یادەوەریی وەرزشی

10:36 - 2023-08-21
وەرزش
220 جار خوێندراوەتەوە
سۆران ئەحمەد

لە ژمارەكانی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمەدا تیشكێكم خستە سەر شەش یارییمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق-گروپی باكوور  بۆ وەرزی 1989-1990، لەو پێنج یارییە تەنیا یاریی كەرامەمان 1-0 بردەوە:
*سلێمانی× 1 ی حوزەیرانی كەركوك (0-1) - 3/11/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
*  سلێمانی ×  كەرامەی شاری كەركوك (3-0) ، 10/11/1989 هەرلە یاریگای سلێمانی كرا.
*سەورەی كەركوك × سلێمانی (1-0)، 17/11/1989 لەكەركوك كرا.
*سەڵاحەدین × سلێمانی (2-1) ، 24/11/1989 لە تكریت كرا.
*موسڵ × سلێمانی (3-1) ، 1/12/1989 لە یاریگای موسڵ كرا.
*برایەتی × سلێمانی (1-0)، 7/12/1989 لە یاریگای هەولێر كرا.
حەوتەم یارییمان رۆژی 15/12/1989 بەرامبەر تیپی یانەی موسڵ بوو، یارییەكە لە یاریگای سلێمانی كرا، هاندەرانێكی زۆری سلێمانی ئامادە بوون و یارییەكەش بەبردنەوەی موسڵ  2-1 كۆتاییهات، موسڵ بەدرێسی سەوز و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سوورەوە یاریمان دەكرد.
سەعات 3 ی عەسری ئەو رۆژە فیكەی دەستپێك بۆ ئەم یارییەمان لێدراو ناوبژیوانانیش لە هەولێرەوە  هاتبوون، خولێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان سەرپەرشتیاری تیپ بوو، خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل راهێنەری ئێمە بوو، خوالێخۆشبوو د.عەتا چارەسەركەری تیپەكەمان بوو.
لەم یارییەدا ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد و پێكهاتەكەمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: سیروان محەمەد (عەبۆل).
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، نەوزاد مستەفا، هادی كەریم، تەنیا حەسەن تەنیا.
*ناوەند: ئامانجی سەید برایم، موحسینی هەڵەبجە، فەرەیدون كەمال، بەكری شێخ مستەفا.
*هێرشبەر:نازم عەرەب، ئالان قادر.
لە یارییەكەدا سەرەتا ئێمە توانیمان لە دەقیقەی 5 ی یارییەكەدا گۆڵێك لەرێگەی ئالان قادرەوە بكەین، بەڵام تیپی میوان توانیان لە تایمی دووەمدا و لە دەقیقەی 65 دا گۆڵی یەكسان بوون و پاشان لە دەقیقەی 90 یشدا گۆڵی بردنەوە بكەن و 2-1 یارییەكیان بردەوە.
لە یارییەكەشدا راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەی كرد: سۆران ئەحمەد بۆ شوێنی تەنیا، جەعفەر تۆفیق بۆ شوێنی موحسین، ئەم یاریزانانەش یەدەك بوون:جەلالی كانیاو، گۆران مەحمود حاجی، هیوا محەمەد.
شایانی باسە تیپە پلە دووەکانی یانەكانی عیراق لەو وەرەزدا لەسەرتاسەری عیراقدا كرابوون بە سێ گروپەوە، تیپی یانەی سلێمانی لە گروپی باكووردا بوو، گروپەكەش ئەم تیپانە بوون (سلێمانی، 1 ی حوزەیران و كەرامە وسەورە لە شاری كەركوك، موسڵ و فتووە لە موسڵ، برایەتی لە هەولێر، سەڵاحەدین لە تكریت)، سیستمی یارییەكان خولێكی دوو قۆناغ بوو، یەكەم و دووەمی هەرگروپێك دەگەیشتنە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولەكە، بردنەوە 2 خاڵ و یەكسان بوون 1 خاڵ بوو.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان