ئا/ دیاری سابیر
لە كۆنگرەی شەشەمی وڵاتانی كۆمەكبەخش كە دەربارەی ئایندەی سوریا و ناوچەكە لە برۆكسل-ی پایتەختی بەلژیكا بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە پێشكەشكردنی بڕی زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ بۆ گەلی سوریا و ئەو وڵاتانەی پەنابەرانی ئەو وڵاتەیان لەخۆگرتووە، لەگەڵ بەردەوامبوونی پشتیوانییەكانیان بۆ گەلی سوریا و سنووردانان بۆ كوێرەوەرییەكانی خەڵكی سوریا. هەروەك تەئكیدیانكردەوە لە یەكپارچەیی خاكی سوریا و دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی سیاسی بۆ تەنگژەی ئەو وڵاتە، كە زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوامە.
نوێنەرانی 55 وڵات
وێڕای بەشدارینەكردنی نوێنەرانی روسیا و سوریا، نوێنەرانی 55 وڵات و 22 رێكخراوی نێودەوڵەتی لە كۆنگرەكەدا بەشداربوون، لەوانە، نەتەوە یەكگرتوەكان، ویلایەتە یەكگرتووەكان، وڵاتانی یەكێتیی ئەورپا، نەرویژ، سوید و بەریتانیا، ژاپۆن، كۆمكاری وڵاتانی عەرەب و تیایدا جۆزیپ بۆریل نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی رایگەیاند: لەمساڵدا یەكێتییەكەیان بڕی یەك ملیار و 560 ملیۆن یۆرۆ پێشكەش بە پەنابەر و ئاوارەكانی سوریا دەكات. وتیشی: سەبارەت بە ساڵی داهاتوو، یەكێتیی ئەوروپا بە هەمان پارە بەشداری لە هاوكاریكردنی گەلی سوریا دەكات، ئەوەش پێویستییەكانی ئاوارە و پەنابەرانی سوریا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەكەیان دەستەبەر دەكات. هەروەها بۆ پشتیوانیكردنی وڵاتانی دراوسێی سوریاش، كە زیاتر لە 10 ساڵە ئاوارەكانیان لەخۆگرتووە.
ئەمریكا 800 ملیۆن دۆلار دەبەخشێت
لیندا تۆماس گرینفێڵد باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاندووە: ویلایەتە یەكگرتووەكان بڕی زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار پێشكەش بە خەڵكی سوریا دەكات، وەك هاوكاریی نوێی مرۆیی بۆ زیانلێكەوتوانی جەنگی وڵاتەكەیان. وتیشی: ئەو جەنگە زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوامە و خەڵكی ئاسایی سوریا بەدەست برسێتی و نەبوونی پێداویستیی پزیشكییەوە دەناڵێنن، ئەو بڕە هاوكارییەش بۆ پشتیوانیكردنی هەموو ئەو كەسانەیە كە لە هەر شوێنێكی سوریا بن.
هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەرانی سوریا لەكاتێكدایە كە بەهۆی جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیاوە، ملیۆنان ئۆكرانی ئاوارەبوون و تەنگژەیەكی گەورەی مرۆیی دروستبووە. بە وتەی باڵیۆزی ئەمریكاش لە نەتەوە یەكگرتووەكان، هاوكاریكردنی هاووڵاتیانی سوریا بەهیچ شێوەیەك كارناكاتە سەر ئەوەی واشنتۆن لە بەرامبەر ئاوارە ئۆكرانییەكان دەیكات.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان