک و بە هەر شێوەیەک بۆی کرابێ، بە گژ شۆڕشدا چووە، دارودەستە خائین و خۆفرۆشەکەی قیادەی موەقەتە بووە.
ئێمە حەزمان نەئەکرد تووشی ئەم شەڕە لابەلایە ببووینایە، ئێمە حەزمان نەئەکرد ئەم شەڕە ناهەقە بەرۆکمان بگرێ. ئەگەر بە ویست و ئارەزوی خۆمان بوایە، ئێمە حەزمان ئەکرد قیادەی موئەقەتە خائین و خۆفرۆش نەبوایە، بەڵکو پیاوی دڵسۆ و نیشتمانپەروەر، شۆڕشگێڕ و خەباتکەر بوونایە، لە سەنگەری پیشەوەی شەڕدا بوونایە دژی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان، بەڵام بە داخەوە، هەمیشە و هەموو جارێ ویست و ئارەزوو لەگەڵ واقیعدا جووت و رێک نابێت. 
قیادەی موەقەتە لەباتیی ئەوەی ببێتە تێکۆشەری رێگای رزگاریی گەل و نیشتمان، بووەتە جاشی (بین المللی) و سەودا و معامەلە بە مەسەلەی کوردەوە دەکات.
ئێمە حەزمان دەکرد ئەم کاتەی کە تەرخانمان کردووە بۆ روونکردنەوەی بەشێک لە لاپەڕە رەش و لەعنەتییەکانی دەفتەری پڕ تاوان و جەریمەی تاقمی خۆفرۆشی قیادەی موەقەتە، بۆ مەسەلەیەکی ترمان تەرخان بکردایە.
بەڵام قیادە موەقەتە وەکو دوژمنێکی هار و لاسار بەردەوامە لەسەر دوژمنایەتیی شۆڕش، بەردەوامە لەسەر خیانەتی کورد و کوردستان، بەردەوامە لەسەر بەگژاچوونی ی.ن.ک. بۆیە ئێمەش ناچارین لە بەرامبەر پەلاماردانی ئەم خائینانەدا شۆڕشی گەلەکەمان و قوربانی و خۆبەختکردنی کۆمەڵانی خەڵک و دەستکەوتەکانی بپارێزین، بە تایبەتی لەم کاتەدا کە قیادە موەقەتە دیسانەوە بووەتە مه‌قاشی دەستی بێگانە و ئەیەوێ مەسەلەی کورد بخاتەوە مەیدانی گەمەی ناودەوڵەتانەوە.
ئێمە بە فرمانی نیشتمانی و نەتەوایەتیی خۆمانی دەزانین دیفاع لە شەرەفی گەل و نیشتمانەکەمان بکەین، دیفاع لە رێبازی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی میللەتەکەمان بکەین، دیفاع لە سەروەری و فیداکاری و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان بکەین، نەهێڵین جارێکی تر هیچ کەسێ یا هیچ تاقمێ یاری بە چارەنووسی میللەتەکەمان بکات.
نەهێڵین جارێکی تر هیچ کەسێ یا هیچ تاقمێ بازرگانیمان پێوە بکات و لە بازاڕی دەوڵەتاندا بمانگرن و بمانفرۆشن.
نەهێڵین جارێکی تر هیچ کەسێ یا هیچ تاقمێ بزووتنەوەی رزگاریی نیشتمانیی گەلەکەمان لە رێبازی مێژوویی خۆی لابداتە لاری.
نەهێڵین جارێکی تر هیچ کەسێ یا هیچ تاقمێ رەنج و ماندووبوون، خەبات و خۆبەختکردن، ئارەق و خوێنی رۆڵەکانی گەلەکەمان بە فیڕۆ بدات.
بەڵێ، ئێمە بە فرمانی نەتەوایەتیی خۆمانی ئەزانین نەهێڵین جارێکی تر قیادە موەقەتە یا هیچ تاقمێکی تر بۆ خیانەتی نیشتمانی و گەلفرۆشی بێتەوە سەر شانۆی کوردایەتی و لە کوردستاندا تەراتێن بکات. 

#کارەساتی هەکاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان