سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كان، نۆیه‌م یه‌كه‌میی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كی تۆمار كرد

11:34 - 2023-08-29
وەرزش
187 جار خوێندراوەتەوە

ره‌وه‌ز ئیسماعیل


قۆناغی هۆڵه‌ندای فۆرمۆلا وه‌ن كۆتاییهات و ماكس ڤێریستاپینی هۆڵه‌ندیی و شۆفێری تیپی رێدبۆڵ وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا پله‌ی یه‌كه‌می ئه‌م قۆناغه‌شی گرت.
ڤێرستاپین له‌م قۆناغه‌دا كه‌ 13 یه‌مین قۆناغی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بوو، سه‌رجه‌م ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می تێپه‌ڕاند و توانی پێش فیرناندۆ ئه‌لۆنسۆی ئیسپانی و شۆفێری تیپی ئه‌ستۆن مارتنی دووه‌م و پیێر گاسلی شۆفێری تیپی ئالبینی سێیه‌م بكه‌وێت.
حه‌له‌به‌ی زاندفۆرت كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ی له‌خۆ گرت، گۆڕانگاری و ئاسته‌نگی زۆری تیادا دروست بوو، كه‌ش و هه‌واش له‌سه‌ر و ئه‌وانه‌وه‌ كێشه‌و گرفتی بۆ شۆفێره‌كان دروستكرد و ئۆتۆمبێلی ئه‌مان چه‌ند جارێك هاته‌ نێو پێشبڕكێیه‌كه‌وه‌، به‌ڵام دواجار كۆتاییهات و ڤێرستاپین بۆ نۆیه‌مین جاری یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك له‌م وه‌رزه‌دا پله‌ی یه‌كه‌میی گرت و چووه‌ سه‌ر پلیكانه‌ی سه‌كه‌وتنه‌كان، به‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و ریكۆرده‌ی سیباستیان ڤیتیڵی ئه‌ڵمانی تۆمار كرد كه‌ پێشتر ئه‌میش توانیبووی 9 قۆناغی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك پله‌ی یه‌كه‌میی بگرێت.
به‌هۆی خراپی كه‌ش و هه‌واوه‌ سه‌رجه‌م شۆفێره‌كان به‌ تایه‌ی (سۆفته‌) ه‌وه‌ ده‌ستیانپێكرد ته‌نیا لویس هامیڵتۆنی به‌ریتانی و شۆفێری تیپی مارسیدیس  نه‌بێت كه‌ ئه‌م به‌ تایه‌ی میدیۆم به‌شداریی كردو 6 - ه‌مینی ریزبه‌ندیی كۆتایی ئه‌م قۆناغه‌ بوو، به‌مه‌ش بۆ پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی دابه‌زی و فرناندۆ ئه‌لۆنسۆ جێگه‌ی گرته‌وه‌ و ئه‌م سێیه‌می ریزبه‌ندیی گشتییه‌.
بارانبارینی زۆریش یه‌كێكی تر بوو له‌و كێشانه‌ی رووبه‌ڕووی شۆفێره‌كان بووه‌وه‌، بۆیه‌ گۆڕینی تایه‌كان یه‌كێك بوو له‌ سه‌ریه‌شه‌كان كه‌ توشی شۆفێره‌كان بووبوو، بۆیه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شۆفێرانه‌ی تایه‌ی ئینته‌رمیدیتیان به‌ستوبوو زۆرباشتر پێشبڕكییان ده‌ركرد له‌و شۆفێرانه‌ی ئه‌م تایه‌یان نه‌به‌ستبوو.
فریستابین سه‌ره‌تا به‌ تایه‌ی سۆفت ده‌ستیپێكرد بۆیه‌ به‌ ناچاری تایه‌كانی گۆڕی به‌ تایه‌ی ئینته‌ر میدیت و ئیتر توانی ركابه‌ری سه‌رجه‌م شۆفێره‌كان بكات  به‌تایبه‌تی ئه‌لۆنس و پیێر گاسلی و له‌كۆتاییشدا یه‌كه‌م بووه‌.
دواجار و پاش ئه‌و هه‌موو باران و تایه‌ گۆڕین و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی ئه‌مان و چه‌ندجارێكیش لادانی چه‌ند شۆفێرێك له‌ رێڕه‌وی پێشبڕكێیه‌كه‌و ته‌نانه‌ت نزیكبوونه‌وه‌ی شۆفێره‌كان و ئۆتۆمبێله‌كانیان له‌ یه‌كتری كه‌ مه‌ترسی به‌ریه‌ككه‌وتنی زۆر قورس ده‌كرا، ماكس ڤێرستاپین به‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو كێشانه‌دا زاڵ بوو توانی پله‌ی یه‌كه‌می بگرێت و ریزبه‌ندیی یه‌كه‌م تا پێنجه‌م شۆفێری ئه‌م قۆناغه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بوو:
-1ماكس  ڤێرستاپین-هۆڵه‌ندا (تیپی رێدبۆڵ).
-2فێرناندۆ ئه‌لۆنسۆ-ئیسپانیا (تیپی ئاستۆن مارتن).
-3 پیێر گاسلی –فه‌ره‌نسا (ئالبین).
-4 سێرجیۆ پێرێز-مه‌كسیك (رێد بۆڵ).
-5 كارلۆس ساینز ئالابن –ئیسپانیا (فیراری).
ریزبه‌ندیی گشتی
پاش ته‌واو بوونی ئه‌م قۆناغه‌ی هۆڵه‌ندا كه‌ 13 یه‌مین قۆناغی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بوو، ریزبه‌ندیی گشتی شۆفێره‌كانی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌ی لێهات كه‌ تونیویشیانه‌ كۆی خاڵه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ سه‌رو 100 خاڵ:
-1 ماكس ڤێرستاپین (رێدبۆڵ)(339 خاڵ).
-2سێرجیۆ پێرێز(رێدبۆڵ)(201 خاڵ).
-3فرناندۆ ئه‌لۆنسۆ(ئه‌ستۆن مارتن)(168 خاڵ).
-4 لویس هامیڵتۆن(مارسیدیس)(156 خاڵ).
-5 كارلۆس ساینز ئالابن(فیراری)(102 خاڵ).
سه‌باره‌ت به‌ تیپ و كۆمپانیای دروستكردنی ئۆتۆمبێله‌كانیش یه‌كه‌م تا سێیه‌می ریزبه‌ندیی به‌مشێوه‌یه‌یه‌:
-1 رێدبۆڵ (234 خاڵ).
-2 مارسیدیس (255 خاڵ).
-3 ئاستۆن مارتن (215 خاڵ).
-4 فیراری (201 خاڵ).
-5 ماكلارین (111 خاڵ).
قۆناغه‌كانی تر
له‌ مانگی ئۆگستۆسی 2023 - دا ته‌نیا قۆناغی هۆڵه‌ندا كراوه‌، به‌ڵام مانگی داهاتوو (سێپته‌مبه‌ری 2023) سێ قۆناغی تر به‌مشێوه‌یه‌ ده‌كرێن:
*قۆناغی 14 (3/9 - ئیتاڵیا).
*قۆناغی 15 (17/9  - سه‌نگافوره‌).
*قۆناغی 16 (24/9 - ژاپۆن).

بابەتە پەیوەندیدارەکان