قیادە موەقەتە لە چ بەرەیەکدا وەستاوە؟ بەشی سێیەم

10:23 - 2023-08-28
کوردستان
454 جار خوێندراوەتەوە

ئەم بابەتە کە لەبارەی رۆڵی قیادە موەقەتەوە نووسراوە و کاتی خۆی لە 7/8 تا 8/9 ی ساڵی 1980 بە زنجیرە وتارێک لە رادیۆی دەنگی (شۆڕشی عیراق) ئیزگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاخ بڵاوکراوەتەوە و دواتر لە دووتوێی نامیلکەیەکدا لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا چاپکراوە، هەڵوێستی ئەوێ رۆژێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە سەبارەت بە رۆڵی قیادە موەقەتە لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئامانجی لە دژایەتیی یەکێتی و شۆڕشی نوێ، وەک کوردستانی نوێ پێمان باشبوو دووبارە بڵاوی بکەینەوە، بەتایبەتی دوای چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی کەمال کەرکوکی کە خۆی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی قیادە موەقەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان، تا چیتر مێژووی ئەو قۆناغە بە چەواشەکراوی دەرخواری نەوەکانی ئێستا و ئایندە نەدرێت.

(3)   

 103 هەزار پێشمەرگە بە 130 هەزار سەرباز
لە کاتێکدا کە شای جەللادی گەلانی ئێران لەگەڵ صدامی جەللادی گەلانی عیراق رێکەوتننامەی سەربڕینی گەلی کوردیان لە جەزائیر ئیمزا ئەکرد و پیلانی لەناوبردنی کوردیان رێک ئەخست، پێشمەرگەکانی کوردستانی عیراق، چ سوپای شۆڕشگێڕی کوردستان و چ هێزی بەرگریی میللی کە تێکڕا نزیکەی (103) هەزار چەکدار بوون، بە پشتیوانیی گەلی کوردی عیراق و نەتەوەی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا لە دوانزەهەمین مانگی شەڕێکی نەپساوەی سەخت و قارەمانانەدا بوون لە دژی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی رەگەزپەرستی عیراق کە لە کوردستاندا ئەو کاتە نزیکەی (130) هەزار کەس ئەبوو.
سەرکردایەتیی شۆڕشی کوردستانی عیراق لە راستیدا بە دەست مەلا مستەفا و کوڕەکانی و هەندێ لە پیاو و میرزا ماستاوچییەکانی خۆیەوە بوو، دەیان هەزار پارچە چەکی زیادە و دەیان ملیۆن فیشەک و سەدان چەکی قورس و کاریگەریان لەبەر دەستا بوو. سەدان دەزگای بێتەل و چەندین دەزگای رادیۆییان هەبوو، هەزاران پۆلیس و سەربازی مەشقدیتوویان لەگەڵ بوو. هەزاران ئەفسەر و موهه‌ندیس و محامی و دکتۆر و مامۆستا و خوێندەواریان لەگەڵ بوو. جگە لەمانە، زیاتر لە (25) ملیۆن دینار پارەی پاشەکەوتیان لەبەر دەستا بوو.

ئامادەیی پێشمەرگە و  کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لەمانە هەمووی گرنگتر، ورەی بەرز و زاتی شۆڕشگێڕانە و ئامادەیی بێوێنەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو بۆ درێژەدان بە شەڕی پاراستنی کورد و کوردستان لە هێرشی دەستدرێژکەرانەی ناڕەوای حکومەتی عیراقی.
پێش ئەوەی شا و صدام لە جەزائیر یەکتری ببینن و رێک بکەون، چەندین لایەنی شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخواز و دۆستی کورد مەلا مستەفا و سەرکردایەتیی شۆڕشی کوردستانیان هۆشیار کردەوە لە مەترسیی گەورەی پشتبەستنی وا زۆر بە ئیمپریالیزمی ئەمریکی و شای جەللادی گەلانی ئێران، تەنانەت هەندێکیان پشتیوانیی شایان لە مەلا مستەفا بە پیلانێکی گەورە دائەنا لە دژی نەتەوەی کورد و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ناوچەکە.
سەرباری هۆشیارکردنەوەی ئەم لایەنانە، چەندین بەڵگە لە کایەدا بوون دەربارەی کۆبوونەوەی نهێنیی نوێنەرانی حکومەتەکانی عیراق و ئێران و سویسرا و تورکیا و چەندین شوێنی تر وە دەڵاڵی و هەوڵدانی کیسنگەر بۆ لابەلاکردنی کێشەکانی نێوانیان، لەوانە مەسەلەی کوردیش.
هێشتا شا لە جەزائیر نەگەڕابووەوە کە مەلا مستەفا لەگەڵ چەند خولام و میرزایەکی خۆی بە هەڵەداوان چووە تاران و لەوێ چاوەڕێی گەڕانەوەی ئاغاکەیان ئەکرد کە بزانن ئەم رێكەوتنەی جەزائیر چیی پێیە بۆ ئەوان و پاش ئەوە شا فەرمان و ئامۆژگاریی نوێی چییە؟

قسەکانی شا و گوێڕایەڵی بێ چەندوچوون
ڕۆژی 12/3/1975 مەلا مستەفا و خولامەکانی بە خزمەت شا و جەنەراڵ نەصیریی سەرۆکی ساواک گەیشتن و دوای دەستماچکردن و وەرگرتنی ئیجازەی دانیشتن، شا کەوتەوە قسەکردن:
شا لە قسەکانیدا وتی کەوا نەتەوەی عەرەب ئێستا لە دونیادا بووەتە هێزێکی وا کە دەوڵەتانی ئۆردووگای رۆژئاواش ناتوانن پشتگوێیان بخەن، ئەویش بەرژەوەندیی ئێرانی بە لاوە گرنگە، بۆیە لەگەڵ عیراقدا رێک کەوتووە.
مەلا مستەفاش لە وەڵامدا ئەڵێ:
هەرچی ئەو بە چاکی ئەزانێ و هەرچی مەسڵەحەتی ئێرانی تێدا بێ، مەسڵەحەتی ئەوانیشی تێدایە.
شا دیسانەوە لەسەری ئەڕوا کە گوایە سەرەڕای ئەو هەموو یارمەتییە زۆرەی ئەو هیی مەلای داوە و سەرەڕای ئەو پشتیوانییە زۆرەی لێی کردوون، کورد نەیتوانیوە سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، وا ئێستا ئێران لەگەڵ عیراقدا رێک کەوتووە، بەڵام ئەو بەڵێنی لە صدام وەرگرتووە کە ئەگەر بچنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عیراق، وا هەموویان ئەبەخشن و زەمانی وەرگرتووە هیچیان لێ ناکەن، وە ئەگەر ناشگەڕێنەوە عیراق و دێنە ئێرانەوە، وا ئازادن و ئێران جێگەیان ئەکاتەوە، بەڵام نابێ کاری سیاسی بکەن، خۆ ئەگەر لەسەر شەڕ بوون، وا ئەو ناتوانێ ئیتر یارمەتییان بدات.
مەلا مستەفا ئەڵێ:
شا باوکی هەموانە و مادام ئەو رێکەوتنی پێ باشە، ئەمانیش هەر ئەوەیان بە لاوە چاکە و درێژە بە شەڕ نادەن، دێنە ئێران دائەنیشن و ئەڵێ ئێمە دڵسۆز بووین و هەر دڵسۆزیش ئەبین و هەر بە دڵسۆزییش ئەمێنینەوە. ئا بەم جۆرە دوایین دیدەنیی مەلا مستەفا لە شا تەواو ئەبێ.

نەصیری بۆچی سەرکۆنەی کرد؟
هەڵوێستی مەلا مستەفا لەو دیدەنییەدا وە رەفتاری لەگەڵ شا ئەوەندە نەرم و لاواز و نۆکەرانە ئەبێ، کە ئەڕۆن، جەنەراڵ نەصیریی سەرۆکی ساواک و قەسابی گەلانی ئێران، بەدەم رێگاوە سەرکۆنەی مەلا مستەفا ئەکات.
مەلا مستەفا کە نائومێد ئەبێت لە پشتیوانیی شا و ئیمپریالیزمی ئەمریکی، ورە بەرئەدات و بڕیاری ئاشبەتاڵ ئەدات بێ ئەوەی جارێ مەبەستی راستەقینەی خۆی لەلای کەس بدرکێنێ، جگە لە ئاغاکانی خۆی، بە تایبەتی کاربەدەستەکانی سیای ئەمریکی کە لە دواییدا برووسکەکانی بەینی مەلا و سیا بڵاوکرایەوە.
بێگومان هەموو ئەو سەرکردانەی کە پشت ئەستوور نین بە میللەتەکەی خۆیان، کە باوەڕیان نییە بە هێزی لەبننەهاتووی میللەتەکەیان و پشتئەستوور بە بێگانە و باوەڕیان بە پشتیوانی و یارمەتیی ئەوان هەیە، لە تەنگانە و تەنگوچەڵەمەدا سەری دونیایان لێ دێتەوە یەک و مەیدان چۆڵ ئەکەن.
مەلا مستەفای بارزانی کە خۆی لە ئاستی «لە خۆی بەرەو ژوورترا» وەکو عەبدێکی سووک و کۆیلەیەکی بێئیرادە رەفتاری ئەکرد، رەفتاری عەبدی سووک و کۆیلەی بێ ئیرادەشی لەگەڵ بەردەستەکانی خۆیدا ئەکرد و هەر بۆیە لەم مەسەلە چارەنووسییە گرنگەشدا نە پرسی پێ کردن و نە ماوەی قسەکردن و رادەربڕینی دانێ و رەئی خۆی بەسەرا سەپاندن.

لە نێوان خواستی شا و  خۆڕاگریی خەڵکدا کامیانی هەڵبژارد؟
ئەو کاتەی مەلا مستەفا بڕیاری ئاشبەتاڵی دا، خەڵکی کوردستان نەشکابوون، جەیشی عیراق بەسەر هێزی پێشمەرگەدا زاڵ نەبووبوو، کەس لە برسا نەمردبوو، کەس لە سەرما رەق نەبووبووەوە، کەس لەسەر تفەنگ و فیشەک و دەرمان و خواردن پەکی نەکەوتبوو، کەس خۆی نەدابوو بە دەست دوژمنەوە و کەس ورەی بەرنەدابوو، دوژمنیش نە هێشتا توانیبووی سەرزەمینی کوردستان ئابڵووقە بدا و نە هێشتا گەلی کوردی پێ گەمارۆ درابوو.
بەڵێ، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سەنگەرەکانی خۆیان چۆڵ نەکردبوو، چەکیان فڕێ نەدابوو، ورەیان بەرنەدابوو و لە خەیاڵی ئەوەشدا نەبوون، ئەوەی کە ورەی بەردابوو وە بڕیاری چۆڵکردنی سەنگەر و فڕێدانی چەکی دابوو، هەر مەلا مستەفا بوو.
مەلا مستەفا قارەمانێتی و فیداکاری و ماندووبوون و رەنجدان و زاتی شۆڕشگێڕانە و کۆڵنەدان و نەبەزینی کۆمەڵانی خەڵکی بە لاوە هیچ نەبوو.
مەلا مستەفا فیداکاری و ئازایەتی و لەخۆبوردنی دەیان هەزار پێشمەرگەی قارەمانی کوردستانی بە لاوە فشە بوو.
مەلا مستەفا پشتیوانیی ملیۆنەها کوردی عیراق و سەرانسەری کوردستانی لە شەڕەکە بە لاوە شت نەبوو.
مەلا مستەفا پشتیوانی و لایەنگریی رای گشتی جیهانی لە شۆڕشی کوردستان بە لاوە گاڵتە و قەشمەری بوو.
مەلا مستەفا هەموو ئەو چەکە قورس و سووکانەی هەیبوو، هەموو ئەو زەخیرەیەی لە عەمبارەکانیا بوو، هەموو ئەو پارە زۆرەی لەبەر دەستیا بوو، ئەو هێزە بەشەرییە لەبننەهاتووەی لەژێر فەرمانیا بوو، بەلایەوە هیچ نەبوو. بەڵکو مەلا مستەفا رێكەوتنەکەی شا و صدامی بە لاوە لە هەموو ئەوانە پێ کاریگەرتر بوو و قسەکانی شای دوژمنی خوێنەخۆری کوردی بەلاوە لە هەموو ئەوانە پێ گرنگتر بوو، و دەربازکردنی گیانی خۆی و پارە و پوولی دزراوی شۆڕشەکەی بە لاوە هەموو شت بوو، بۆیە ئەوانەی هیچی بە (هەند) نەگرت و ئاشبەتاڵی کرد.

دەستبەجێ نییەتی خۆی ئاشکرا نەکرد
مەلا مستەفای بارزانی کە لای خۆیەوە بڕیاری ئاشبەتاڵ و راکردنی دابوو، کاتێ گەڕایەوە کوردستانی عیراق، تا چەند رۆژێک «نییەتی» خۆی ئاشکرا نەکرد و بە فێڵ و تەڵەکەبازی دەستی پێشمەرگە و کۆمەڵانی خەڵکی بڕی و لەباتی ئەوەی پلانی مقاوەمەت و نەخشەی درێژەپێدانی شەڕی بەرهەڵستی دابنێ، پیلانی گوێزانەوەی سەروەت و سامانەکەی خۆی دانا، ئەو سەروەت و سامانەی بە خوێنی شەهیدان و ئارەقی رەنجی پێشمەرگە و فرمێسکی جەرگسووتاوەکان پێکەوە نرابوو.
بەڵێ، پیلانی گواستنەوەی چەندین ملیۆن دینار و چەندین کیلۆ ئاڵتون و خشڵ و چەندین مێگەل و رانەمەڕ و رەوە ئەسپی دانا.
پیلان و نەخشەی بڵاوەکردنی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی شۆڕشی دانا و لە راستییشدا دەری خست لە بواری گواستنەوەی سەروەت و سامانی دزیەتی و لە بواری نەخشەکێشانی پلانی بڵاوەپێکردنی دەیان هەزار پێشمەرگەی وریا و ئازا و دڵسۆزا مامۆستایەکی زۆر گەورە و شارەزایەکی زۆر بێوێنەیە. مەلا مستەفای بارزانی سەری تەسلیمبوونی بۆ خیانەتنامەی تاوانکارانەی جەزائیر دانەواند.
مەلا مستەفا لەباتیی ئەوەی بێتەوە کوردستان و ئەو چەند ساڵە کەمەی تەمەنی خۆی لەناو میللەتەکەیا بەسەر ببات و سەروەریی شەڕی مقاوەمەت و بەرگریی دوژمنانی کوردستان بۆ خۆی هەڵببژێرێ، هاتەوە کوردستان و سەرشۆڕیی هەڵهاتن و تەسلیمبوون و خەجاڵەتیی بەردەمی مێژووی بۆ خۆی هەڵبژارد.
ئێمە حەزمان ئەکرد مەلا مستەفا ئاشبەتاڵی نەکردایە، بەڵام بە داخەوە، ئاشبەتاڵی کرد.
ئێمە حەزمان ئەکرد مەلا مستەفا درێژەی بدایە بە شەڕی پاراستنی کورد و کوردستان، بەڵام بەداخەوە، کۆتایی بە شەڕەکە هێنا.
ئێمە حەزمان ئەکرد مەلا مستەفا پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کوردستانی سازبدایە و رێکی بخستنایە و فێری خۆڕاگرتن و بەرگری و فیداکاریی بکردنایە، بەڵام بە داخەوە، بڵاوەی پێ کردن و ئاوارە و دەربەدەری کردن و تەسلیمی دوژمنی کردن.

حەزی ئێمە و رووداوەکان جیاوازن
ئێمە حەزمان ئەکرد مەلا مستەفا لە خاکی کوردستاندا و لەناو میللەتی کورددا بمایەتەوە، بەڵام بە داخەوە، لە کوردستان رای کرد و میللەتی کوردی بەجێهێشت.
ئێمە حەزمان ئەکرد مەلا مستەفا سەری شۆڕی تەسلیمبوونی دانەنەواندایە و تا دواهەناسەی ژینی هەڵگری ئاڵای شۆڕش بوایە، بەڵام بەداخەوە، سەری دانەواند و ئاڵاکەی خستە ناو زەلکاوی تەسلیمبوونەوە.
حەزی ئێمە شتێکە و راستی و رووداو شتێکی ترە.
ئەوەی روویدا، ئەوەیە کە مەلا مستەفا لەسەر خەبات و شۆڕش نەڕۆیشت، رای کرد و ‌هەڵات، خۆی هاویشتە باوەشی ساواک و شای ئێرانەوە، میللەتی کورد و پێشمەرگەکانی فرۆشت.
بەڵێ، راستی ئەوەیە کە مەلا مستەفا مقاوەمەتی نەکرد، بەڵکو مەلا مستەفا ئاشبەتاڵی کرد.

تەسلیمکردنەوەی چەکەکان بە سوپای عیراق لە ئاشبەتاڵدا

#کارەساتی هەکاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان