ساڵۆنی لاپەڕە نۆ

رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ كاری میدیایی

10:14 - 2023-09-07
ڕاپۆرت
507 جار خوێندراوەتەوە
شێروان عەوڵاخورشید

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 5/8/2023 لەساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆڕێك بۆ شێروان عەوڵاخورشید بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكخرا، كۆڕەكە بە ناونیشانی (رێنمایی ژمارە 1 ی ساڵی 2023 ی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان تایبەت بەكاری میدیایی لەهەرێمی كوردستان) بوو.
لە كۆڕەكەدا كە ژمارەیەك لەنوسەران و رۆشنبیران و میدیاكاران ئامادە بوون ، تێیدا شێروان عەوڵا باسی لەكاری میدیایی لەهەرێمی كوردستان كرد، بەتایبەتی باسی لە میدیای ئەلیكرتۆنی كردو ڕێنمایی وەزارەتەكەشی روونكردەوە و وتی: لەكاری راگەیاندندا بواری میدیای ئەلیكترۆنی پانتاییەكی زۆر فراوانی داگیركردووە، ئەوەش پێشتر رێكنەخرابوو، زۆرجار شتی نامۆ لەڕێگای كەناڵە تایبەتیەكانی خۆماندا بەدیدەكرا، كاتێك لایەنێك شكاتی دەكرد ئێمەش رێو شوێنمان بەرامبەری دەگرتەبەر بەبلۆك كردنی یا بە داخستنی، ئەوكات لەبەر نەبوونی رێنمایی تووشی كێشەی یاسایی دەبووین كە پێشتر زۆر بۆشاییشی تێدابوو.
ئەمەشیان بۆشایی زۆری تێدابوو
كاتێك تەلەفزیۆنێك مۆڵەتی وەردەگرت، فریكوێنسێكی پێدەدرا، لەسەر فریكوێنسی خۆی تاوەرێكی دادەنا و بەرنامەكانی خۆی پەخش دەكرد، بەڵام بەم دواییە كە ئەو سیستمە پەخشە هاتۆتە ئاراوە لەڕێگای سیستمی دیجیتاڵ و ریسیڤەری كۆمپانیاكانەوە، خەڵك كەناڵەكانی میدیا دەبینێت، ئێستا لەجیاتی ئەوەی فریكوێنسی بدرێت بە تەلەفزیۆن فریكوێنسەكە دراوە بە كۆمپانیاكانی پەخشكردن و ئەوان لەڕێگای خۆیانەوە كەناڵەكان وەردەگرن و جارێكی تر پەخشی دەكەنەوە، ئەمەشیان بۆشایی زۆری تێدابوو ، چونكە پێشووتر رێنمایەكانی ساڵی 2014 رێك نەخرابوون و بواری كۆمپانیاكانی پەخش كە سەرچاوەیەكی بنەڕەتیە بۆ رێكخستنی بواری میدیا ئێستا زیاتر لە 4 تا 5 كۆمپانیای پەخشكردنەوە هەن كە دوو دانەیان مۆڵەتی رەسمیان لەلای ئێمە هەیە.
بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە وتیشی : دەبێت بەباشی بواری فریكوێنس لەهەرێم رێكبخرێتەوە ، بۆیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی بۆ میدیای بینراو بیستراو بەكاری بێنین و بتوانین ئەو بوارەش رێكبخەینەوە، بۆیە ئەوە سەنەدێكی بنەڕەتی بوو بۆ ئەوەی ئێمە بیر لەوە بكەینەوە كە رێنماییەكی تازە دەربكەین بۆ ئەوەی بەباشی كاری پێبكرێت.
هیچ فلتەرێكی نەبوو
سەبارەت بەریكلامی بازرگانی، شێروان عەوڵا وتی: بابەتێكی تر بابەتی رێكلامی بازرگانییە كە ئێستا ئەو بوارە لەڕێگای كۆمپانیاكانی بواری راگەیاندنەوە ریكلام دروست دەكرێت و دەدرێت بەكەناڵەكانی تەلەفزیۆن و رادیۆ یا لەكەناڵەكانی ناو سۆشیال میدیا بڵاودەكرێنەوە، ئەوەش هیچ فلتەرێكی نەبوو، هەرچەندە ساڵی 2019 لەپەرلەمانی كوردستان یاساشی بۆ دەرچووبوو، بەڵام رێنمایی ئێمە ساڵی 2021 دەرچوو ئینجا ساڵی 2023 جارێكی تر پێماندانەوە تا هەندێك دەستكاری تێدا بكرێت، چونكە ئەو بوارە كێشەی زۆری تێدایە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بوارەش رێكبخەینەوە لەكاری میدیایی كە ئەوانە هەمووی بوون بە هۆی ئەوەی ئێمە بیر لەوە بكەینەوە رێنماییەكی تازە دەربكەین، بۆیە هەوڵەكانمان لەگەڵ لایەنی پەیوەنداری وەكو وەزارەتەكانی گواستنەوەو گەیاندن و ناوخۆ بەردەوام بوو تا توانیمان شتێك گەڵاڵە بكەین، دوای ئەوەی هەموویان هاوڕا بوون لەسەر خاڵەكانی، هەموومان لەسەری رێككەوتین و توانیمان ئەو رێنماییە گەڵاڵە بكەین و هەموو لایەكمان پابەندی خۆمان دووپاتكردەوە.
دەربارەی مۆڵەتی رادیۆ و تەلەفزیۆن و رایگەیاند: زۆرجار داوای مۆڵەت دەهات رێكارەكان بەو شێوازە بوون كە لەوەزارەتی رۆشنبیری دەرچووە، دەبوو رەزامەندی لایەنی ئەمنی بۆی وەربگیرێت، دوای ئەوەش جارێكی تر دەچووە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و لەوێ رەزامەندی فریكوێنسی وەردەگیرا، ئینجا وەزارەتی رۆشنبیری دەیتوانی كارەكانی ئەنجام بدات و رێكارەكان بەتەواوی لەدەست وەزارەتی رۆشنبیری نەبوو، بەڵكو تەنیا مۆڵەت بەڕەسمی لەدەست وەزارەتەكەی ئێمە بوو ، چونكە وەزارەتی ناوخۆ دەیتوانی بە وەڵام نەدانەوە ئۆتۆماتیكی كارەكە پەكبخات یا وەزارەتی گواستنەوە هەندێكجار بەڕەزامەندی نەدان یا بەوەڵام نەدانەوە دیسان ئەویش دەیتوانی كارەكە پەكبخات، بۆیە ئێمە بەڕێككەوتن كارمان لەگەڵ هەموو لایەك دەكرد لەسەر ئەوە رێككەوتین كە هەر مامەڵەیەك كە لەوەزارەتی رۆشنبیری تایبەت بەمۆڵەت ئاڕاستەی ئەو لایەنانەی كە پەیوەندیدارن دەكرێت وەكو وەزارەتەكانی ناوخۆ و گواستنەوە گەیاندن و دەستەی ژینگە یا هەر لایەنێكی تر ئەگەر وەڵامیان نەدایەوە ، ئەوكات لەماوەی 3 مانگ وەزارەتی رۆشنبیری دەیكاتە دۆسیەی كراوە كە پێموایە ئەوە دەستكەوتێكی گەورە بوو بەگشتی لەكاری میدیایی بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كێشەی مۆڵەتیان هەبوو بەتایبەتی لەهەولێرو دهۆك كە لەسلێمانیش هەندێكجار وەڵام نەدەهاتەوە، ئیتر ئەو بابەتە درایەوە دەست وەزارەتی رۆشنبیری.
كارێكی نایاساییە
ئاشكراشی كرد رێنمایی ژمارە 1 ی ساڵی 2023 بریتیە لەسێ بەش، بەشی یەكەمی تایبەتە بەمۆڵەتی رادیۆ و تەلەفزیۆن كە باشتر رێكخراوەتەوە و باس لەوە دەكات هەركەسێك بیەوێت مۆڵەت دەربهێنێت دەبێت سەرەتا داواكاریەك پێشكەش بكات و فۆڕمێك پڕ دەكرێتەوە و لەڕێگای ئەو فۆڕمەوە كە لە وەزارەتی رۆشنبیری ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێت، رێكارەكانی رێكخستنەوەی كۆمپانیاكانی پەخش تێیدا بەباشی دیاریكراوە، كۆمپانیاكە بۆی نییە لەسیستمی پەخشكردنەوە كار بكات ئەگەر هاتوو بە گرێبەستێك كارەكانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری رێكنەخستبێت، بۆیە دەبینین ئەو ریسیڤەرەی لەبازارەكاندا هەن هەر یەكێكیان ژمارەی كەناڵەكانیان جیاوازن كە هەندێكیان 200 یا 250 یا 150 یا 180 كەناڵن، ئەوەش كارێكی نایاساییە كە لەداهاتوو رێگا بەو كارە نادەین و كۆمپانیاكان تەنیا بۆیان هەیە ئەو كەناڵانە پەخش بكەن كە لەوەزارەتی رۆشنبیری مۆڵەت وەردەگرن و بۆیان نیە هیچ كەناڵێك پەخش بكەن كە لەوەزارەتی رۆشنبیری مۆڵەتی نەبێت، ئەگەر لەو كارەش بەردەوام بن، ئەوكات مۆڵەتەكەیان لێ دەسەنرێتەوەو حوكمی سزاش لەناو گرێبەستەكە دادەنرێت، جگە لەوەش ئەو ئامێرانەی لەبازاڕەكاندا دەفرۆشرێن هیچ دەسەڵاتێكی وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر نیە، بۆیە دوای جێبەجێ كردنی رێنماییەكە، كاری داهاتوومان ئەوە دەبێت كە نرخەكەی و ئەو كەناڵانەی كە لەناو ریسیڤەرەكە دادەنرێت دەبێت بەئاگاداری وەزارەتی رۆشنبیری بێت.
شێروان عەوڵا ئەوەشی ئاشكراكرد كە تائێستا هیچ كۆمپانیایەكی بواری رێكلام لەهەرێم لەوەزارەتی رۆشنبیری هەرێم موڵەتی وەرنەگرتووەو وتی : ژمارەی ئەو كۆمپانیانەش زۆرن كە خۆتان لەكەناڵەكانی راگەیاندن كارەكانیان دەبینن و زۆرجار شیعری شاعیرە كانمان یا گۆرانییە كانمان دەشێوێنن و هەندێك جاریش ناوزراندن و سوكایەتی تێدادەكەن، بەڵام بەپێی ئەو رێنماییە ئەو  كۆمپانیانەش دەخەینە ناو ئەو سیستمەوەو پێویستە مۆڵەتی كاركردن وەربگرن بەپێی ئەو رێنماییانەی بۆیان دیاریكراوە كە چ شتێك دەكەن بەڕێكلام ، جگە لەوەش مۆڵەتەكانی رادیۆ و تەلەفزیۆن ئاسان كراونەوەو رێگاكانی وەرگرتنیان كورتتر كراوەتەوە و وەكو جاران نەماوە و ئەو رسوماتانەشی كە باس دەكرێن زیاد كراون وانییە، بەپێچەوانەوە هی تەلەفزیۆن و رادیۆش بەگشتی كەمكراونەتەوە بەپێی رێنمایی پێشوو رسوماتی زیادەی تێدانیە.

    ئامادەبووانی کۆڕەکە

بابەتە پەیوەندیدارەکان