مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
منداڵان کاریگەرن بە هەر شتێ کە لە ژینگەی دەوروبەریان دەگوزەرێت، مادیی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، شێوازی مامەڵە و لەگەڵ ئاخاوتن و هەموو لایەنەکانی تری ژیان، دەربڕینی منداڵ دەربڕینە لەو سنور و مەودایەی توانستی مەعریفی و پێگەیشتنی هزریی و هۆشمەندییانەی پێی گەیشتووە، یان پێی کاریگەر بووە، کەواتە منداڵ دەتوانێت گوزارشت لە هەست و بۆچوون و بیرکردنەوەکانی بکات، یان یاری بە وشە و واتای وشەکان بکات و بۆ مەرامی جۆربەجۆر بەکاریان بهێنێت، بە گۆڕانکاری تەمەن و پێگەیشتنی منداڵانیش بێگومان ئەمە جیاوازە و ئاستەکەی لەمنداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر و لە تەمەنێکەوە بۆ تەمەنێکی تر دەگۆرێت، بەڵام خەیاڵ بەشێکی بنەڕەتی لە دەربڕینی منداڵان پێکدەهێنێت، یاخود دەربڕین بەو جۆرە دەکات کە لە خەیاڵیدا وێنەی هەیە و لێی تێدەگات، هەندێجار ئەوەی منداڵ دەریدەبڕێت جێگەی سەرسووڕمان و تێڕامانی گەورانە، پێدەچێت ئاستی دەربڕینی منداڵ بەهەمان قەبارە و ناوەڕۆکی گەوران نەبێت لە ژمارەی وشە و وێنە و پێکهاتەدا، بەڵام ئەوەی منداڵ دەیڵیت راستییەکی تەواوی جۆری لێکدانەوە و بینین و بیرکردنەوە و خەیاڵی خۆیەتی کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. دیارە ئەم دەربڕینەی منداڵیش هەر لەخۆوە نابێت، بەڵکو ئامادەسازیی و رێخۆشکردن و زەمینەیەکی لەباری دەوێت تا منداڵ تیایدا گوزارشت لەوەی هەیەتی بکات، بۆ ئەوەی منداڵ بتوانێ دەربڕین بە شیعر بکات و بتوانێت بیڵێت یان بینووسێت، بێگومان پێویستی بە ژینگەیەکی لەباری پێگەیاندنی زمان و دەربڕین و فەرهەنگی وشە و ژمارەی وشە و ئاستی گفتوگۆ و گوێگرتن و گوێلێگرتن و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی هەیە، پێویستی بە ئازادی دەربڕین و هێز و متمانە و بڕوابەخۆبوون هەیە، پێویستی بە پاڵپشتیکردن و هاندان و نەشکاندنەوە هەیە، هەموو ئەمانەش پێکەوە دەتوانن وا لەمندال بکەن هەر لە منداڵییەوە ئامادەسازی بۆ نووسین و دەربڕینی دروستی لا دروست ببێت.
ناتوانن بگەنە ناخی منداڵ و لێی تێبگەن
ئاشکرایە منداڵ و لێکۆڵینەوە لەمنداڵ کارێکی تاڕادەیەک ئاڵۆزە، چونکە قۆناغەکانی ژیانی منداڵ خێرا و تێهەڵکێشن، بەشێکی هۆکارەکان نادیارن، چونکە منداڵ ناتوانێت وەک پێویست وەڵامی هەموو پرسیارەکانی تایبەت بە گرفتەکانی بداتەوە و تاقیکردنەوە و توێژینەوەکانیش ناتوانن تاڕادەیەکی چەسپاو بگەنە ناخی منداڵ و لێی تێبگەن، بۆیە زۆر جار پەنا دەبەنە بەر کارلێک و کاردانەوەکانی منداڵ بۆ دەورووبەر لە ریی هونەر و وێنەکێشان و نووسین و دەربڕینە سادەکانییەوە، دەکرێت شیعر، یان ئەو نووسینەی کە منداڵ بەهۆیەوە دەیەوێت لە خۆی و لە دەورووبەرەکەی پێ بدوێت، یەکێ دەبێت لەسەرچاوە گرنگەکانی هۆکاری ناسینی منداڵ و پێ کاریگەربوونییە دەروونییەکانی و ئەوشتانەی کە گرنگیان پێدەدات و لەهزر و یادەوەری و بیرکردنەوە و خەیاڵیدا ماونەتەوە و لەڕیگەی شیعر و نووسیبنەوە دەریان دەکاتە دەرەوە، ڕەنگە لە کۆمەڵگەیەکی داخراو یاخود تێنەگەیشتوو لەتوانا سەرسووڕهێنەرەکانی منداڵ ئەم بابەتە ئەستەم بێت یان بڕواو متمانەی تەواوی لەسەر نەبێت کە کاری جدی تێدا بکرێت، بەڵام لە دنیای پێشکەوتوو گرنگی پێدەر بە منداڵ و خواستەکانی ئەمە بابەتێکی جدییە و منداڵ توانیوێتی بە شیعر گەلێ واتا و مەبەستی پڕ بایەخ و دەربڕینی دەروونی و خەیاڵی خۆی بخاتەڕوو، لەو نموونە شیعریانەی کە منداڵان خۆیان وتوویانە، یان نووسیونی، کۆمەڵە شیعرێکی هەڵبژاردەیە، کە شاعیر(لەتیف هەڵمەت) لەبەرگی یەکەمی دیوانی منداڵاندا لە زمانی عەرەبییەوە وەریگێڕاون و بۆ ئەو مەبەستەش سوودی لەچەند سەرچاوەیەک وەرگرتووە وەک کتێبی (رووبارە ونبووەکان)، (گوڵی سوور)، (گۆڤاری ثقافة الاطفال)، لەم نموونە شیعریانەدا شیوازێکی روون و دەربڕینی بوێرانە و راستگۆییەکی پڕ واتا لە ناوەڕۆکی شیعرەکاندا بەدیدەکرێت و وێنەیەکی خوێندنەوە و بیرکردنەوە و دیدی منداڵان لەناخی خۆیانەوە بۆ ژیان و دەورووبەر دەخەنە روو، شاعیر (لەتیف هەڵمەتیش) زۆر بەلێهاتووییەوە بەهەمان چێژ و وشە و دەربڕینیی جوانی منداڵانەوە و کردوونی بە کوردی، لەبەر گرنگی ئەم بابەتە و خستنەڕووی ئەو گرنگییەی کە دەبێت لەم بوارەدا کاری جدی بکرێت تا توانای دەربڕین و وتنی منداڵانمان لە شیعر و چیرۆک پەرەپێبدرێت و وابکرێت منداڵان خۆیان بنووسن و بخوێننەوە، هەندێ لەو شیعرانە و جوانی دەربڕینەکانیان دەخەینەڕوو:
ماری فرانسواز_ی تەمەن یانزدە ساڵان، لە کۆتایی شیعرەکەیدا بەناوی (نابینا) دەڵێت:
بێگومان ئێوە باوەڕتان وایە
کە دەبێ مرۆڤ دووچاوی هەبێ
دوو چاو
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
نابینا گەلێک هەن زۆر بەختەوەرن
بە سەرنجێکی وردەوە، ئەوە دەڵێت کە ئاسوودەیی لەناخی مرۆڤدایە، نەک لە بینینی دەرەوە، چاو رەنگە زۆرشت ببینێت، بەڵام ئەوەی مرۆڤ ئاسوودە دەکات تێروانینە ناوەکییەکانە نەک مادییەکانی دەرەوەی خۆی.
فۆرسای هایۆ دو_ی دوانزدە ساڵ، ئەو منداڵانەی شیعر دەنووسن بە باڵندە لێکچواندووە، کاغەزیش بە خۆراک، دەڵێت:
مامۆستا خۆی
خۆراکیان پیشکەش دەکات
ئەو منداڵانەی شیعر دەنووسن
باڵندەن
دەنییز_ی چواردە ساڵان، تابلۆیەکی نایابی نەخشاندووە، ناکۆکی خێزان، شەڕی دایک و باوک، ئاژاوە و نائاسودەیی خێزان، ئەنجام کاریگەری لەسەر منداڵ و دووچارکردنی منداڵ بە خەمۆکی و گۆشەگیری، هێندە بەوردی داڕشتووەتەوە کە مرۆڤ ناتوانێت لەخوێندنەوەیدا هەناسەیەکی قووڵ هەڵنەکێشیت و هەمان هەست بەو ئازارە نەکا کە ئەو دۆخە بەسەر منداڵدا دەهێنێت، لەشیعرەکەدا دەڵیت:
منداڵەکە بە ترسەوە گرمۆڵە بووە
ئەمە جەنگە لە نێوانی دایک و باوکدا
ئەم برینەش بەشی منداڵەکەیە
منداڵەکە گریا و مرد
جۆیل_ی سیانزدە ساڵان، لە ئازادی دەدوێت، گاڵتە بە خانووەبەردینەکان دەکات کە ریگرن لەئازادی و سەرسامە بە مانگ چونکە بە ئازادی پیاسە دەکات و هیچ رێگریەکی نییە، بەم شێوەیە لە بەشیکی شیعرەکەدا دەڵێت:
مانگ بە هەموو ئازادییەکەوە
لە ئاسۆی بێ کۆتاییدا پیاسە دەکات
چەند خۆشە مانگ هاوبەشی ژیان بکات؟
دان_ی تەمەن حەوت ساڵان، هەستی منداڵی خۆی بە روونی دەردەبڕێت، حەزی ژیان و مانەوە و بەردەوام بوون، سەرنجی هەمووان رادەکێشێ کە ئەو دەیەوێت بژی و نایەوێت بمرێت، ئەمە وەک داوایەکە بۆ مانەوە لە هەمان کاتدا هاوارێکیشە بۆ هەمووان لە منداڵ گەڕێن وەک خۆیان بژین و لە دونیای منداڵی خۆیاندا شادی ببینن:
دەمەوێت شاد بم
دەمەوێت بژیم و
مەرگ نەمڕفێنێ
بەختەوەری خۆم لە سرووشتەوە
وەرگرتووە
نامەوێت بمرم،
چوونکە هێشتا بچکۆلانەم.
ئەلێزابێت_ی حەوت ساڵان، لەخەون دەدوێت، ناوەڕۆکێکی فرە واتا هەڵدەگرێت، مرۆڤ کەلەخەو ڕابوو چەند بخەوێتەوە ناتوانێ بچێتەوە سەر هەمان خەون، وەک چۆن منداڵ چەندین خەونی جوان و ڕەنگین و بەردەوامیان هەیە، گەر ڕێگرییان لێبکرێت و تێکبدرێن زۆر ئەستەمە بەهەمان خەونەوە بژین و بەردەوام بن، ئەلیزابێت دەڵێت،
کەخەون دەبینی
خەونێکی خۆش
جێێ داخە لەخەو هەستی
ئەوەی خەونەکەی لەدەست بدات
هەرگیز ناتوانێ خەونەکەی بدۆزێتەوە.
جۆسلین_ی تەمەن حەوت ساڵان، لە شیعرێکی کورت و پوختدا، لەهۆگربوون دەدوێت، لە تەنیایی دەدوێت، لە پێویستی بەهاوەڵداری دەدوێت، زۆر واتایەکی قووڵ و فراوان لە چەند وشەیەکدا دەبینرێتەوە کە دەتوانرێت بە چەندین جۆر راڤە بکرێت، کە دەڵێت:
خۆر تووشی مانگ بوو
مانگ تووشی هەور بوو
هەور تووشی کەس نەبوو
لەبەرئەوە بڕیاریدا
لە بۆشاییدا بمێنێتەوە
بۆ ئەوەی یەکێک
بیگرێت.
ئەمانە و چەندین نموونەی تری شیعری منداڵان کە منداڵان خۆیان نووسیوویانە، لە دیوانی منداڵانی شاعیر لەتیف هەڵمەت، وردبینی و سەلیقەی باڵای هەڵبژاردن لەلایەن شاعیر (لەتیف هەڵمەت)ەوە دەگەیەنێت، لەهەمان کاتدا درککردنە بە گرنگی ئەم جۆرە شیعر و نووسینانە بۆ منداڵان، کە پێویستە ئەدەبی منداڵان بەشێکی سەرەکی و بنچینەیی بۆتەرخان بکات و منداڵان خۆیان ئاوێتەی ئەدەبەکەی خۆیان بن، نووسەربن و بنووسن نەک تەنها خوێنەر و گوێگری خوێندنەوەی ئەوانی
تر بن.
پەراوێزەکان:
1-مانگ لە نێوانی هەزار و یەک ئەستێرەدا دەنوێ، هەڵبژاردەیەک لەو شیعرانەی کە منداڵ بۆ منداڵانیان نووسیوە(2010)
2- لەتیف هەڵمەت، دیوانی منداڵان، شیعرو چیرۆک بۆ منداڵان، بەرگی یەکەم، 2020
3- الانهار الضائعة، ماری انطوانیت القس 1979
4- الوردە الحمراء، ماری انطوانیت القس 2004
5- گۆڤاری ثقافة الاطفال ژمارە 1،2