ئەم بابەتە کە لەبارەی رۆڵی قیادە موەقەتەوە نووسراوە و کاتی خۆی لە 7/8 تا 8/9 ی ساڵی 1980 بە زنجیرە وتارێک لە رادیۆی دەنگی (شۆڕشی عیراق) ئیزگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاخ بڵاوکراوەتەوە و دواتر لە دووتوێی نامیلکەیەکدا لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا چاپکراوە، هەڵوێستی ئەوێ رۆژێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە سەبارەت بە رۆڵی قیادە موەقەتە لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئامانجی لە دژایەتیی یەکێتی و شۆڕشی نوێ، وەک کوردستانی نوێ پێمان باشبوو دووبارە بڵاوی بکەینەوە، بەتایبەتی دوای چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی کەمال کەرکوکی کە خۆی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی قیادە موەقەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان، تا چیتر مێژووی ئەو قۆناغە بە چەواشەکراوی دەرخواری نەوەکانی ئێستا و ئایندە نەدرێت.
(2)
هاونیشتمانانی بەڕێز:
لەمە بەدواوە زنجیرەیەک وتارتان پێشکەش دەکەین دەربارەی تاوانەکانی قیادەی موەقەتە لە ماوەی پێنج ساڵەی تەمەنی پڕ لە ریسوایی خۆیا.
دەفتەری قیادەی موەقەتە ئەوەندە تاوان و خیانەتی تێدایە، هەرچەندی لەسەر بڕۆین، ناتوانین بە تەواوی باسی لێ بکەین، بە تایبەتی نهێنییە زلەکانیان هێشتا لە دەفتەری دەزگا جاسووسییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و دەوڵەتە گەورەکاندایە و نەکەوتووەتەڕوو.
ئێمە مەحکەمەی قیادە موەقەتە بەرەو رووی ویژدانی شۆڕشگێڕانەی ئێوە ئەکەینەوە، ئێوە خۆتان چاکترین حاکمن، ئێوە خۆتان حەکەم بن کە ئاخۆ ئەمانە کوردی دڵسۆزن و بەگژاچوونی ئەمانە شەڕی براکوژییە؟ یاخود ئەمانە گەورەترین خائینی مێژووی میللەتی کوردن و دەرکردنیان لە مەیدان فرمانی نیشتمانییە؟
رێکەوتننامەی جەزائیر
لە شەشی ئازاری 1975 دا شای جەللادی گەلانی ئێران پەیمانێکی ئاشکرا و نهێنیی چەند مادەیی لەگەڵ صدامی جەللادی گەلانی عیراقدا ئیمزا کرد کە ناسراوە بە رێكەوتننامەی جەزائیر.
بەگوێرەی مادە ئاشکراکانی رێكەوتنەکە:
ئەبو هەردوو دەوڵەتی ئێران و عیراق پارێزگاریی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکانی سنووری ناوکۆییان بکەن و نەهێڵن هاتوچۆی قاچاغی تێدا بکرێ.
لە دژی یەکتری یارمەتیی یاخیبوون و ئاژاوەنانەوە و پشێوی نەدەن.
لەگەڵ یەکتری هاوکاری بکەن دژی ئەو تاقمە تێکدەرانەی کە لە یەکێک لەم دوو دەوڵەتەوە دژی دەوڵەتەکەی تر ئەیانەوێ هەڵبسوڕێن.
ئەمانە نوقتە گرنگەکانی مادە ئاشکراکانی رێكەوتنەکە بوون لە نێوان هەردوو جەللادی ئێرانی و عیراقدا.
هەرچەندە رێكەوتنەکە بە رواڵەت کورت بوو، وە ناوی کوردی بە هیچ شێوەیەک تێدا نەهاتبوو وە لە پلەی یەکەمدا دژی شۆڕشی کوردستانی عیراق بوو کە ئەو دەم گەیشتبووە باڵاترین قۆناغی پەرەسەندنی چەندایەتی و مەترسییەکی زلی لە ناوچەکەدا پێک هێنابوو، بەڵام لە راستیدا پەیمانەکە دژی هەموو نەتەوەی کورد بوو.
ئامانجی پەیمانەکە هاوکاریکردنی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بوو دژی بزووتنەوەی رزگاریی نیشتمانیی گەلی کوردستان بە نیازی تێکشکاندنی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا و هێشتنەوەی بوو بە دیلی و ژێردەستەیی، هەربۆیە بە تەواوکردنی ئەم رێكەوتنە نامبارەکە، دوو بەندی نهێنیی تریشیان خستبووە سەر:
یەکێکیان:- دەربارەی ئەوەی کە لە هیچ هەلومەرجێکا ناو و رژێمی ئێران مافی ئۆتۆنۆمیی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا نەسەلمێنێ و لەمەدا حکومەتی عیراقیش پشتیوانیی بکات.
ئەوی تریشیان:- دەربارەی ئەوەی کە حکومەتەکانی ئێران و عیراق هەریەکەیان لە لای خۆیەوە هەوڵ بدات بۆ راکێشانی حکومەتی تورکیا کە بەشدارییان بکات لەو سیاسەتە ناوخۆییە دژی کورد لە ناوچەکەدا.
لە راستیدا ئیمپریالیزمی ئەمریکی دەڵالی بەینی حکومەتەکانی ئێران و عیراق بوو.
وە ئیمپریالیزمی ئەمریکی و بە تایبەتی (هینری کیسنگەر) لەژێرەوە بە نهێنی رێکخەری رێكەوتنەکەی بەینی شا و صدام بوو لە جەزائیر.
وە رێكەوتنەکەی جەزائیریش بەشێک بوو لە نەخشەیەکی گەورەتر و فراوانتری ئیمپریالیزمی ئەمریکی بۆ دامرکاندنەوەی کوانووەکانی شۆڕش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە، شۆڕشی کوردستانی عیراق، شۆڕشی زەفار، جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکانی خەلیج، شۆڕشی فەلەستین و... هتد.
بەڵام ئیمپریالیزمی ئەمریکی هەر وەکو لە زۆر بواردا شێوەی تازە و دۆزراوەی نوێ بەکار ئەهێنێ، لە کایەی پیلانگێڕان و نەخشەکێشانیشدا هەروەها شێوەی نوێ و تەکنیکی تازە بەکار ئەهێنێ بۆ داپۆشینی مەبەستی راستەقینە و پیلانەکانی خۆی، هەر بۆیە جەزائیری هەڵبژارد بە جێگە شانۆی ئەم تەمسیلە و کاتی کۆبوونەوەکانی رێکخراوی ئۆپیکیشی بە ژوانی مۆرکردنی.
رێكەوتنەکە لە جەزائیر و لە کاتی کۆبوونەوەی سەرانی ئۆپیکدا ئیمزا کرا:
یەکەم:- بۆ ئەوەی سەرپۆشێکی پێشکەوتوانە بدەن بەسەر پەیمانەکەدا، گوایە جەزائیر کە بە سەرزەمینی جەنگی بەرهەڵستیی ئیمپریالیزمی فەڕەنسی ناسراوە و لەناو دەوڵەتە عەرەبییەکاندا بە دەوڵەتێکی پێشکەوتنخواز لە قەڵەم ئەدرێ، ناو و ناوبانگێکی باشی وای هەیە هەر رێكەوتنێکی تێدا مۆر بکرێ، ئەویش بەرخوردار ئەبێ لە بەرەکەتی ئەو ناو و ناوبانگە جوانە.
دووەم:- بۆ ئەوەی مەسەلەی سەربڕین و لەناوبردنی نەتەوەیەکی ئازادیخوازی وەکو کورد، کە شا و صدام لەسەری رێک کەوتبوون، بخەنە قاڵبی لابەلاکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان دوو دەوڵەتی تازە و رزگاربووی گەشەکردووەوە کە پێویستیان بە ئارامیی ناوخۆ هەیە. بۆیە ئیمزاکردنەکەشیان خستبووە کۆبوونەوەی سەرانی ئۆپیکەوە، واتە رێکخراوی دەوڵەتانی دەرهێنەری نەوت.
بەڵام ئەم فڕوفێڵ و تەمسیل و شانۆبازییەی کە ئیمپریالیزمی ئەمریکی و فاشیزمی عیراقی و کۆنەپەرستی ئێرانی پەنایان بردبووە بەر، بۆ شاردنەوەی سروشتی کۆنەپەرستانەی رێکەوتنەکە کەڵکی نەبوو وە دادی نەدان، چونکە هەر زۆر زوو نهێنییەکانی پەیمانەکە، لایەنەکانی رێکخەر و سازدەری، ئامانجەکانی و ئەنجامەکانی بۆ هێزە شۆڕشگێڕەکانی ناوچەکە دەرکەوت.
مەرامی شا لە پەلهاویشتنی نفوزی سیاسی و ئابووری
شا کە ئەو سەردەمە دەوری پارێزگاری قازانج و دەستکەوتەکانی ئیمپریالیزم و هێزە کۆنەپەرستەکانی پێ سپێررابوو لە ناوچەکەدا. چاوی تەماعی بڕیبووە پەلهاویشتن و پەرەسەندنی نفوزی سیاسی و ئابووری و جەنگی لە ناوچەکەدا.
شای ئێران لە رێگەی ئەو یارمەتییەوە کە پێشکەشی مەلا مستەفای بەرزانی ئەکرد، ئەیویست کەڵک لە جووڵانەوەی رەوا و هەقی خەڵکی کوردستانی عیراق وەربگرێ دژی عیراق وە بیکاتە «عامیلی چغگ» و زۆرهێنان بۆ سەر سەدام و دارودەستەکەی، تاکو مەبەستی پەرەسەندن - خوازانەی خۆی لە خلیج و ئاوی شگ العرب و عربستان و ناوچەکانی سنووری عیراق و ئێراندا بهێنێتە دی.
شای جەللادی گەلانی ئێران لەم پەیمانەدا بە مەبەستەکانی خۆی گەیشت، بۆیە ئیتر وازی لە بەرزانی و جووڵانەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردستانی عیراق هێنا. هەر وەکو دوای ماوەیەکی تر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی عەرەب محمد حسنین هیکەلدا دانی پیادا نا.
شا بە مەبەستی خۆی گەیشت و سەری بە صدامی خائین و دارودەستە خوێڕییەکەی دانەواند و مەرجەکانی خۆی بەسەرا سەپاندن، صدام چۆکی دادا لە بەردەم پاڵەپەستۆی چاوچنۆکانەی شای ئێراندا.
شای ئێرانیش لە بەرامبەر ئەمەدا مەلا مستەفای لە مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانێی عیراق کێشایەوە دواوە.
راستە رێكەوتنێک لە جەزائیر بە نیازی دامرکاندنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلی کوردستان لە نێوان شا و صدامدا ئیمزا کرا.
ڕاستە ئەم رێكەوتنە بو بە هۆی ئەوەی کە صدامی خائین مەرجەکانی شا قبوڵ بکات و دەستبەرداری قازانجی گەلی عیراق و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی عەرەب ببێت لە چەندین ناوچەی گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وە سیاسەتی ناوەکی و دەرەکیی خۆی بەرامبەر ئیمپریالیزم، بە تایبەتی هیی ئەمریکا، بگۆڕێت.
راستە شای ئێران مەرجەکانی صدامی قبوڵ کرد لەبارەی کشانەوەی مەلا مستەفاوە، راستە مەلا مستەفاش تەسلیمی رێکەوتنەکە بوو وە جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکەی کوردستانی عیراقی شکاند.
راستە ئەم پەیمانە نامبارەکەی کە ئیمپریالیزمی ئەمریکی سازی کرد لە بەینی حکومەتی فاشیستی عیراق و حکومەتی کۆنەپەرستی ئێراندا، جەزرەبەیەکی توندی سرەواندە ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە مەزن و جەماوەرییانەی لە ناوچەکەدا بوون.
بەڵام پیلانەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی سەری نەگرت.
بەڵام خەوەکانی شای جەللادی گەلانی ئێران و سەگی پاسەوانی قازانجەکانی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستی نەهاتە دی.
بەڵام نەخشە رەگەزپەرستییەکانی صدامی خوێنڕێژ لەمەڕ تەفروتووناکردنی نەتەوەی کورد جێبەجێ نەبوو.
بەڵام ئاواتی کۆنەپەرستانی ناوچەکە لەمەڕ کوژانەوە و تێکشکانی بزووتنەوە شۆڕشگێرییەکانی گەلانی ناوچەکە نەهاتە دی.
واتە ئاگردانەکانی شۆڕش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەکوژانەوە.
پەردە هەڵماڵین لە رووی دەوڵەتەکان و حزب و جووڵانەوەکان
ڕێكکەوتنی جەزائیر زەرەری لە گەلانی ناوچەکە دا، بەلام لەناوی نەبردن و جووڵانەوەکانی نەمراندن، بەڵکو ڕووی ڕاستەقینەی شا و سەرۆک و سەرکردەکانی ناوچەکە و سروشتی دەوڵەت و حزب و تاقمەکانی ناوچەکەی چاکتر دەرخست و پەردەی لە ڕوو هەڵماڵین.
گەلانی ناوچەکە و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانیان سەریان بۆ پیلان و نەخشەی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستی دانەنەواند، وەکو کێوە سەرکەشەکانی ناوچەکە، وەکو دەشتە پانوبەرینەکانی ناوچەکە، وەکو رووبار و دەریا لەبننەهاتووەکانی ناوچەکە مانەوە و پاڵەوانە درۆزنەکانی رێکەوتنەکەی جەزائیریش هەر لە کیسنگەری دەڵاڵەوە تا سەر بۆمدیەنی پیلانگێڕ و تا سەر شای جەللاد، هەریەکە بە جۆرێک گلان و لە مەیدان دەرچوون، وە ئێستاش نۆرە هاتووەتە سەر صدامی خوێنڕێژ، ئاخر قارەمانی رێكەوتنەکە.
رێكەوتنی جەزائیر لە نێوان صدام و شادا ئەگەرچی کۆتایی بە تەمەنی سیاسیی مەلا مستەفای بارزانی هێنا، وە لە بەرزترین پلەی حورمەت و شانوشکۆی میللییەوە هێنایە خوارێ بۆ نزمترین چاڵی سووکایەتی و سەرشۆڕی و بێحورمەتی، بەڵام رێكەوتنی جەزائیر نەیتوانی کۆتایی بە خەباتی گەلی کورد و هێزە شۆڕشگێڕەکانی بهێنێ، بەڵکو لەو تاقیکردنەوە سەخت و دژوارەشدا بە سەربەرزی دەرچوو، وە زەرەرمەندی گەورە لەم پەیمانەدا هەر ئیمپریالیزم بوو، چونکە نەک هەر ئامانجەکەی نەهاتە دی و بەس، بەڵکو یەکێک لە داشە هەرە گرنگ و گوێڕایەڵەکانی خۆی لە ناوچەکەدا لە دەست دا، کە مەلا مستەفای بارزانی بوو.
پیلانگێڕەکانی سازدەری رێکەوتننامەی جەزائیر چوونە زبڵدانی مێژووەوە