پیرۆزە لە هەڵەبجەی شەهید

10:39 - 2023-08-21
وەرزش
302 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كۆتایی بە خولی پلە دووی یانەكانی كوردستان هێناو دوو یانە گەیشتنە خولی پلە یەكی كوردستان و یانەیەكیش یاریی پاشكۆی پاڵاوتنی خولەكە دەكات.
بۆ ماوەیەكی زۆر بەسەرپەرشتی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان خولی پلە دووی یانەكانی كوردستان بەردەوام بوو، چەندین یانەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان تیایدا بەشدارییان كرد بۆ گەیشتن بە خولی پلە یەكەی كوردستان.
دواجار تیپی شەش یانە توانیان بگەنە قۆناغی كۆتایی خولەكە، ئەم تیپانەش زنجیرەیەك یارییان لەنێوان خۆیاندا كرد و سەرەنجام تیپی یانەی هەڵەبجەی شەهید پلەی یەكەم و تیپی یانەی تەناهی پلەی دووەمی دوا قۆناغی یارییەكانیان گرت و راستەوخۆ لە خولی پلە دووی كوردستانەوە بۆ خولی پلە یەك سەركەوتن.
هەرچی تیپی یانەی بەختیاریشە سێیەمی خولەكە بووەو بۆ دوو یاریی پاشكۆی پاڵاوتنەكان سەركەوتووەو لەگەڵ تیپی یانەی رواندز دوو یاریی یەكلا كەرەوە دەكەن و براوەیان دەگاتە خولی پلە یەكی كوردستان.
هەر لەم خولەدا هەڤاڵ ئەحمەد لە تیپی یانەی هەڵەبجەی شەهید بوو بەگۆڵكەری خولەكەو  توانی 10 گۆڵ لەم خولەدا بكات، دوا ریزبەندیی قۆناغی كۆتایی و گۆڵكەرانی خولەكەش بەو شێوەیەن كە لە هەردوو خشتكەدا دیارییكراوە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان