ساڕێژکەری برینەکەی بارسا

11:16 - 2023-09-04
وەرزش
357 جار خوێندراوەتەوە

یانەی بارسیلۆنا لە دوا رۆژەكانی میركاتۆی هاوینەی ئەمساڵدا، دوو یاریزانی بەئەزموون و گرنگی هێنایە ریزەكانی، هەردوو یاریزانەكە پورتوگالین، یەكەمیان جواو كانسیلۆ لە مان سیتی و دووەمیشیان جواو فیلیگیس لە یانەی ئەتلەتیكۆوە، هەردووكیان بە خواستن هاتوونەتە ریزەكانی بارسا و  و ئەم وەرزە یاریی بۆ بارسا دەكەن.
هەردوو یاریزان بۆ یانەی بارسا گرنگن، بەڵام گرنگی كانسیلۆ لە فیلیكس زیاترە، كانسیلۆ یەكێك بوو لە داوا سەركییەكانی چاڤی هێرنادێزی راهێنەری یانەی بارسیلۆنا، ئەم یانەیە لە كاتی رۆیشتنی دانی ئالڤێسەوە تا ئێستا نەیتوانیوە جێگای ئەو یاریزانە پڕبكاتەوە، زۆرجاران و لە یارییە بەهێزەكاندا بە ناچاری ئاراوخۆی یاریزانی چەقی بەرگریی لەو شوێنەدا یاریی پێدەكرد.
بەڵام ئەمساڵ بۆ دواجار یاریزانێكی لێوەشاوەی بە توانای بۆ ئەم شوێنە دۆزییەوە كە كانسیلۆیە، ئەم یاریزانە مێژوویەكی دەوڵەمەندی یارییەكردنی لە باڵی لای راستی یارییكردن لە هێڵی بەرگرییدا هەیە، ئەمساڵ ئەگەرچی بارسیلۆنا چەند یارییەكی بەبێ ئەم یاریزانە كردووە، بەڵام دوا یاریی بارسا كەبەرامبەر ڤیاریاڵ  بو یارییەكەش لە یاریگای سیرامیكا كرا، زۆر بەئاشكرا چۆڵی ئەو شوێنە و خراپی سێرجیۆ رۆبیرتۆی تیادا دیار بوو، دوو گۆڵ بە تایبەتی گۆڵی سێیەم لەخراپی ئاستی رۆبیرتۆوە بووە.
ئێستا كە ئەم یاریزانە بۆتە یاریزانی یانەی بارسیلۆنا، چاڤی كێشەی باڵی راستی بەرگریی نەماوە، باڵی چەپ باڵدی و باڵی راست کانسیلۆ یاریی تیادا دەكات.
لەمەش گرنگتر ئیتر لەمەو دوا ناتوانێت بە سێ بەرگریكار یاریی بكات چونكە كانسیلۆ و باڵدیش هەردووكیان دوو بەرگریكاری هێرشبەرن، بۆیە لەكاتێكدا گابی  یان گۆندۆگان لەبەردەمی كانسیلۆدا یارییان كرد دەبێت زۆر بە باشی  پشتەوەی بەرگریكاران قایم بكات تا بۆشایی و رووبەری بەتاڵی تیادا درووست نەبێت.
پرۆفایلی كانسیلۆ
*ناوی تەواو:جواو پیدرۆ كافكۆ كانسیلۆ.
*لەدایكبووی 27/5/1994 باریرۆی پورتوگالە.
*یاریی بۆ ئەم یانانە كردووە (بەنفیكا، ئینتەرمیلان، یۆڤانتۆس، بایرن مونشن، مان سیتی).
*یاریی بۆ سەرجەم ئاستەكانی تەمەنی هەڵبژاردەكانی پورتوگال كردووە.
*لە مێژووی یارییكردنیدا بۆیانەكان، 29048 دەقیقە یاریی كردووە، ئەمەش لە كۆی 381 یارییدا، 18 گۆڵی كردووە، 64 ئەسیستی هەیە.
*لە لالیگادا 74 یاریی كردووە، 2 گۆڵی كردووەو 8 ئەسیستی هەیە، 81 كارتی زەردی وەرگرتووە.
*7 جار كارتی سووری وەرگرتووە، چوار جاریش دوو كارتی زەردی یەك لەسەر یەكی وەرگرتووە.
*لە باڵی راستی هێڵی بەرگریدا 16334 دەقیقە یاریی كردووە لە 201 یاریدا، 9 گۆڵیشی كردووەو 32 ئەسیستیشی هەیە.
*لەباڵی چەپیشدا 7156 دەقیقە یاریی كردووە لە 89 یارییدا، 4 گۆڵیشی كردووە و 16 ئەسیستیشی هەیە.
*لەلای راستی هێڵی ناوەندیشدا  3408 دەقیقە لە 52 یارییدا یاریی كردووە و 3 گۆڵی كردووەو 10 ئەسیستیشی هەیە.
*لە دوو یارییشدا لە چەقی هێڵی ناوەنیشدا یاریی كردووە.
*لە 3 یارییدا لەلای چەپی هێڵی ناوەند و لە یەك یارییشدا هێرشبەر بووە.
ئەم یاریزانە لە وەرزی 2020-2021 یەكەم یاریزانی خولی ئینگلیزی بووە كە:
*لە زیاتر لە 50  ركابەریی تۆپی هەوایی و بەرزدا سەركەوتوو بووە.
*زیاتر لە 50 شوتی ئاڕاستەی گۆڵی تیپی بەرامبەری كردووە.
*زیاتر لە 50 لێسەندنی سەركەوتووی كردووە.
*زیاتر لە 50 مەترسی تۆپی تیپی بەرامبەری رەتكردۆتەوە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان