لاپەڕەی ئابووری
سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە داتا و ئامار، داهاتی سلێمانی و هەولێر و دهۆك دەخاتەڕوو، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات: حكومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت مانگانە تەنیا 200 ملیار دینار بۆ سلێمانی دەنێرێت و ئەمەش قەیرانەكانی لەو پارێزگایە قووڵتر كردۆتەوە.
تـەنیا (38 %)ی كۆی داهاتی نەوت
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لە بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی (كوردسات نیوز)دا رایگەیاندووە: بۆ مانگی رابردوو پارەی نەوت كە لە داهاتەوە گەڕاوەتەوە، تەنیا 200 ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی نێردراوە كە دەكاتە تـەنیا (38 %)ی كۆی داهاتی نەوت و ئەمەش وادەكات كە سلێمانی نەتوانێت كەموكوڕییەكانی چارەسەر بكات، چونكە پارەی هەموو هێزە ئەمنییەكان و خۆڵ و خاشاك و دەرمان و خواردنی نەخۆشخانەكان و خەرجی هەموو ئیدارەكان، دەبێت لە داهاتی خۆی دابینی بكات، كە لە راستیدا ئەمە نادادپەروەرییە.
راشیگەیاندووە: ماوەی شەش مانگە حكومەتی هەرێم بودجەی بۆ شاری سلێمانی نەناردووە و ئەوەشی خەرجكراوە، تەنیا لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی بووە و بەو هۆیەشەوە هیچ پڕۆژەیەك لە سنووری سلێمانی جێبەجێ نەكراوە یان ئەوەی هەیە كاری تیادا نەكراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: داهاتی گومركی ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستان، یەك تریلیۆن و 601 ملیار دینار بووە، كە لەو بڕەش تەنیا (28 %)ی بەر سنووری پارێزگای سلێمانی كەوتووە و (72 %)ی بەر پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك كەوتووە، ئەمە جگە لە داهاتی باج كە لە هەولێر و دهۆك بۆ یەك مانگ 35 ملیار دینارە، بەڵام لە سلێمانی 7.4 ملیار دینارە، واتا داهاتی باج لە هەولێر و دهۆك لە (82 %)، بەڵام لە سلێمانی (18 %)یە، هەر ئەمەش وایكردووە كە داهاتی سلێمانی بەشی پڕكردنەوەی كەموكورتییەكان نەكات.
״بە كۆمپانیایەكیش بێت دەكرێت״
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: «ئەگەر بێت و چاكسازی لە حساباتی ئیدارەی سلێمانی نەكرێت، ئەوە سلێمانی بە بەردەوامی رووبەڕووی ئەم قەیرانانە دەبێتەوە و پێویستە سەرۆكی حكومەت ئەو كێشەیە چارەسەر بكات».
عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی نەشاردۆتەوە، ئەگەر حكومەت و وەزارەتی دارایی تەنیا كاریان وەرگرتنی پارەی گەڕاوەی نەوت و دابەشكردنی بێت، ئەوا پێویست ناكات حكومەت و بەشێكی زۆری وەزارەتەكانمان هەبێت و ئەو كارە بە كۆمپانیایەكیش بێت دەكرێت.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش، رۆژنامەی (سەباح)ی چاپی عیراقی بڵاویکردەوە، هەوڵێك لە ئارادایە بۆ هەناردەكردنی بەرهەمی غازی سروشتیی هەرێم لە رێگەی ئوردن یان توركیاوە بۆ وڵاتانی جیهان، بەڵام بەهۆی ناڕازیبوونی بەرپرسانی پارێزگای سلێمانییەوە لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، پارتی فشارێكی زۆری دارایی لەسەر پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان دروستکردووە.