هەنگوینی شاخ و هۆتێل

11:41 - 2022-05-15
دووتوێ
101 جار خوێندراوەتەوە

ئاسۆ گەڵاڵی*

لە ماوەی رابردوودا لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، ژوورێکیان لەناو هۆتێلێکی ناوشاردا ئاشکرا کرد، کە تیایدا چەندکەسێک لەبری (هەنگ) هەنگوینیان بەرهەم دەهێنا. لەژوورەکەدا دەست بەسەر 250 کیلۆگرام هەنگوینی ساختەدا گیرا و دواتر لەناوبران. هەوڵی لیژنەکان جێی دەستخۆشیی و هەواڵی هەنگوینە ساختەکە جێی نیگەرانییە.
ساڵانێکە هاوار دەکەین، هەنگوینی خراپ و ساختە و شەکر و ژەهری وڵاتان، تەنگیان بە هەنگوینی ناوخۆیی هەڵچنیوە و بازاڕیان ئاخنیوه، بەڵام ئێستا شەڕەکەیان هێناوەتە ماڵی خۆمانەوە، بۆیە ئەگەر جاران تەنها هەنگوینی شاخ و دەشت و نزیک ئاوەدانی هەبووبن، ئەوا ئێستا هەنگوینی هۆتێلیش هەیە.
زۆرترین ساختەکاری
بەپێی رێکخراوە جیهانییەکانی بواری خواردەمەنی، هەنگوین یەکێکە لەو سێ خۆراکە سەرەکییەی لەجیهاندا، زۆرترین ساختەکاریی تێدا دەکرێت، داتابەیسی خۆراکی ساختەی جیهانی (food fraud database) دەڵێت، لەدوای شیر و زەیتی زەیتون زۆرترین هەنگوینی ساختە لە بازاڕەکانی جیهاندا بوونی هەیە و ئەمریکایش لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە بەدەست هەنگوینی فێڵاوییەوە دەناڵێنن.
لە پێکهاتەی ئەفسانەیی هەنگویندا، جۆرەهای ڤیتامین و دژەئۆکسان هەن کە هەندێکیان جگە لەهەنگوین لە خواردنی هیچی تردا دەست ناکەون، ئەگەر دەست بدەینە ژماردنی سوودەکانی هەنگوین ئەوە دەگەینە (سەدان) و ئەم نووسینە تا ئاستی بێزارکردنی خوێنەر درێژ دەبێتەوە. سەرچاوە جیهانییەکان هێندەیان سوودی جۆراوجۆری هەنگوین ریزکردووە، مرۆڤ وای لێدێت بڵێت، هەر بەڕاست هەنگوین سوودی بۆ چ نەخۆشییەک نییە؟ یانی جگە لە مناڵی خوار یەک ساڵ و نەخۆشی توندی شەکرە و جۆرە هەستیارییەکی تایبەت و چەند حاڵەتێکی کەمی تر، هەمووان رێنمایی ئەوە دەکرێن دەست بدەنە خواردنی هەنگوین.
سوودەکانی هەنگوین
توێژینەوە پزیشکییەکان دەڵێن: هەنگوین بەکاردێت بۆ: مێشک و دەمارەکان، زراو، دواخستنی پیری، هەوکردن، برینی گەدە، سووتان و هەستیاری (حەساسیەت)، پڕۆستات و میزەڕۆ، رۆماتیزم و ئازاری جوگمە، زەردیی روخسار و زیپکەی گەنجی، سوربوونەوەی دەموچاو، ئاوکردنی چاو، کڕێش و و گەشەی مووی سەر و نەخۆشییەکانی بیرۆ و سەدەفی و وشکی، هەوکردنی لوت، ریخۆڵەکان و مایەسیری و کۆڵۆن، ترشی گەدە، کەمخوێنی، کۆکە، سیل، رەبۆ، فشاری خوێن، تەشەنوج، رێکخستنی سوڕی مانگانەی ئافرەتان، زیادکردنی تۆوی پیاو، توانای جووت بوون بۆ هەردوو رەگەز و سەدان مەبەستی تر بە رێگای جیاواز و بەپێی رێنمایی پزیشک بەکاردەهێنرێت.
ساڵانە 500 تۆن هەنگوین لە ناوخۆ بەرهەمدەهێنرێت
جا ئەگەر تێگەیشتنە پێچەوانەکە وەربگرین و گریمان هەنگوین بە دەرمانێکی پزیشکی دابنێین کە سوودی بۆ ئەو حەمکە نەخۆشییە هەبێت، خۆ ئەگەر ئەو دەرمانە بە هەڵە بەکاربێت یان ساختەکراو بێ و ئەسڵەن دەرمان نەبێ! ئەوا بەدڵنیاییەوە لە ئەنجامی خواردن و بەکارهێنانی کارەساتی تەندروستی روو دەدات.
بۆیە گرنگە لایەنی فەرمی لە هەرێم بەجدی بێنە سەر هێڵ و نەهێڵن ژیانی هاووڵاتیان بەمجۆرە قوماری پێوە بکرێت.
ئێستا بازاڕەکانی هەرێم، تەژین لە هەنگوینی ساختە، لەبازاڕدا هەنگوین هەیە بەشێوەی (تاک) کیلۆی بە چوار هەزار دینار دەفرۆشرێت دەبێت جوملەکەی بە چەند بێت!، لە کاتێکدا بەپێی هەندێک هەژمارکردنی هەنگەوانانی هاوڕێم، کیلۆیەک هەنگوین لە ساڵێکی ئاساییدا لە سەروو 25 هەزار دینارە وە لەسەر هەنگەوانی پیشەیی دەکەوێت ئیدی هەنگوینێک، هەنگوین بێ، چۆن دەدرێتە چوار هەزار؟
هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، خاوەنی زیاتر لە 700 هەزار پورەی هەنگیان هەیە و ساڵانە زیاتر لە 500 تۆن هەنگوین بەرهەمدەهێنن، بەڵام بڕی ئەو هەنگوین و شیلە و راوەی لە هەرێم ساغ دەبێتەوە، زیاترە لە دوو هێندەی ئەو بڕە 1200 تۆن، هەر بۆیە هەنگوینی هاوردەکرا و زیاتر بوونی هەیە لە بازاڕەکاندا، کە هەندێک لە شارەزایان دەڵێن، هەندێ هەنگوینی هاوردە تێزاب و مادەی پاککەرەوەی تێدەکرێت.
لەمەودوا نابتێ پرسیاری هاووڵاتیان ئەوەبێ هەنگەکە شەکری پێدراوە یان نا؟ بەڵکو دەبێ بڵێن: ئەم هەنگوینە، هەنگی بینیوە؟ هەنگوینی شاخە؟ یان هی هۆتێل؟

٭هەنگەوان و ئەندازیاری کشوکاڵی

بابەتە پەیوەندیدارەکان