33 پارتی سیاسی لە باكوور و خۆرئاوای سوریا داوای چەسپاندنی ناوچەی دژەفڕین دەكەن لە سنووری قەڵەمڕەوی خۆبەڕێوەبەری خۆسەری بۆ ئەوەی رێگە لە كارەساتی مرۆیی و دەربەدەریی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بگیرێت، كە توركیا بەنیازە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان تێدا بكات.
بەرەی پشتیوانیی خۆرئاوای كوردستان، لە یاداشتێكدا كە پشتگیریی 33 پارتی سیاسیی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریای لەسەرە و ئاڕاستەی رای گشتی ناوخۆیی و جیهانی دەكەن، تا (پشتگیری بۆ چەسپاندنی ناوچەی دژەفڕین) بەدەستبهێنن و رێگە لە كارەسات و ئاوارەبوون و خوێنڕشتن بگرن، بەتایبەتی كە توركیا لە ئامادەكاریی ئۆپەراسیۆنی سەربازیدایە بۆ سەر رۆژئاوا.
لە یاداشتەكەیاندا، داوا لە رای گشتی و كۆمەڵەی گەلان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەن كە پشتیوانی لە داواكاریی چەسپاندنی ناوچەی دژەفڕین بكەن بۆ دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا و هێنانەئارای ئاشتی و سەقامگیریی ئاسایش لە ناوچەكەدا.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا هاشتاگ-ی پشتیوانی چەسپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رادەگەیەنرێت.