چرۆ رەشید قادر
گرفت و چارەسەرەکانی یاران و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت
یاران ئەو فریشتە ئێسک سووکە خنجیلانەیەی خاوەن پێداویستی تایبەتە گرفتارە بە (داون سیدرۆم ) ئەمەش بۆتە هۆی گۆڕانکاری لە روخسار، دەروون، توانای ژیری و گرفتی قسەکردن بۆی، یاران و منداڵانی تری هاوشێوەی کە دووچاری ئەم گرفتانەن زۆربەی کات ناتوانن وەک منداڵی ئاسایی رەفتار بکەن، لەبەرئەوە زۆر جار رووبەڕووی رەخنەی چواردەورەکەیان دەبنەوە لە کاتێکدا ئەمە هۆکارەکەی بۆ نزمی ئاستی هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، چونکە ئەم منداڵانە پێویستە وەک منداڵی ئاسایی سەیر بکرێن بێجگە لەو کێشانەی هەیانە هیچی تریان لە منداڵی تر کەمتر نییە.
چارەسەرکردن و هاندان
بە دڵنیاییەوە هەر رەفتارێکی نائاسایی بکەن شایەنی چارەسەرکردنە بە مامەڵەی دروست و هاندان و رێنماییکردن، ئاشکراشە باشترین قۆناغ بۆ گرنگیدان بە فێربوون و راهێنانیان قۆناغی باخچەی منداڵانە، چونکە بنچینەی بنیادنانی کەسایەتیی منداڵە باشترین قۆناغیشە بۆ فێربوونی بەها کارامەییەکان، ئەم منداڵانەش تا تەمەنیان بچووکتر بێت فێرکردنیان ئاسانتر دەبێت تا بتوانن ئامادەبن بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، ئەگەر چی وەک منداڵانی ئاسایی فێری چەمک و شارەزاییەکانیش نەبن، بەڵام دەتوانرێت هاوڕێکانیان کە منداڵی ئاسایین فێر بکرێن یاران و منداڵانی تری خاوەن پێداویستی تایبەت وەک هەر منداڵێکی تر مافی رێزگرتنیان هەیە، بە چاوی بەزەییەوە نا بەڵکو بە چاوی مرۆڤایەتییەوە پێویستە لە ئامێزیان بگرین و خۆشمان بوێن.
بە گشتیی منداڵان پێویستە ئەوە بزانن کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە زۆر شتدا لەوان دەچن تەنها کێشەی ژیری و درەنگ فێربوونیان هەیە، لەگەڵ ئەوەی بە داخەوە هەندێکجار دایبابانی ئەم منداڵانە تووشی گرفت دەبن لە کاتی وەرگرتنی منداڵەکانیان لە باخچە و ناوەندە پەروەردەییەکاندا، بەڵام لێرەدا رۆڵی مامۆستا لە گۆڕینی راوبۆچوونی نێگەتیڤی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە منداڵانی خاوەن پێداوستی تایبەت دەردەکەوێت، چونکە هەموو تاکێک بەرپرسیارێتی هەیە بۆ لەخۆگرتنی ئەو کەسانە لەم بارەدا منداڵ وەک کەسایەتی سەیر دەکرێت وەک خاوەن گرفت نا.
کۆمەڵگە گرفتیان لەبەردەم دادەنێ
ئاشکرایە کەسانی خاوەن گرفت کەم تواناییان هەیە، بەڵام ئەوە کۆمەڵگە و چواردەورە گرفتیان لەبەردەم دادەنێن پێویستە لەسەر هەموومان کار بۆ لابردنی ئەو گرفتانە بکەین کە دەبنە رێگر لەبەردەم فێربوونیان، پێویستە باخچە و قوتابخانە و کۆمەڵگە بگۆڕین بۆ ئەوەی بە گوێرەی پێداویستی کەسیی و تایبەتییەکانی منداڵان بێت با هەموومان هۆشیاری ئەوەمان هەبێت بزانین چۆن گەورەیان بکەین و بزانین پەروەردە و راهێنانیان لەسەر ژیانێکی راستەقینە و بوونی باخچەی منداڵان و شێوازی مامەڵەکردن بەڕێگەی زانستی و ئەکادیمی چی لێ بەرهەمدێت با هەوڵی ماڵ و باخچە و ناوەندە پەروەردەییەکان گرێ بدەین ژینگەیەکی ئارام و کەشێکی لەبار بڕەخسێنین بۆ (یاران) و منداڵانی تری خاوەن پێداوستی تایبەت، چونکە ئەگەر جیاوازییەکمان هەبێت تەنها ئەوەیە ئێمە مرۆڤین، بەڵام ئەوان وەک فریشتەن لەسەر زەوی.