هاری کەین لە بایرن چی بەچی دەکات؟

11:27 - 2023-09-04
وەرزش
230 جار خوێندراوەتەوە

عەلی کەریم


 هاری كەین-ی یاریزانی بە تواناو هێرشبەر و گۆڵكاری یانەی توتنهامی ئینگلیزی و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بە فەرمی بۆ ماوەی چوار وەرز گرێبەستی لەگەڵ یانەی بایرن منشن ئیمزاكرد، ئەم گرێبەستە گرانترین گرێبەستە لە مێژووی یانە ئەڵمانییەکە و بۆندس لیگاشدا كە بەهاكەی (100) ملیۆن یۆرۆیە.
هاری كەین لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا دوو تەحەدا لە بۆندس لیگا و چامپیۆنس لیگدا چاوەڕوانی دەکات، چاوەروانیش دەكرێت ببێتە یەكێك لە هێرشبەرە ئەستێرەكانی بۆندسلیگا لەبەر ئەوەی توانایەکی زۆری تەكنیكی هێرشبردنی هەیە لە ناوچەی سزدا. 
 
راهاتن و گونجاندن  لەگەڵ یانەی منشن
کەین سەرەتا دەبێت‌ خۆی بگونجێنێ‌ لەگەڵ یانەیەك كە پڕە لە ئەستێرە، چونکە لە یانەی توتنهام ئەستێرەی یەکەم بوو، یانە باڤارییەكەش چاوەروەانی ئاستی بەرز و تۆماركردنی زۆرترین گوڵ و رابەرایەتی سەركەوتنەكانی لێدەکات، چونكە (سادیۆ مانی) تەنها بۆ یەك وەرزیش نەیتوانی خۆی بگونجێنی و ئەزموونێكی خراپی نیشاندا.

بردنەوەی نازناوەكان
سەرەتا بردنەوەی نازناوەكان بە تایبەت چامپیونس لیگ زۆر گرنگە بۆ هاری كەین، چونكە لە ئەزموونی(13) ساڵی یاریكردنی لە یانەی تۆتنهام، هیچ نازناوێكی  وای نەبردۆتەوە كە شایانی باس بێت، كەین باش دەزانێت كە یانە باڤارییەکە لە وەرزكانی رابردوودا نازناوی بردۆتەوە و هیچ وەرزێك بە بێ‌ نازناو نەبووە، ئەمەش بۆ یاریزانە ئینگلیزكە هەلێكی باشە دەست بكات بە چنینەوەی نازناوەكان.

خۆگونجاندن لە گەڵ (تۆخێل)
گەورەترین تەحەدا كە رووبەڕووی هاری كەین دەبێتەوە، ئەبێ‌ بە زوویی لەگەڵ  پلانی هێرشبردنی تۆماس تۆخێل خۆی بگونجێنێت و جێبەجێی‌ بكا، بۆ کەین وەرزەی یەكەمیەتی و سەختە بۆی، تۆخێلیش لە نیوەی وەرزی رابردووەوە (2022 و 2023) دەست بەکار بووە و رۆژانی سەختی بەڕێکردووە و ئەیەوێ‌ لە یەكەم وەرزیدا لە رووی تەكنیكیەوە هاوسەنگ بێت، دەبێت توانای خۆی بۆ بردنەوەی نازناوە ناوخۆیی و ئەوروپییەکان لەگەڵ یانە ئەلمانییەكە بسەلمێنێت، تۆخیل دەبێ‌ بزانێ‌ چۆن كەین-ی گۆڵكار رابهێنی و چ رۆڵێكی هێرشبردنی دەداتێ تا لەگەڵ دەستپێكی خولەكان ئاستی خۆی پیشان بدات.

بۆندە گرانبهاكانی بایرن منشن 
هاری كەین، بە گرانترین گریبەست دادەنرێت لە مێژووی یانە باڤارییەکە و بۆندس لیگاشدا، تا ئێستا هیچ پارەیەكی وا زۆر بۆ واژۆكردنی هێنانی هیچ یاریزانێک خەرج نەکراوە، پێش کەین ئەم یاریزانانەی خوارەوە گرانترین یاریزانان بوون کە بایرن کڕیونی؛
-1لۆكاس هێرناندز كە لە سەروی لیستی بۆندە گرانبهاكاندایە بە بڕی (80) ملیۆن یۆرۆ  لە  ئەتلتیكۆ مەدریدیان کڕیوە.
-2 یاریزانی هۆڵەندی (ماتیاس دی لیخت) دووەم گەورەترین گرێبەستی یانەی بایرن مونشن بوو لە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵیان کڕییەوە بە بڕی (67) ملیۆن یۆرۆ.
-3بەرگریكار (كیم مین جەی) یاریزانی كۆریای باشوور لە هاوینی ئەمساڵدا لە یانەی ناپولییەوە گواسترایە بایرن بە بڕی (50) ملیۆن یۆرۆ.
-4 لیرۆی سانێی ئەڵمانی لە پلەی چوارەمدا دێت بە بەهای (49) ملیۆن یۆرۆ لە یانەی مانچستەر سیتییەوە بۆ یانە باڤارییەکە .

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان