کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە رووداوەکانی خیانەتی 31ی ئاب دەکات و دەڵێت، "31ی ئاب خیانەتێکی گەورەی مێژووییە و هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت کە دەبابە بهێنرێتە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان".
ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رادیۆی دەنگی گەلی کوردستانی راگەیاند: "31ی ئاب خیانەتێکی گەورەی مێژووییە، لەو رۆژەدا خۆم بریندار بووم و تەنها لای من 80 پێشمەرگە شەهیدبوون و کەوتنە ژێر دەبابەی رژێمی بەعسەوە"، "ئەوە زۆر قورسە پێش دەبابەی بەعس بکەویت ببیتە چاوساغیان، کە لایەنێک ئەو کارەی کرد".
وتیشی "31ی ئاب کارەساتێکی زۆر ناخۆش بوو، خەڵکێکی زۆرمان شەهیدبوون، بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەوە بوو کە رژێمی بەعس لەگەڵ پارتی رێکەوتبوو ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی لە هەولێرن، رادەستی رژێمی بەعس بکرێنەوە، ئەوەش ناخۆشییەکی دیکە بوو، چونکە هەندێک هاتبوونە هەرێمی کوردستان و پشت و پەنایان هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام تەسلیمی رژێمی بەعس کرانەوە".