سەرۆک کۆمار: پێویستە ھەماھەنگی نێودەوڵەتی دژ بەتیرۆر بەردەوام بێت

06:24 - 2023-09-05
عیراق
258 جار خوێندراوەتەوە


سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، پێویستە ھەماھەنگی نێودەوڵەتی لە جەنگی دژ بە تیرۆر بەردەوام بێت، لە ھەمانکاتیشدا بەپێویستی دەزانێت کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ھاوکار بن لە بونیادنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکەدا.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی چینی (شینخوا) ئاماژەی بەوەکرد، عیراق پێویستی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە، لەوانەش کۆمپانیا چینییەکان لە بوارەکانی بیناسازی، ژێرخانی ئابووری، کارەبا، ئاو، وزە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.
باسی لەوەشکردووە، پشتیوانی لە نزیکبوونەوەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی سعودیە دەکات و ستایشی رۆڵی چین و عیراقیش دەکات لەو  بوارەدا، چونکە باوەڕیوایە ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان وڵاتان باشتر خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات.
سەرۆک کۆماری عیراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، پشتیوانی لە ھەموو ئەو پڕۆژانە دەکات کە بۆ پەرەپێدانی ژینگە پێشنیازکراون، چونکە گۆڕانکارییە گەورەکانی ژینگە، کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ و نەوەکانی داھاتوو دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان