شرۆڤەی وەرزشی بۆ رق و كینە و جنێو!

11:22 - 2023-08-28
وەرزش
312 جار خوێندراوەتەوە
#زاگرۆس نانەكەلی

لەم سەردەمەدا کاری شرۆڤەكاری وەرزشیی لە جیهاندا بە ئاشكرا لایەنگیری تیپ و یانەیەك و بگرە یاریزانێكی پێوە دیارە، ساڵانی حەفتا و هەشتا و نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، ئەم دیاردەیە بە پەنجەكانی دەست دەژمێردرا، بۆیە لام سەیرنییە كە ئەم دیاردەیە زۆر بە زەقی و بەربڵاوی پەرەی سەندووە.
شرۆڤەكاری وەرزشی دەڵێ؛ (سەرچاوەكانی هەواڵ)، کام سەرچاوە؟، بەناوی یاریزانانەوە هەواڵی وا بڵاو دەکاتەوە  من دەڵێم شوكر بۆ خوا  ئەوان زمانی كوردی نازانن، ئەگەرنا هەموو رۆژێك هەواڵەكانیان بە درۆ دەخستینەوە و گاڵتەشیان پێدەكردین.
شرۆڤەكاران هەن تا ئێستا زۆر بە ویژدان و پڕۆفیشناڵ و ئەكادیمی و بێ لایەنگیری كارەكانی خۆیان رایی دەكەن، بەڵام لە بەر راستگۆیەكەی جارێكی تر لە كەناڵەكان نایبینینەوە و ئاوت دەكرێ، لای خۆشمان شرۆڤەكاری وەرزشیی بە لایەنگیری دەستی پێكردووە و زۆر زەحمەتە بتوانێ خۆی و ویژدان و زانستەكە و راستییەكان بڵێ، خوێنەر و بینەریش فریو دەدات، لەمەشدا خەتا لە خوێنەرە کە بەدوای سەرچاوەدا ناگەڕێ  و ناخوێنێتەوە!، نموونە پەیجێك نوسیویەتی؛ هیچ یاریزانێك ناگاتە ئاستی یاریزان (....) لە ئێستا و داهاتوودا، تۆ رای خۆت بڵێ،  ئیتر دوای ئەمە دەبێتە شەڕە جوێن بە کۆمێنت و جوێنەكان هێندە قێزەونن مرۆڤـ شەرم لە خۆی دەكات!.
ئەمە هەر لەخۆمەوە ناڵێم، بڕۆن سەیری گفتوگۆی رۆژنامەنووسان و شرۆڤەكارانی وەرزشی بكەن، بزانن چ زمانێکی زبر و چەند ناو زڕاندن و وشەی نەشیاو و جوێن بەكار دێنن دژ بەیەك  لەسەر بابەتێكی سواو.
بڕۆن چاوێك بە سۆشیاڵ میدیادا بخشێنن و بزانن چۆن ئاستی خراپی شرۆڤەكارانی وەرزشی كوردی هەموو سنورەکانی تێپەڕاندووە، نازنم لەپای چی وادەكەن؟ خۆ خۆمان ئەوەندە كۆك و تەبا نین لەناویەكا تا بەهۆی میسی و رۆناڵدۆ وە بازاڕی جوێن فرۆشتن بكەینەوە لەنێو پەیجەكانی خۆماندا!.
لەكۆتایدا ئەمە مەسجی هاوڕێیەكی ئازیزمە كە ساڵانێكە لە ئەمەریكا دەژی، منیش وەك خۆی بڵاوی دەكەمەوە كە بۆی نووسیبووم؛
كاكە زاگرۆس بەشی وەرزشی تێكڕای كەناڵە ئاسمانی و لۆكاڵییەكانی كوردستان و پەیجەكانیان لە سۆشیال میدیا وخاوەن پەیج و ئەو سوپایەی ناویان لە خۆیان ناوە میدیاكاری وەرزشیی و شرۆڤەكارو شارەزا لەتۆپی پێدا، تا سێ مانگ لەمەوپێشیش بچووكترین زانیاریان نەبووە لەسەر تۆپی پێ لە ئەمەریكا و خولی تۆپی پێ (MLS) و شێوازی خولەكە، تائێستاشی لەگەلدا بێت نازانن ئەو سێ پیتە كورتكراوەی چیە !، بەڵام ئامادەن بەسەعات قسە لەسەر ئەو خولە بكەن بەزانیاری هەڵە و هەواڵی بێ سەرچاوە و بەسەدان پۆستیشی لەسەر بكەن، ئاخر نەبووە و نابێت تۆ چوار پێنج وشەی ئینگلیزی نەزانیت، بەڵام زۆر چاوقایمانە لەسەر شاشەی كەناڵەكان و پۆستی پەیجەكانیانەوە باس لە ڕاپۆرتی هەواڵی ڕۆژنامەكانی ئەمەریكا بکەیت بەبێ سەرچاوە، دڵنیابە زۆرێك لەو هەواڵانەی ئەوان لێی دەدوێن لەسەر تۆپی پێی ئەمەریكا لە خودی كەناڵ و میدیا وەرزشییەكانی نێو ئەمەریكاوە بۆت نادۆزرێتەوە چونكە لەئەسڵدا بوونیان نییە!.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان