بەم دواییە مۆندیالی تۆپی پێی خانمان لە ئوستورالیا و نیوزیلەندا كۆتاییهات و هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی پاڵەوانیان بۆ یەكەمین جار لە مێژووی خۆیاندا بەرز كردەوە پاش ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا كە رۆژی 20/8/2023 كرا، 1-0 لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرایان بردەوە.
لە پەراوێزی ئەم مۆندیالەدا
دوور لە ئەنجام و یارییەكانی ئەم مۆندیالە، هەڵبژاردەی خانمانی ئەمریكا بە هەڵبژاردە پڕ سەروەرییەكەی مێژووی ئەم پاڵەوانێتییە دادەنرێت، كاتێك ساڵی 1991 بۆ یەكەمینجار ئەم مۆندیالە رێكخرا، ئەمان جامی یەكەم مۆندیالیان بەرز كردەوە، جگەلەمەش تائێستا 9 مۆندال رێكخراوە، ئەمان بوونەتە خاوەنی 4 جامی پاڵەوان، بەڵام لەم مۆندیالە لە قۆناغی 16 هەڵبژاردەییدا بەدەستی كچانی سوید كراونەتە دەرەوە.
جگەلە خانمانی ئەمریكا، خانمانی ئەڵمانیاش لەو هەڵبژاردانەن كە مێژوویەكی پڕ سەروەرییان تۆمار كردووە بەوەی دوو جامی ئەم مۆندیالەیان بۆ دووجار لەسەر یەك (2003-2007) بەرز كردۆتەوە، بەڵام ئەمانیش لەم مۆندیالەدا هەرلە قۆناغی گروپەكانەوە كرانە دەرەوە.
باشترینەكان
لەم مۆندالەدا باشترینەكان بەمشێوەیە بوون:
*باشترین یاریزان-ئایتانا بۆنماتی (ئیسپانیا-یانەی بارسیلۆنا).
*گۆڵكاری مۆندیال-هیناتا میازاوا- 5 گۆڵ (ژاپۆن-یانەی فیگالتا سیندای).
*باشترین گۆڵچی – ماری ئێربس (ئینگلتەرا-مان یونایتد).
*باشترین یاریزانی لاو-سەلما پارایۆلۆ - -19 ساڵ (ئیسپانیا-بارسیلۆنا).
یاریی كۆتایی
یاریی كۆتایی رۆژی 20/8/2023 لە یاریگای ئوستورالیا كرا، 75 هەزار هاندەر ئامادەی یارییەكە بوون، ئیسپانییەكان لە دەقیقەی 29 دا ئۆلگا هارمۆنا ی یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید گۆڵی بردنەوەكەی بۆ كردن، جنیڤەر هێرمۆر لە دەقیقەی 70 دا پەالتییەكی سوتان كاتێك ماری ئێربسی گۆڵپارێزی یانەی مان یونایتد و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تۆپەكەی گرت.