قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبۆوە:

چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە

09:58 - 2023-08-27
جیهان
246 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پێشوازیكرد لە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیا و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێكران.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكە، كە رۆژی 24ی 8 لە هەولێر بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و ئەحمەد موفتی بریكاری وەزیری سامانە سروشتییەكان بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیا و چارەسەركردنی گرفتەكان لەنێویشیاندا پرسی فڕۆكەخانەی سلێمانی، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاوازەكان و بەتایبەتیش لە بواری بازرگانیدا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا. هەردوولا جەختیانكردەوە لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا سەرباری پەسەندكردنی یاسای بودجە، كێشەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەكراوە. وتیشی: پەرتەوازەیی و نەبوونی یەكڕیزی لە نێوان لایەنە كوردستانییەكاندا كاریگەری هەبووە لەسەر چارەسەرنەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەتایبەتیش لە پرسی بودجەدا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باسی چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر كرا. هەردوولا بە پێویستیان زانی هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر هەبێت لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەردوولا بۆ بنەبڕكردنی ئەو دیاردەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان