حکومەتی عیراق، دەنگۆی کۆکردنەوەی ھێز و جموجۆڵی سەربازی ئەمریکا لە عیراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت، سوپاسالاری پێشمەرگە لەگەڵ وەفدەکەیاندا سەردانی ئەمریکای کردووە.
خالید یەعقوبی، راوێژکاری ئەمنیی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، ھیچ جۆرە کۆکردنەوەیەکی ھێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عیراق رووینەداوە، ئەوەی ھەبووە ئاڵوگۆڕ بووە لەگەڵ ئەو یەکانەی ئەمریکا کە لە سوریان.
راوێژکارەکەی سودانی، بەشێک لە ناوەڕۆکی دانوستانەکانی ماوەی رابردووی بەغدا و واشنتۆنی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرکردایەتی عیراق لە دانوستانەکاندا، پێداگیرییان لەسەر پاراستنی سەروەریی عیراق کردۆتەوە و ھەموو داواکارییەکانیان لە دانوستانەکاندا بەدەستھێناوە. رێکەوتوون لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەکی سەربازیی ھاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی داعش.
راوێژکارەکەی سودانی باسی لەوەشکردووە، ھیچ بڕگەیەک یان کۆبوونەوەیەکی نھێنی لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا نییە و سوپاسالاری پێشمەرگەش لەگەڵ ئەو وەفدە ئەمنییەدا بووە، کە سەردانی ئەمریکایان کردووە.