ئاكۆ كەریم مەعروف
چیرۆكەكە بەمشێوەیە دەگێڕنەوە، هەموو چوار ساڵ جارێك ئیدواردو گالیانوی نووسەری ناوداری ئۆرگوایی لافیتەیەكی لەسەر دەرگای ماڵەكەی دەنووسی و لێی نووسرابوو: (دەرگام داخراوە لە پێناو تۆپی پێدا)، بۆ ماوەی مانگێك لەسەر كورسییەك بەرامبەر یارییەكان دادەنیشت و تێبینی و سەرنجی لەسەر یارییەكان دەنووسی. ئەم نووسەرە كە هەڵگری ئەو نازناوە بوو پێیان دەوت، شاعیری تۆپی پێ، كتێبێكی نووسی بە ناونیشانی ( تۆپی پێ لە نێوان خۆر و سێبەرا)، لەم كتێبەدا وەك هاندەرێك و رەخنەگرێكی كۆمەڵایەتی لەم یارییە دەڕوانێت، ئەم كتێبە ساڵی 1995بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی نووسینی ئەدەبی لەبارەی تۆپی پێ وە چاپ و بڵاوكرایەوە، ئەو وەرزشەی كە گالیانو پێیوایە ئاوێتە بە سیاسەت و خۆبەزلزانین و گەندەڵی بووە.
ساڵی 2009 گالیانو بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەنوسێت (من پێم خۆشبوو خوێنەران رزگاربن لەو ترسەی لە تۆپی پێ هەیانە، هەروەها هاندەرانی تۆپی پێ رزگاربن لەو ترسەی بەرامبەر كتێب هەیانە). گالیانو لە منداڵیییەوە حەزو ئارەزووی بۆ ئەم وەرزشە هەبووە، بەڵام یاریزانێكی باش نەبووە، لە هەمان كتێبدا دەنوسێت؛ (ئەوەی توانیومە بە دەستەكانم بیكەم، كە هەرگیزاو هەرگیز نەمتوانیوە بە پێیەكانم بیگەیەنمە ئامانج). ئەم نووسەرە هاوشێوەی نۆرمان میللەر كە شیعرو سیاسەتی لە یاری بۆكسێندا دەبینییەوە، بەڵام میللەر ئارەزووی یارییە تووندو تیژەكەی هەبوو، بە پێچەوانەوە گالیانو مەیلی بۆلای ئەوین دۆستی یارییەكە هەبوو.
لە كتێبی ( تۆپی پێ لە نێوان خۆر و سێبەرا)، رووداوەكانی تۆپی پێ بە زنجیرەیەكی زەمەن و مێژووە پچڕپچڕەكەی بۆ ئەم وەرزشە دەخاتە روو، كە مێژووی ئەم وەرزشە بۆ 3000ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە تاوەكو دەگاتە جیهانێكی نوێ و ئەو راپۆرتانەی دەگەنە مۆندیال كە ئێستا دونیایەك لە هاندەریان هەیە. لە - ئیتاڵیا، هێشتا جەنگی جیهانی دووەم كۆتایی نەهاتبوو، بینیتۆ مۆسۆلۆنی سەركردەی ئەو وڵاتە مۆندیالی 1934 ی لە ئیتاڵیا رێكخست، گالیانۆ بەمشێوەیە باسیدەكات (پرۆژەیەك بوو بۆ بانگەشەیەكی رێكخراو) لەو ساتەدا هاندەران ئاهەنگیان دەگێرا بۆ سەركەوتنەكانیان.
ئیدواردو گالیانۆ، تۆپی پێ بەشێوەیەك دەبینێت كە جەنگە لەنێوان باشەو خراپەدا، ئەمەش جەنگێكی رێكخراوە لەنێوان یانزە یاریزاندا لە یاریگادا و لە شوێنی هاندەران رق لێبوونەوەی كۆن و ئەوینی كۆن لە نێوان باوك و كوڕدا دەبێتە هەرا، زۆرجاریش تووندو تیژی لێدەكەوێتەوە.
گالیانۆ لەو كتێبەدا پێیوایە یاری تۆپی پێ تەنها جەنگێك نییە لەنێوان وڵاتاندا ئەوە جەنگێكە لەنێوان مرۆڤایەتیی و تەكنۆكراتدا. بۆ نمونە (كاتێك بینی هاندەران و شەقامی بەرازیل هاتنە سەر شەقام و هاواریان دەكرد، ئەم هەموو تەخشان و پەخشانە چییە خەرجی دەكەن بۆ نوێكردنەوەی یاریگاكان، لە كاتێكدا پەروەردە و ژێرخانی ئابووریمان داڕوخاوە).
لەبارەی مێسی -یەوە گالیانۆ دەڵێت(مێسی ئەو منداڵەیە چێژ لە یاری مێگەلەكان دەبینێت، ئەو یاری دەكات بۆ چێژ لە پێناوی چێژ، یاریكردن ئامانجێك نییە بۆ بردنەوە).
ئەم كتێبە بایەخەكەی لەوە زیاترە لە رووی هونەریی و چێژبەخشینی چیرۆك و رووداوە سیاسییەكانی ناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا بخوێنرێتەوە، هەڵوێستە كردن لەسەر ئەوەی سیاسەت چ رۆڵێكی گەورە دەبینێت لە دابەشكردنی كارەكتەرەكان، بەتایبەتی هاندەران ئەوانەی دەگرین و ئەوانەی پێدەكەنن و هەڵدەپەڕن, ئێمە نازانین لەودیو یاریگاكانەوە چی روو دەدەن، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵنیاییە یارییەكان بووەتە كەرەسەیەك بۆ بازاڕ كردن، زۆربەی كاتیش هەروەها بووە لەسەر گیرفانی هاندەران و هەوادارانی تۆپی پێ.